لە #عەفرین#ی داگیرکراودا دایکێک، کە بە دوای کچە تەمەن 14 ساڵەکەیدا دەگەڕێت وتی، هێزەکانی تورکیا دەیان منداڵیان بە بارمتەگرتووە و دەستدرێژییان کردوونەتەسەر.
دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە عەفرین بەرامبەر بە منداڵانی کچ تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن. دایکێک کە بە دوای کچە تەمەن 14 ساڵەکەیدا دەگەڕا، دڕندەیی سوپای تورکیا و چەتەکانی بەرامبەر بە کچان و ژنانی عەفرین ئاشکرا دەکات و وتی ئەوەی لە شەنگال کراوە، لێرەش دەکرێت. دەبێت جیهان ئەو ڕیسوای و سووکییە ڕابگرێت.
هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی، کە پێکهاتوون لە داعش و قاعیدە، بۆ سەر عەفرین لە مانگی سێهەمدایە. هێرش و چۆڵکردنی ناوچەکە لە کورد و دواتر داگیرکردن و سڕینەوە بەوپەڕی دڕندەییەوە درێژەی هەیە. هەر ڕۆژەو تاوانێکی تری شەڕ ئەنجام دەدەن. داگیرکەرانی تورک و چەتەکانیان شوێنپێی کورد دەسڕنەوە، ماڵی هاووڵاتیان تاڵان دەکەن و خەڵک لە کۆڵانەکان دەکوژن و پەلاماری ژنان دەدەن. هەر چۆن کە لەوە پێش لە شەنگال ژنانیان دیلکرد و بە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو دەستدرێژییان دەکردنە سەر، ئێستاش هێزی تورکیا هەمان شت لە عەفرین دووبارە دەکاتەوە.
$رفاندن، دیلکردن و دەستدرێژی$
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست گەیشتوون، هێزەکانی تورک لە 18ی ئازاردا شارەکەیان داگیرکرد و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر کچی منداڵ و ژنیان ڕفاندووە. ئەو کچ و ژنانەی کە دیلیانکردوون، بردوونیان بۆ ماڵەکانی کۆڵانی ولیات لە ناوەندی شارەکە و لەوێش سەربازانی تورک بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو، هێرشی زایەندیان لە دژیان ئەنجام دەدەن.
$شایەتحاڵەکان پشتڕاستی دەکەنەوە$
هاووڵاتییەک لە گەڕەکی مەحمودیەی عەفرین، کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناوەکەی بڵاو ناکەینەوە، وتی لەو ڕۆژەوە هاتوونەتە شارەکە هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانمان و هەموو شتەکانمان تاڵان دەکەن. زێڕ و هەموو کەلوپەلەکانی تریان کۆکردەوە و خستیانە ناو بارهەڵگرێک و بردیان. دواتر کۆڵان بە کوڵان گەڕان و ئەو مرۆڤانەی لە شارەکەدا مابوونەوە، کۆیان کردنەوە. پیاوەکانیان برد بۆ شوێنێک و ژنەکانیشیان برد بۆ شوێنێکی تر. هاواری ژنەکانمان دەبیست. نازانم چییان لێدەکردن. ئێمەی پیاوەکانیان ئەشکەنجە کرد و وتیان ئێوە یارمەتیی تیرۆریستان دەدەن. ئێمەش دەست دەگرین بەسەر ماڵ و موڵک و ژنەکانتاندا.
$تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون$
ئەو هاووڵاتییە وتیشی بۆ ماوەی 2 ڕۆژ خواردن و ئاویان پێنەداین و ئێمەیان بە برسێتی و تینوێتی ڕاگرت و دوای ئەوە ئازادیان کردین، بەڵام تاوەکو ئێستا کچانی تەمەن منداڵ و ژنەکانیان ئازاد نەکردووە. ئەوانیان بردووە بۆ شوێنێکی تر. ئێمە نازانین ئەوانیان بۆ کوێ بردووە. لە ناو ئەو کچە منداڵانەدا، کە بردونیان کچانی خزمی منیشی تێدایە، کە تەمەنیان لە 14 بۆ 15 ساڵ دەبێت.
$کاتێک بە دوای کچەکەیدا دەگەڕا بۆی دەرکەوت$
ئەو شایەتحاڵە وتیشی 2 کەس بە ناوەکانی (ف,ه) و (ه.ا)، لە 22ی ئازارەوە هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نییە. دایکی (ه.ا) بە تەلەفون پێی وتین، بۆ ئەوەی کچەکەم ببینم چەندین ڕۆژە بە نهێنی هەوڵ دەدەم و لەو هەوڵدانەشدا چەندین خێزانی ترم ناسی، کە ئەوانیش هیچ زانیارییەکیان لەسەر منداڵەکانیان نییە.
ئەو دایکە وتیشی ژنان ناتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی شوێنپێی کچەکانمان بدۆزینەوە، عەبامان لەبەر کرد و دەستمان بە گەڕان بە دوای کچەکانماندا کرد. کاتێک بە دوای کچەکەمدا دەگەڕام، ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە ژمارەیەکی زۆر کچی تریش بێسەروشوێنن. تەنها من ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، کە 15 کچ بێسەروشوێنن و ئەو کچانەش تەمەنیان لە نێوان 14 – 20 ساڵدایە. ئەوانە تەنها ئەو کچانەن، کە لە گەڕەکەی ئێمەدا دیار نەماون.
$هەمان کردەوەکانی داعشە لە شەنگال$
بەپێی زانیارییەکان، بنەماڵەیەکی عەرەب، کە پەیوەندییەکی گەرم و باشیان لەگەڵ سەربازانی تورک و چەتەکاندا هەیە بەو دایکەیان وتوە، کچ و ژنە ڕفێنراوەکان لە خانووەکانی گەڕەکی ولیات ڕاگیراون و ئەوەشی وت منداڵەکانمان لەوێ ڕاگیراون. هەموو ماڵەکانی ئەو ناوچەیەیان بۆخۆیان داگیرکردووە و ڕێگا نادەن کەس لەو خانوانە نزیک بێتەوە. ئەوەی داعش لە شەنگال کردوویەتی ئێستا لێرە ئەنجامی دەدەن. منداڵەکانمانیان دیلکردووە و چەتەکان دەستدرێژییان دەکەنە سەر. دەبێت جیهان بەر لەو ئابڕوچوون و سوکییە بگرێت.
$هەڵدەکوتنە سەر گەڕەکەکان و کۆیان دەکەنەوە$
هاووڵاتییەکی عەرەبیش باس لە تاوانی جەنگی سوپای تورک و چەتەکانی دەکات و زانیارییەکانی ئەو شایەتحاڵە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت سەرچەتەیەکی لیوای حەمزەی سەر بە تورکەکان، کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێت و کچە جوانەکان کۆدەکاتەوە. دواتر ئەو کچانە دەبەنە خانووەکانی ولیات و لەوێ دەیان دەن بە ئەفسەرە تورکەکان و ئەندام و سەرچەتەکان.[1]
#31-03-2018#