دەقی ڕاگەیێندراوی جڤاتی نیشتمانیی #بزووتنەوەی گۆڕان#
ئەمڕۆ 26-5-2018 جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی کوردستان و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ساختەکارییە ڕێکخرا و لە ڕادەبەدەرەکەی پارتی و یەکێتی تاووتوێکران.
جڤاتی نیشتمانیی سوپاسی هاووڵاتییانی کوردستان دەکات کە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاو و دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات کە ماندوونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان کرد.
کۆبوونەوەکە بڕیاریدا بە:
یەکەم: ئیدانەکردنی ئەو ساختەکارییە ڕێکخراوەی یەکێتی و پارتی کە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاووڵاتی کوردستانیان دزی و سەرەتاییترین مافی هاووڵاتییانی کوردستانیان پێشێلکرد. جارێکی دیکە سەلماندیان کە لەپێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان سڵ لە هیچ ڕەفتارێک ناکەنەوە. بەڵام بەو ڕەفتارەیان هاوڵاتیانی کوردستانیان ڕق ئەستورتر کرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شکسخواردوو و خۆسەپێنە.
دوەم: تووندی ئیدانەکردنی پەلامارە ترسنۆکانەکەی چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە ئێوارەی 12-5 دا کردیانە سەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.
سێیەم: ڕەتکردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لە هەمانکاتدا چاوەڕێی ڕێکارە یاساییەکان و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانین بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی کەرکووک و موسڵ، یان ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان و گێڕانەوەی دەنگە ڕاستەقینەکانی هاووڵاتییانی کوردستان. بەپێچەوانەوە هەموو بژاردەیەک لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی کوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێز و لایەنە کوردستانییە نیشتمانییەکان دەکەین بەرەیەکی فراوان دروستبکەن بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان.
هاووڵاتییانی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان بڕوای بەو ڕاستییەیە کە ئیرادەی گەلەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتو بوو ەو ئەو ساختەکارییەی پارتی و یەکێتی، باشترین بەڵگەیە کە ئەو ڕەفتارەیان لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسی و جەماوەرییانەوەیە.
دوابەدوای هەوڵەکانی گۆڕان و هێزە کوردستانییەکانی تر بۆ ساخکردنەوەی دەنگەکانی هاووڵاتییان چەندین هێز و لایەنی سیاسی عیراقی و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەن لە ساختەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە هەنگاوێکی ئەرێنی و دانپێدانانە بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە کۆتاییدا داوا لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکەین بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادەبکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 3-9ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێ. ئەمەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و سیستمی حوکمڕانی و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی پارتی و یەکێتی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان سەنگی مەحەک دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاری و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان
#26-05-2018#