بەیاننامە
هاونیشتمانیانی کوردستان،
#کۆمەڵەی دەواری سەربەخۆ# ڕێکخراوێکی ناحکومیی خۆبەخشە، بە دید و بۆچوون و پێشنیاری ئەندامانی کار دەکات و بەرنامەی سیاسیی خۆی هەیە بۆ کۆمەڵگە، لەم سۆنگەیەوە بە پێویستی دەزانێت کە هەڵویستی خۆی لە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی کوردی، لە ماوەی بیستوشەش ساڵی ڕابردوودا بخاتە ڕوو، کە بە بەردەوامی کۆمەڵگەی ئێمەی ڕووبەڕووی شکستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووی کردووەتەوە، شکستێک کە دوا نموونەی ئەم هەلومەرجە شەرمەزارکارەیە کە ئێستە تێیدا دەژیین و دەسەڵات بە هەموو جمگەکانیەوە، هیچ ڕەوایەتییەکی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقیی نەماوە..
هەموان دەزانین کە ئەم ئەزموونە سیخناخە بە ستەم و نایەکسانیی چینایەتی و ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و پێشێلکاریی گەورە و ئینسانی ئێمەی لە مرۆڤێکی خاوەن کەرامەتەوە گۆڕیوە بۆ بوونەوەرێکی ناسیاسی کە تەنیا چاوەڕوانیی ئەو، قووتی ڕۆژانەی بێت.
هەر لەم هەلومەرجەشدا کە دەسەڵات و ئەزموونی کوردی خولقاندوویەتی، ئەو بزووتنەوانەی کە بە جۆرێک دژ و نەیاری ئەم دەسەڵاتە بوون و بەرەنگاری بوونەتەوە و ویستوویانە لە نێویەوە چاکسازی بکەن، لەبەر گەلێک هۆکاری وەک زەبروزەنگی دەسەڵات، فریوی گوتاری ناسیۆنالسیتی و ئایینی، میانڕەوی و لە دواییشدا بەهۆی تێنەگەیشتنەوە لە ڕیشەی ڕاستەقینەی کیشەکان، وێرای نییەتی باش و زۆر جار چاکەخوازانەشیان، کەوتوونەتە ژێر هەژموونیی گوتار و ساختەکارییەکانی دەسەڵاتەوە و بە بنبەست گەیشتوون.
لە وەها دۆخێکدا، #کۆدەست# گۆڕانکاریی ڕیشەیی بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر دەزانێت و هەر چەشنە هەوڵێک بۆ چاکسازی لەم دەسەڵاتەدا، دووبارەکردنەوەی ڕابردووە. گۆڕان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنیا بە سیاسەتێک دەکرێت کە ڕیشەکان بکات بە ئامانج، نەک ڕووکارەکان، سیاسەتێک کە چاوی لە کەرامەت و سەروەریی مرۆڤ بڕیبێت، چاوی لە گۆڕانێک بڕیبێت کە پێش هەموو شتێک، ڕووی لە گێڕانەوەی ئیرادەی ژیانی بەهادار و خۆسەری و تێپەڕاندنی وەهمەکانی ڕابردوو دەبێت.
هەر بۆیە بانگی گەلانی ئازادیخواز و تێنووی ڕزگاریی کوردستان، ژنان، لاوان و هەموو ئەوانە دەکات کە هیچ کات ژیانی بندەستیتان قبووڵ نەکردووە و نایکەن، لەم وەختەدا زیاد لە هەر کاتێک هەموان پێکەوە و بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی ئینسانی و بەهادار و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و یەکسانیخواز یەکبگرین و بنچینەی پەیمان و ژیانێکی سیاسیی نوێ دابمەزرێنین.
دیارە و هەموان دەزانین دامەزراندنی ئەم پەیمان و ژیانە نوێیە ئاسان نییە و خەبات و بەرەنگاریی سەخت و فرەجۆر و فرەشێوەی پێویستە و کۆدەستیی دەوێت، بەڵام بڕواشمان وەهایە کە هێزی خەڵک پشتئەستوور بە بەها گەردوونی و هەمەگیرەکان، کە خۆی ڕێکبخات و یەکبگرێت، لە هەموو دەسەڵاتێک بەهێزترە، هەربۆیە لە بڕوای تەواومانەوە بە هێزی گەورەی خەڵک، ئێمە وەک کۆمەڵەی دەواری سەربەخۆ، هاوکات دداننان بە فرەڕەهەندی و فرەجۆرەیی بەرەنگاری و سیاسەتی ڕزگاریدا، داواکارین هەموان هێز و تواناکانی خۆمان لە کۆمەڵەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەمەگیر و ڕیشەیی وەک کۆمەڵەی دەواری سەربەخۆدا، بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان یەکبخەین، ئەم بانگەوازەی کۆمەڵەی دەواری سەربەخۆ، بانگەوازێکە بۆ یەکگرتنی هەموو ئەوانەی لەم دەسەڵاتە نائومێدن و بۆ بەدیهێنانی ژیان و کۆمەڵگەیەکی نوێ تێدەکۆشن و هەوڵی ئەوە دەدەن کە بە دید و ڕوئیا و بەهای مرۆیی و ئاکتی شێلگیرانەوە، سنوورێک بۆ شکست و نابەرپرسیارێتیی مێژوویی و گەندەڵیی سەراپاگیری ئەم ئەزموونە دابنێن و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرەسی گەورەی ئەم ئەزموونە و داهۆڵە شڕەکەی، کە ناوی حکومەتی هەرێمە لە خۆڕێکخستن و ئامادەییدا بن.
کۆدەست
#18-12-2017#