دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بە دروشمی ڕێگەی مەرگ بۆ ژیان ناچارییە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی حوزەیرانی 2018، فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی بۆ سێهەمین ساڵ لە کافێ نێتی ئەمنەسوورەکە لە سلێمانی یادی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانی بەرزڕاگرت، سەرۆکی فیدراسیۆنەکەش ئاشکرایکرد لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی #داعش# تا ئێستا زیاتر لە 550 هەزار هاوڵاتی عێراقی کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
مەراسیمەکە بە نمایشکردنی وێنەی کۆچکەرانی بێسەروشوێن لە دەروازەی چونە ناو ئەمنەسوورەکە دەستی پێکرد، پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاری جەلال سەرۆکی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاماری قوربانیانی ڕێگەی کۆچی ئاشکراکرد.
بەپێی ئه و ئامارەی ئاری جەلال خستیەڕوو، لە بەرواری 20 حوزەیرانی 2017 بۆ 20ی حوزەیرانی ئەمساڵ 65 هەزار و 205 هاوڵاتی لە 43 وڵاتی جیهان داوای مافی پەنابەرێتیان پێشکەش کردووە، هەروەها 59 هاوڵاتی عێراقی لەکاتی کۆچکردنیان گیانیان لەدەستداوە، له و ڕێژەیەش تەرمی 25 هاوڵاتیان گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان و 24 تەرمیش تا ئێستا بێسەروشوێنە.
سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی، باسی لەوەشکرد لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعش تا ئێستا زیاتر لە 550 هەزار هاوڵاتی عێراقی کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
لەپاش ئەوەش نەوا لەتیف، بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەیانی خوێندووە و تێیدا وتی داوا لە لایەنە بەرپرسەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کاری جددی و بەپەلە بکرێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی پەنابەران.
وتیشی پێویستە حکومەتەکانی ئه و ناوچانەی پەنابەرانی پێداتێپەڕ دەبێت ناچاربکرێن سنورەکانیان بە ڕووی پەنابەراندا بکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگای سەخت و مەترسیدار نەگرنەبەر، هەروەها پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا ناچاربکرێن ئه و ڕێککەوتننامانەی لەگەڵ تورکیا و یۆناندا لە دژی پەنابەران و بۆ ڕێگرتن و دیپۆرتکردنەوەیان مۆریان کردووە هەڵبوەشێننەوە.
دواتر ڤیدیۆیەکی دیکیۆمێنتاری لەسەر ڕەوشی پەنابەران و چالاکی ساڵێکی ڕێکخراوەکە نمایشکرا، پرژە جەباری سەرۆکی گروپی تاگ لە زانکۆی ئەمریکی سەبارەت بە کەرنەڤاڵی ژیانەوە وتەیەکی پێشکەشکرد.
پرژە جەبار، بۆ دواڕۆژ وتی لە ڕۆژی 29ی حوزەیران لەگەڵ فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی فێستیڤاڵێک بۆ هاوکاری پەنابەران و ئاوارەکانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدەین.
باسی لەوەشکرد ئێمە پێشتر لەناو زانکۆی ئەمریکی پارەمان بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە سلێمانی کۆکردۆتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەمبوو پێمان باشبوو دوای ئەم چالاکییە دابەشی بکەین، چونکە لە ڕۆژی فێستیڤاڵەکە چەندین دوکانی جوانکاری خانمان و کاری دەست بەشداری دەکەن و لە 30%ی داهاتەکەی دەبەخشن بە ئێمە، پاشان ئێمەش هاوکاری ئاوارەکانی پێدەکەین.[1]
#20-06-2018#