یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
لە شاری بانە هەڤاڵ ئیبراهیم جەلالم بینی. هەردووکمان ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە بووین. ئەو کاتەی کە سیروان شەهید دەبێ، ئەو لێپرسراوی سیاسی بوو. ماوەیەک بوو لە قەرەداغ بوو، لەسەر شەهیدبوونی هەڤاڵ سیروان و دۆخی قەرەداغ قسەمان کرد. پێم وت سەرکردایەتی بڕیاری داوە ببم به ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ، لە ئەنجامی قسەکانیدا وای حاڵی کردم کە نەچم و نامەیەک بنووسم بۆ مام جەلال، داوای هەندێک چەکی پێویستی گەورەی لێبکەم و شتی تریش. منیش کەوتمە ژێر کاریگەریی قسەکانی. هەڤاڵ ئیبراهیم جەلال ترساندمی، وتی تۆ نامەیەک بنووسه، من بەیانی دەڕۆم و لەگەڵ خۆم دەیبەم. نەڕۆیت تاکو دێمەوە.
نامەکەم بۆ مام جەلال
لەسەر قسەی ئیبراهیم جەلال نامەیەکم بۆ هەڤاڵ مام جەلال نووسی. پوختەی نامەکەم باسی چوونم بوو بۆ قەرەداغ، بەڵام ئەم چوونە پێویستی بە هەندێک چەک هەیە، بەتایبەت چەکی دۆشکا و لەم جۆرە شتانە. ئیتر مام جەلال نامەکەم دەخوێنێتەوه، پێدەکەنێت و دەڵێت وەڵڵا عەقڵی مستەفام وەک عەقڵی عەزیز عەقراوی دێتە پێشچاو، شۆڕشی ئەیلوول هیچمان نەبوو، کەچی عەزیز عەقراوی داوای چەکی ستراتیجیی کردبوو. ئەم نامەیەی مستەفاش له و نامەیە دەچێت. وتبووی ئەگەر دۆشکامان ببوایە، لای خۆمان لە نێوزەنگ دامان دەنا بۆ پارێزگاریکردن لە بارەگای سەرکردایەتی، دەی باشە خۆی نازانێت نیمانە؟ چاوەڕوانی ئیبراهیم جەلالم کرد، هەر نەهاتەوه و تووشی ئەوەشی کردم.
نامەیەکی ملازم عومەر بۆ من
دیاربوو وایانزانیبوو من بیانووم گرتووە بۆ ئەوەی نەچم بۆ قەرەداغ. لە نامەکەدا نووسیبووی برام ئەگەر ناتوانی بچیت، ئاگادارمان بکەرەوە، کەسێکی تر دەنێرین. به هۆی ئه و نامەیەوە وایانزانیبوو نامەوێ بچم، نامەکەی من شێوەترسێکی پێوە دیار بوو، نازانن کە هاوڕێ ئیبراهیم تووشی ئه و هەڵەیەی کردووم. ئیبراهیم جەلال بە منی وت لە بانە نەڕۆیت تاکو دێمەوە، منیش چاوەڕوان بووم. ئێستاشی لەگەڵ بێت لە قەرەداغ نەمبینییەوە. بڕیارم دا ملی ڕێگە بگرم بۆ قەرەداغ.