ئەمساڵ گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، #نەورۆز#ی بەرخۆدانی سەردەمیان پیرۆز کرد. پەیامی گەلی ڕۆژهەڵات لە نەورۆزدا ناوەرۆکی نەورۆزی بەرجەستە کرد. جارێکی تر ئەوەی دووپات کردەوە کە نەورۆز بەرخۆدانە دژی ژێردەستەیی و چەوساندنەوەو نادادپەروەریی. ئەمەش ئەو ڕاستیەیە کە میژووی نەورۆز لە لاپەڕەکانی خۆیدا نەخشاندوویەتی. هەر لەو سۆنگەیەوەیە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە هەوڵیان داوە ڕێ لە یادکردنەوە و پیرۆزکردنی نەورۆز بگرن، یان لە ناوەرۆکە ڕاستینەکەی خۆی بەتاڵی بکەنەوە.
کاتێک خەڵکی کوردستان لە نەورۆزدا ئەو گڕی ئازادییەی لە ناخیاندا کڵپە ئەکات، ئەیهێنێتە دەرەوەو ئەبێتە ئاگری نەورۆز، ئیدی ڕژێمە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکان ئۆقرەیان لەبەر ئەبڕێت و ئەکەونە پەلاماردانی خەڵک. ئەمساڵیش جارێکی تر ڕژێمەکانی ئێران و تورکیا ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە. جارێکی تریش شارو شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە بەر هێرش و هەڕەشەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم. لە چەندین شوێن ڕێگری لە پیرۆزکردنی نەورۆز کرا، ڕێی ئاگرکردنەوە لە خەڵک گیرا، بێڕیزی بە زۆرکەس کرا. لەوەش زیاتر کەوتنە پەلاماردانی خەڵک و چەندین کەس دەستبەسەر کران کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
لە تورکیاش بە هەمانشێوە. حکومەتی فاشیستی ئاکەپەو دەوڵەتی تورکیا لە زۆر شوێن هێرشیان کردە سەر خەڵک و چەندین کەسیان دەستبەسەر کرد. بەڵام هەرگیز نەیانتوانی گڕ و بڵێسەی نەورۆز لە ناخی گەلی کوردستاندا خامۆش بکەن.
ئەوان پێیان وابوو بە هێرش کردنە سەر کەرکووک و عەفرین، ئیتر کوردستانیان نەورۆزیش پیرۆز ناکەن، کەچی کوردان نەورۆزی بەرخۆدانی عەفرینیان کردە مەشخەڵی نوێی تێکوشان و بەرپەچدانەوەی هێرش و داگیرکەرییەکان.
دە با ئیتر پەیامی نەورۆز لە هەرچوارلای وڵاتەوە ببێتە پەیامی یەکڕیزی و تەبایی ڕیزەکانی گەلی کورد. با ببێتە بنەمایەکی دی بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی. با ببێتە پەنجەرەی ڕوانین بەسەر داهاتووماندا، لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەرفراو دادپەروەردا.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی تر نەورۆز لە تەواوی گەلی کوردستان، بەتایبەتیش گەلی ڕۆژهەڵات و باکور کە لەژێر زەبری هێرشەکانیشدا، سەربەرزانە نەورۆزیان پیرۆز کرد و ملیان بۆ داگیرکاران دانەنەواند. پیرزۆز ئەکات.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک.ن.ک
#25-03-2018# برۆکسل