قەڵای شێروانە یەکێکە لەشوێنەوارە مێژوویەکانی #گەرمیان# و کوردستان و ناوچەکە، لەلایەن حەمە پادشای جافەوەدروستکراوە و مێژووەکەی دەستپێکی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 152 ساڵ بەر لەئێستا، لەئێستاشدا بەهۆی کۆن بوون و بومەلەرزەوە بەشێکی ڕووخاوە و مەترسی ڕووخان لەسەر بەشەکانی تری هەیە.
قەڵای شێروانە، دەکەوێتە بەشی باشوری شارۆچکەی #کەلار#ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و بەماوەی هەشت ساڵ دروستکراوە، لەدوای دروستکردنییەوە تائێستا سێ جار نۆژەنکراوەتەوە، سەبارەت بەچۆنییەتی دروستکردن و مێژووی قەڵاکە، جیهاد دەلۆیی خاوەنی کتێبی قەڵای شێروانە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و زانیاریی دەخاتەڕوو.
$مێژووی دروستبوونی$
بە وتەیەی بەشێک لە مێژوونوسان و شوێنەوار ناسان، قەڵای شێروانە لە ساڵی 1866 – 1874ز، لەلایەن حەمە پاشای جاف لەسەر گردی شوێنەواری شێروانە لە شارۆچکەی کەلار دروستکراوە، ئەم گردە دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی کاشییەکان و ساسانییەکان، دروستکردنەکەشی هەشت ساڵی خایاندووە.
$شێوازی قەڵاکە$
قەڵای شێروانە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کەلارەوە، پێکهاتووە لە سێ نهۆمی سەرەکی، لەوانە، بەشی یەکەم و دووەم پێکهاتووە لە سێ ژووری گەورە و لەکۆمەڵیک ژوور و ڕێڕەو، قادرمە، تاق، ئاگردان ودوکەڵکێش، نهۆمی سێیەمی قەڵاکە، کە بەکڵاوفەرەنگی ناسراوە، لەئێستادا بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووەوە ڕووخاوە، بەشێکی زۆری دوو نهۆمەکەی دیکەی قەڵاکەش درزیان بردووە و شوێنەواری گەرمیان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیان لێکەوتووەکانن.
دەرگای سەرەکی قەڵای شێروانە تەنها دەرگایەکی دوولاییە، کە ڕووی سەرەوەی تەواو کراوە بەشێوەی کەوانێکی نیوبازنەیی، قەڵا لەهەر چوار لاتەنیشتیەکانەوە چوار بورجی هەیە، ڕووبەری ئەو زەوییەی قەڵاکەی لەسەر دروستکراوە، نزیکەی 400م دووجایە، پانییەکەی لە ڕووی پێشەوەی 19 م و 35سم، پشتەوەی 5م 18سم، درێژی لای ڕاست 15 م و 40 سم-و لای چەپیشی 15 م و 20 سم، بەرزی قەڵا لە ڕووی پێشەوەی بە ستارەکەیەوە تا نهۆمی دووهەم 7 م و 95سم، لە ڕووی پشتەوەی 7 مەترە.
ئەو ماددانەی لە دروستکردنی قەڵای شێروانەدا بەکارهاتوون بریتین لە، خشتی خوڵ، بەرد، قسڵ و گەچ، کە بەشێوەی جوان و توندوتۆڵ دروستکراوە، هەروەها داری تێدا بەکارهاتووە وەک داری گوێز بۆدروستکردنی دەرگا وپەنجەرەکانی، ئەومادانەشی لە دروستکردنی قەڵادا بەکارهاتوون لەشوێنەوارە مێژووییەکانی گوندەکانی، شێرەوەن، بنکورە، شێخ باوە، کوڵەجۆ و زەنگاباد لە سنووری گەرمیانەوەبۆی براون، کەرەستەکان بەزۆری بە گوێدرێژ و ئێستر گوازراونەتەوە و بە هەمان شێوەش لە ڕووباری سیروان ئاو هێنراو بۆ کارکردن لە قەڵاکەدا.
$سێ جار نۆژەنکراوەتەوە و هەنگاو بۆ چوارەم جار دەنرێت$
قەڵای شێروانە، دوای دروست بوونی سێجار نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵەکانی 1925 و 1988 و 1998، دواجار بە هۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووەوە، کڵاو فەرەنگی قەڵاکە ڕووخاوە و لە ئێستادا کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردووە و لەدوا قۆناغی کارکردنیشیدا بڕیارە ڕێکخراوی پریس کڵاوی هۆڵەندی چاکی بکاتەوە و تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرێت، چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە چاک بکرێتەوەو کۆتایی بەکارەکانی بهێندرێت.
$حەمە پادشای جاف کێیە؟$
ناوی محەمەد پادشای کوڕی کەیخەسرەوی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی زاهیر بەگی کوڕی یار ئەحمەد بەگی سەیفوڵا بەگی سەید ئەحمەد جوانڕۆییە، لە ساڵی 1881ز لە دایکبووە، سەرۆک هۆزی جاف بووە، سنووری دەسەڵاتداریی زۆر بووە، بەجۆرێک لە شارەزوورەوە بۆ کرماشان.
جیهاد دەلۆیی نوسەری کتێبی قەڵای شێروانە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەپێی وتەی مێژوونووسان حەمە پادشای جاف قەڵای شێروانەی زیاتر بۆ دوو هۆکاردروستکردووە، یەکەم سیاسی، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچەدا هەبێت کە لەژێر دەستی خویدایە، دووەمیش بە مەبەستی جێگای حەوانەوەی خۆی و بەشێک لە خانەوادە و هۆزەکەی، کە ئەو کات کۆیستان و گەرمیانیان کردووە.
جیهاد دەلۆیی، وتیشی: لە ئێستادا قەڵای شێروانە جێگایەکی مێژژوی گرنگ و پڕ بایەخە و بوەتە یەکێک لەناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەبۆنە نشتیمانیەکاندا خەڵکی سەردانی دەکەن.[1]
#06-07-2018#