قەسەدە ڕایگەیاند: لەماوەی 23 ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر #عەفرین#دا، 180 هاوڵاتی شەهیدبوون و 413 هاوڵاتیش برینداربوون، هەروەها 862 سەرباز و چەتەی سوپای تورکیش کوژراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، بە ڕاگەیەندراوێک، ئاماری شەڕی 23 ڕۆژی ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە بەمشێوەیە:
هێرشی سوپای تورک و گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، لە کاتژمێر 05:00 ی ئێوارەی ڕۆژی 20ی کانوونی دووەم دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆ 12ی شوبات بەبێ ڕاوەستان بەردەوامە، ئەنجامی شەڕەکان هەتا ئەمڕۆ بەمشێوەیە:
1 دوژمن بە چەکی قورس و فڕۆکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 180هاوڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵن شەهیدبوون، ناوی سەرجەم شەهیدان لە نەخۆشخانە تۆمار کراوە.
2 لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، 413 هاوڵاتی برینداربوون و ناوی هەموو بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەکاندا تۆمارکراوە.
3 لە بەرخۆدانی قارەمانانە و شەڕی دەستەویەخەی شەڕڤانانی ئێمە لە دژی هێرشکاراندا 98 شەڕڤان شەهیدبوون و سەرجەم شەهیدان بەمەراسیمی سەربازیی بەخاک سپێردراون.
4 لەو شەڕ و چالاکییەکانی هێزەکانماندا 862 سەربازی سوپای تورک و چەتەی گروپە تیرۆریستە جیهادییەکان کوژراون، ئەم ڕێژەیەش هێزەکانمان لێی دڵنیابوونەتەوە.
5 دەوڵەتی تورکی داگیرکەر 668 جار هێرشی ئاسمانیی بە فڕۆکەی جەنگیی ئەنجامداوە و ناوچەی نیشتەجێبوونی بەشێوەیەکی هەرەمەکیی بۆردوومانکردووە و لە ئەنجامدا خانوو، وێستگەی ئاوی خواردنەوە، خوێندنگە و شوێنی بەخێوکردنی مریشک خاپووربوون.
6 هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک 16 جار هێرشیان ئەنجامداوە و لەو هێرشانەشدا ناوچەی مەدەنیی و خانووی هاوڵاتیان بە ئامانج گیراون.
7 دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، دوو هەزار و 645 جار بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و تانک، تۆپبارانی ناوچەکانی کانتۆنی عەفرینیان تۆپباران کردووە.
8 هێزەکانی ئێمە 409 جار لەگەڵ دوژمن کەوتوونەتە شەڕەوە کە ئەنجامەکانی ئاشکرابووە، ئەنجامی 108 ڕووبەڕووبوونەوەش نەزانراوە.
9 هێزەکانی ئێمە 2 هێلیکۆپتەری سوپای تورکیان خستووەتە خوارەوە، کە یەکێکیان لە جۆری کۆبرا و ئەوەی تریشیان سیکۆرسکی تایبەت بە گواستنەوەی سەرباز بووە، لە هەردوو هێلیکۆپتەرەکەدا 11 سەربازی تورک کە پلەداریشیان تێدایە کوژراون، هەروەها هێزەکانی ئێمە فڕۆکەیەکی سیخوڕیی جۆری 'درۆن' و فڕۆکەیەکی جۆری 'بەیرەقدار'یان خستووەتە خوارەوە، ئەو فڕۆکە بەیرەقدارە هەمان فڕۆکەیە کە ئەردۆغان لە وێنەیەکدا واژۆی لەسەر کردبوو.
10 هێزەکانی ئێمە 51 ئامێری سەربازیی وەکو تانک، زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاندووە و گورزیان لە 15 تانک و زرێپۆشی دیکەش وەشاندووە.[1]
#12-02-2018#