بەناوی خودای گەورە
ئێمە وەکو دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەشاری #هەولێر#، لە بەرواری 24/3/2018 وەک دەستەیەکی سەربەخۆ و خۆڕسک لە پێناو کۆمەڵێک ماف و ئامانجی مامۆستایان و فەرمانبەران خۆمان ڕاگەیاند و چەندین داواکاریمان خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە پێناو نەهێشتنی ناسیستەمی پاشەکەوتی مووچە و چاککردنی ڕەوشی پەروەردە و گێڕانەوەی شکۆ بۆ کەسایەتی مامۆستا، خۆشبەختانە بە هاوکاری ئازایەتی و چاونەترسی و بوێری مامۆستایان و فەرمانبەران توانیمان لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بایکۆتی دەوامکردن ڕابگەیەنین و گردبوونەوە و چالاکی مەدەنی ئەنجام بدەین. ئەو چالاکیانە جگە لەمامۆستایان خۆیان هیچ کەس و لایەنێک خاوەنی نەبووە و ناشبێت، دڵنیاشتان دەکەینە کە ئێمە جگە لە خزمەتکردن بە داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران ناچینە ژێر باری سیاسەتی هیچ کەس و لایەنێک، دژی هیچ لایەن و بنەماڵەیەک نین و داوای ڕوخان و ئیرحەل لە هیچ حزب و حکومەتێک ناکەین، تەنها و تەنها کارەکانمان بۆ ئامانجی پیشەیی و بەشێوازی مەدەنی ئەنجام دەدەین، هەربۆیە سوپاسی تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین و ئەوان هۆکاری ئەو سەرکەوتنە بوون و تاماوین قەرزاریانین. هەروەها بەهۆی ڕاگەیاندنی گۆڕانکاری لە ڕێژەی پاشەکەوتی مووچە پێمان باش بوو هەڵوێستی خۆمان لەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕابگەیەنین.
1_ پێمان وایە ئەو هەنگاوەی حکومەت لە ڕاگەیاندنی دەستکاری کردنی ڕێژەی پاشەکەوتی مووچە هەنگاوێکی باشە لەم قۆناغەدا، هەوڵبدرێت لە قۆناغی داهاتوودا کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو پاشەکەوتە بکرێت، بۆیە بە شێوەیەکی کاتی بایکۆتی خوێندن لەشاری هەولێر هەڵدەپەسێرین و داوا لە مامۆستایان دەکەین ڕۆژی یەکشەممە دەست بە دەوامی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
2_ ئێمە گومانمان لە ئەگەر و بەڵێنەکانی حکومەت هەیە لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی، بۆیە ئێمە چاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکە دەکەین و لەفشار و هەڵوێستی مەدەنیانەی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو ڕۆژەی تەواوی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت.
3_داوا لە حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان دەکەین، ڕەوشەکە ئاسایی بکەنەوە و تەواوی زیندانیان ئازادبکرێن و ڕێگا بە دوورخراوەکان بدرێت بگەرێنەوە شار و لە داهاتووش هەموو سزایەکی ئیداری و دەستگیرکردنێک بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە.
4_ داوا دەکەین لە ڕێگای پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بە ڕێکاری یاسایی کاربکرێت بۆ گێرانەوەی ئەو پارە پاشەکەوتکراوەی لای حکومەت بۆ مووچەخۆران، لەڕێگای ئەوەی پەرلەمان بەزووترین کات یاسای چاکسازی بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی پەسند بکات تاکو قۆناغی دووەمی نەهێشتنی پاشەکەوت جێبەجێبکرێت حکومەت بیانووی نەمێنێ
5_ داوادەکەین حکومەت بە شێوەیەکی چەسپاو بۆ هەروەزارەتێک ڕۆژێک دیاری بکات بۆ وەرگرتنی مووچە، بە مەرجێک لە سی ڕۆژ تێنەپەڕێ. تاوەکو مووچەخۆران لە دڵەڕاوکێ و قەلەقی ڕزگاریان بێت.
6_ حکومەت و وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگ بێت لەگەڵ دەستەی مامۆستایان و کەسانی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە، تاوەکو کاربکرێت لەسەر چاککردنی کەرتی پەروەردە و بەرزڕاگرتنی کەسایەتی مامۆستا.
7_داوا دەکەین وەزارەتی پەروەردە کاربکات لەسەر بەهه میشه یی کردن و دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست.
لە کۆتایی دا سوپاسی دەزگاکانی پۆلیس بەگشتی و پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان بەتایبەتی دەکەین کە لەماوەی ئەو هەفتە چالاکیەی دەستەکەمان هاوکارمان بوون لە پاراستنی گیانی مامۆستایان و بارودۆخی شارەکە، ئیدانەی ئەو دەستدرێژیانە دەکەین کەلەلایەن کەسانی نابەرپرس و دەرچوو لەیاسا کرانە سەر مامۆستا و فەرمانبەران،داواکارین لەرێگای سکاڵای داواکاری گشتی سزابدرێن. هەروەها سوپاسی سەرجەم ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوە مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە پشتگیریان کردین و وەک میوان پابەندی بەرنامەکانی ئێمە بوون، لەهەمان کاتدا ڕەخنەی خۆمان ئاراستەی هەندێ کەس و لایەن دەکەین کە بۆ مەبەستی شەخسی و سیاسی تێکەڵ بەگردبوونەوەکەی ئێمە بوون بوونە هۆکاری شیواندنی ڕەوشەکە و زامداربوونی چەندین مامۆستا.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەشاری هەولێر
#31-03-2018#