ئەنجومەنی ژنانی سوریا ئاشکرای دەکات، کە 119 ژن لە #عەفرین# لەلایەن چەتەکانی سەربە سوپای تورکەوە ڕفێندراون.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە هۆڵی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی تەڤ-دەم لە شاری قامیشلۆ-ی ڕۆژئاوای کوردستان، لینا بەرەکات، کۆردینەتۆری گشتیی ئەنجومەنی ژنانی سوریا ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکەی لەبارەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە کانتۆنی عەفرین خوێندەوە.
لە دەستپێکی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە کاروباری ناوخۆی سوریا لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریادا کرا و هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان بۆ پێکهێنانی ئیمپراتورییەتی عوسمانییەکان خرایەڕوو.
لە بەردەوامیدا ڕاگەیەندرا: سوپای تورک لە 20ی 1ی ئەمساڵ هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی کردە سەر عەفرین و یەک ملیۆن هاوڵاتیی سوریای پەرێشان کرد، لەو هێرشەدا هاوڵاتیان و تەنانەت گۆڕی مردووەکانیشی کردە ئامانج.
هەروەها باس لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین کرا و ڕاگەیەندرا: سوپای تورک بە ئاوارەکردنی خەڵکی عەفرین و ڕەوانەکردن و جێگرکردنی خانەوادەی چەتەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای دەدات، تا ئێستا نزیک بە شەش هەزار کەس لەوانەی لە غوتەی ڕۆژهەڵات هەڵهاتوون، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە عەفرین جێگرکراون، دەوڵەتی تورک بەنیازە عەفرین بکاتە ناوەندێک بۆ چەتەکان و تیرۆریستەکان و بۆ ئەوەش هاوڵاتیانی عەفرین لە شوێنی ژیانیان ئاوارەدەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ژمارەیەک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین خراوەتە ڕوو، کە هەندێکیان بریتین لە: زۆرداریی ئیتنیکی، کۆمەڵکوژیی، دەستدرێژیی بۆسەر مافەکانی ژنان، دادگاییکردنی دەرەوەی یاسا، بێڕێزییکردن بە تەرمی شەهیدان، تاڵانکردن و دەست بەسەرداگرتن، ڕووخاندن و تەقاندنەوەی پەرستگەکان، ڕفاندنی منداڵەکان، بەکارهێنانی چەکی قەدەغە، تۆپبارانکردنی کاروانی هاوڵاتیان و هتد...
هەروەها باس لە پێشێلکارییەکانی چەتەکانی سەربە تورکیا لەدژی ژنان کراوە و تێیدا هاتووە: لە هێرشی سەر عەفرین-دا ژنانێکی زۆر بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە، کە لەوان دەکرێت ئاماژە بە کوشتن، دەستدرێژییکردن و بازرگانییکردن بە ژنان بدرێت، لە سەرەتای داگیرکرنی عەفرینەوە بۆ ئێستا 119 ژن ڕفێندراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوکەدا بانگەوازیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکانی مرۆڤ بجووڵێتەوە لەبەرمبەر ئەو دۆخەی تورکیا بەسەر عەفریندا سەپاندوویەتی بەهەڵوسشت بێت.[1]
#27-05-2018#