دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت لەماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قوربان زیاتر لە هەزار ڕووداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون کە 226 ڕووداوی هاتووچۆ بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئاماری ڕووداوەکان و ڕێژەی سەردانی نەخۆشخانە و ڕووداوەکانی تری ڕاگەیاند.
لەکۆنگرەکەدا، فاخیر کرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر، وتی لەماوەی چوار ڕۆژی جەژندا، 23 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، کە 195 کەسیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکانی هەولێرو 11 حاڵەتی مردنیش لە نەخۆشخانەکانی هەولێر تۆمارکراوە.
وتیشی لەرۆژانی جەژن، هەزارو 4 ڕووداو لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراون، کە 226 یان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و ئەوانی تر ڕووداوی بەرکەوتن و مارپێوەدان و کەوتنەخوارەوە بووە.
وتەبێژی تەندروستی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی گەرمای هاوین و جۆری خواردنەکانی جەژن، سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیادیکردووە کە هەزارو 101 حاڵەت بووە، دوو هەزارو 685 کەسیش لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.
لە ڕۆژانی جەژن، 271 منداڵ لە نەخۆشخانەکان لەدایکبوون، کە 165یان کوڕو 106 منداڵی کچ بوون، هەروەها 626 نەشتەرگەری بچووک و گەورە ئەنجامدراون و 750 نەخۆش شوشتنی گورچیەلەیان بۆ ئەنجامدراوە.[1]
#26-08-2018#