ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا 79 چەتەی #داعش# کوژراون. قەسەدە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، داعش سوودی لە ڕەشەبا وەرگرتووە و بە چەکی قورس هێرشی کردووەتەوە سەر هێزەکانی قەسەدە، بەڵام #شەڕڤان#ان هێرشەکانیان تێکشکاندووە.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
ڕێکخراوی تێرۆریستی لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا سوودی لە ڕەشەبا و تۆز وەرگرت کە لە ناوچەکە هەڵی کردووە، لەناکاو لە هەموو لایەکەوە هێرشی کردە سەر شەڕڤانانی قەسەدە. تێرۆریستان لە هێرشەکەیاندا چەکی جۆراوجۆری قورس و سووکیان بەکارهێنا. هەروەها ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان بەکارهێنا و هێرشی خۆکوژییان ئەنجام دا. تێرۆریستان توانیبوویان چەند خاڵێک بەدەستبێنن. لە شارۆچکەی سووسە شەرێکی سەخت ڕوویدا و چەتەکان دەربازی چەند گەڕەکێکی شارۆچکەکە بوون و شەڕ بەشێوەیەکی دژوار درێژەی کێشا. تێرۆریستان نەیانتوانی باڵادەستی خۆیان بەسەر شارۆچکەکەدا بسەپێنن. سەرەڕای سەختبوونی شەڕ، شەڕڤانانی ئێمە تێرۆریستانیان ناچار کرد پاشەکشە بکەن و زیانی گەورەشیان لێ دان.
لە لای بەرەی باغۆز، ڕێکخراوی تێرۆریستی لە 3 قۆڵەوە بەیانیی ئەمڕۆ هێرشیان کرد و شەڕێکی سەخت تا نیوەڕۆ لەنێوان شەڕڤانان و تێرۆریستاندا ڕوویدا. تێرۆریستان هەوڵیان دا 4 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەنێو شەڕڤاناندا بتەقێننەوە، بەڵام شەڕڤانان ڕێوشوێنی خۆیان بەباشی گرتەبەر و بەر لەوەی ئۆتۆمبێلەکان بگەنە ئامانجی خۆیان، تەقێنرانەوە. لە شەڕدا زیاتر لە 36 تێرۆریست کوژران و تەرمەکانیشیان لە مەیدانی شەڕدا ماونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەڕڤانانی ئێمە 2 ئۆتۆمبێلی دۆشکەلەسەر و 2 ئۆتۆمبێلی هەمەر کە چەکی ئاڕ بی جی-یان لەسەر بوو، تەقاندەوە. لەم شەڕەدا 43 تێرۆریست کوژران و تەرمی 20 تێرۆریستیش کەوتنە دەستی شەڕڤانان.
بەیانیی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش ویستی بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تۆڵەی خۆی بکاتەوە و هەوڵی دا هێڵەکانی پێشەوەی شەڕڤانان بشکێنێت. شەڕڤانان ئۆتۆمبێلەکەیان تەقاندەوە بەر لەوەی بگاتە ئامانج.
گرووپێکی دیکەی تێرۆریستان ویستیان شەڕڤانان گەمارۆ بدەن، بەڵام بەئاگایی شەڕڤانان هێرشی تێرۆریستانی تێکشکاند. شەڕێکی سەخت ڕوویدا و چەندین تێرۆریست کوژران، ئەوانی دیکەش ناچار بوون هەڵبێن.
ئامار
- ژمارەی کوژراوەکانی تێرۆریستان: 79 تێرۆریست
- ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانەتیی نێونەتەوەیی: 18 هێرشی ئاسمانی
- ژمارەی ئه و مووشەکانەی لە دژی بنکەکانی تێرۆریستان هاویشتران: 8 مووشەک
- زیانەکانی تێرۆریستان: 5 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، 2 ئۆتۆمبێلی هەمەر و 3 ئۆتۆمبێلی دۆشکەلەسەر تەقێنرانەوە. 18 خانوو ڕووخێنران کە تێرۆریستان خۆیان تیایاندا دەپاراست.
- ژمارەی شەڕڤانە شەهیدەکانی ئێمە: 21 شەهید، چەند شەڕڤانێکی دیکەش بریندار بوون.[1]
#30-10-2018#