راگەیاندراوێک لە فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە
هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیران سیستەمی نوێی دابەشکردنی مووچەی پەسەند کرد. ئەم شێوازە نوێیە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە و ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی وێڕای دەربرینی ڕێز و ستایشمان بەرامبەر بە مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێم، پشتیوانی لەم هەنگاوە گرنگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
هاوکات، داواکارین کە پاشەکەوتی مووچە بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت و بە زووترین کات حکومەت کاری پێویست بکات بۆ ئەوەی باری هاوڵاتیان بە گشت چین و توێژەوە، بگاتە باشترین ئاستی خۆی. بۆ بە دیهێنانی ئەم ئامانجەش، وەکو فراکسیۆن، ئامادەیی تەواو بۆ پشتگیریکردن لە حکومەت و دام و دەزگاکانی ڕادەگەیێنین.
وەکو پرەنسیپێکی جێگیر، ئێمە هەمیشە پشتگیری لە پرۆسەی چاکسازی ڕاستەقینە و بە دامەزراوەکردنی هەرێمی کوردستان دەکەین. هەر بۆیە لێرەدا وەکو فراکسیۆنی پارتی، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە بە زووترین کات کاری پێویست بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان بکرێت و هەرچی زووە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچه و دەرماڵه و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان پەسند بکرێت. بە پەسەند کردنی ئەم یاسایە هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەیەک نزیک دەبینەوە کە کۆتایی بەم قەیرانە دەهێنێت کە لەم ماوەیەدا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
#31-03-2018#