ئەو موسڵمانەی نادیە مورادی ڕزگارکرد بۆچی ناوی نابرێت؟!
ئەو پاڵەوانە ئێستا لە کوێیە و چۆن نادیەی ڕزگارکرد و قوربانیی دا؟!
ئامادەکردن: کۆشش بێستانسووری
گۆڤاری تایم بەم شێوەیە لەبارەی چیرۆکەکەوە دەنوسێت:
نیوە شەو بوو، کاتێک عومەر عەبدولجەبار گوێی لە تەقەی دەرگای ماڵەکەی بوو لە موسڵ. خێزانەکەی بە دەنگی لێدانی دەرگاکە ترسیان لێ نیشت. کۆتایی هاوینی 2014 بوو، داعشیش سێ مانگ بوو دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرتبوو. بە شێوەیەکی عادەتی لەو درەنگانەی شەودا میوان و سەردانیکردن شتێکی دەگمەن بوو، خێزانەکەی عومەر ترسان کە چەکدارانی داعش بن. دواتریش دیسانەوە لە دەرگا درایەوە.
عومەر وەکو دارتاش کاری دەکرد و لەگەڵ هاوسەرەکەی و دایک و باوکی و چوار برا و خوشکیدا لە خانوویەکی دوو قاتدا دەژیان. خێزانەکەشی لەوکاتەدا دووگیان بوو بە منداڵی دووەمیان.
ئەو شەوە جەبار و باوکی بە هێواشیی دەرگاکەیان کردەوە و کچێکیان بینییەوە کە سەر تا پێی لەناو نیقابێکی ڕەشدا بوو، ئەو کچە وتی تکایە یارمەتیم بدەن، ئەوان لاقەم دەکەن. جەباریش ئەو کچەی بردە ژوورەوە و هیوای خواست کە هیچ کەس نەیبینیبێتن.
دوای بردنە ژوورەوەی کچەکە بە دەنگێکی ترساو و لەرزۆکەوە دەستی بە قسەکردن کرد و وتی، ناوم نادیەیە و خەڵکی کۆچۆم، کە شارۆچکەیەکی ئێزدییە لە باشووری چیای شنگال و لەلایەن داعشەوە هەڵکوترایە سەرمان. منیش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکرام، هێنامیان بۆ موسڵ و وەکو کۆیلە لە بازاڕدا فرۆشرام.
نادیە موراد لە کتێبەکەیدا بەناوی دواین کچ: بەسەرهاتی دەستگیرکردنم و شەڕی من دژی داعش نوسیویەتی نازانم بۆچی جەبار کەسێکی باش بوو!
دوای لەخۆگرتنی نادیە لەلایەن خانەوادەکەی جەبارەوە، ئامۆزایەکی جەبار هەڵدەستێت بە دروستکردنی ناسنامەیەک بە ناوێکی عەرەبیی موسڵمانی سوننی بۆ دەربازکردنی. پلانی دەربازکردنەکەشی بەو شێوەیە بووە کە نادیە خەڵکی کەرکووکە و ژنی جەبارە و دەیانەوێت بچن سەردانی دایک و باوکی بکەن لە کەرکووک.
لە گۆڤاری تایمدا باس لەوە کراوە، لە یەکەم خاڵی پشکنیندا (سەیتەریەدا)، چەکدارانی داعش تەکسییەکەی نادیە و جەباریان ڕاگرت و پشکنییان، ئەگەر بگیرانایە ئەوە نادییە دەگەڕێنرایەوە و عومەریش دەکوژرا.
نادیە لە پشتەوەی تەکسیەکە و لە نیقابەکەیدا دانیشتبوو، جەباریش هەموو مەترسیی ڕێگەکەی لەئەستۆ گرت و وەڵامی پرسیاری چەکدارانی داعشی دەدایەوە و ناسنامەکانیانی پێ نیشان دەدان. نادیە باسی لەوەش کردووە کە لەکاتێکدا هەڵهاتووە وێنەی خۆیی لە تەنیشت وێنەی دوو کچی تری ئێزدی بینیوە و زانیویەتی کە زۆر بە چالاکانە بەدوایدا دەگەڕێن.
دوای گەیاندنی نادیە بە شوێنی سەلامەت، جەبار گەڕایەوە بۆ موسڵ، دیسانەوە لە دەرگا درایەوە بەڵام ئەمجارە چەکدارانی داعش بوون. جەباریش ناچاربووە بە هەڵهاتن، چونکە وەک باوکی وتوویەتی، چیتر موسڵ بۆ جەبار ئەمن نەبووە و خێزانەکەشی درۆی ئەوەیان بە داعش وتووە کە جەبار سەربەخۆ و تەنیا خۆی ئەو کارەی کردووە.
لەکاتی هێرشکردنی هێزەکانی عێراق و ئەمریکاش بۆسەر موسڵ و لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا خوشکەکەی جەبار و تەواوی خێزانەکەی کوژران.
دواتریش جەبار 7000 دۆلاری بە قەرز لە مامێکی وەرگرت و خێزانە دووگیانەکەی و کوڕەکەیی لەناو تەنکەرێکی گازدا بە قاچاغ دەربازکرد. جەبار دواتر بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوت، بە هیوای ژیانێکی خۆش، بەڵام لە بولگاریا پۆلیس دەستگیریکرد و بەبێ گوێدانە کردەوە پاڵەوانێتییەکانی خستیانە کوچی زیندانەوە.
نادیەش دواتر لەڕێگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوە ڕاستەوخۆ برایە ئەڵمانیا و دواتریش بوو بە باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەڵام ئەو پاڵەوانەی کە نادیەی ڕزگارکرد لە 2015 و بە دەردی سەری خۆی گەیاندە ئەڵمانیا بەڵام هێشتا مافی پەنابەریی پێ نەدراوە، تەنانەت مافی پاراستنیی کاتییشی پێ نەدراوە. دەسەڵاتی ئەڵمانیاش داوای شتێکی لێ دەکات کە نییەتی و نەیماوە کە ئەویش (پاسپۆرتە عێراقییەکەیەتی)، بەو شێوەیەش جەبار نازانێت چی بەسەر دێت و لە ئێستادا پێویستی بە هاوکاریی و یارمەتییە، نادیەش تا ئێستا هیچی لەبارەی دۆخی ئێستای جەبارەوە نەوتووە!
جەبار وەک خۆی باسی دەکات لە ئێستاشدا و لە ئەڵمانیا هەڕەشەی لەسەرە و نامەیەکی هەڕەشەیان بۆ ناردووە و تیایدا هاتووە دەزانین لە ئەڵمانیایت و دێین بۆت. جەباریش بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەریەتی زۆر ماڵ جێناهێڵێت و بەزۆری تا کڵاس (قوتابخانە) دەچێت و دێتەوە ماڵەوە.
جەبار ئێستاش نازانێت کە ئەوە کێ بووە بە داعشی وتووە کە کارێکی لەو شێوەیەی کردووە. جگە لە جەبار ئیستاش خانەوادەکەی جەبار هەڕەشەیان لەسەرە!
نادیە موراد لە کتێبەکەیدا لەجیاتی ناوهێنانی (عومەر) ناوی کەسێکی تری هێناوە بە (ناسر)، تا ئێستاش گوێم لە نادیە نەبووە کە ناوی عومەر بێنێت و لەلای دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و جیهانی هەوڵی ڕزگارکردنی عومەر بدات لەو دۆخەی خۆی و خێزانەکەی تێی کەوتوون!
پرسیار دروستدەبێت بەوەی بۆچی ناوێکی ئیسلامی و کەسێکی موسڵمان لەم بەینەدا لەبەین براوە و باس نەکراوە و ناکرێت و دەشاردرێتەوە، جگە لەمانەش هەڕەشە لەسەر ژیانی خۆی و خێزانەکەیەتی و قوربانیی گەورەی داوە لەپێناو کەسێک کە ئێستا لە پۆستێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بە هاوبەشی وەردەگرێت؟!
باشە هەر بەڕاست پاڵەوانی سەرەکیی ئەم چیرۆکە بۆچی ونکراوە و پاڵەوانێکی تر خراوەتە جێگەکەی، سەرەڕای ئەوەش بە بچووکترین شێوە ناوی پاڵەوانی ئەسڵیی نابرێت؟!