ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
ئاوات (کاملی ئیمامی) (1903-2002)
چ بکەم؟
بە یادی شەمعی ڕووخسارێکی، دڵ ئیحیا نەکەم چ بکەم؟
بە شەوقێکی وەها چاری شەوی یەڵدا نەکەم چ بکەم؟
وەکوو مەجنوونی ماڵکاول دەرودەشت بۆتە مەئوای من
لە حەیفی عاقڵان خۆم شێتی ڕووی لەیلا نەکەم چ بکەم؟
لە کۆڕی عیشقبازانا نەماوە قەدری ڕۆح و سەر
وەکوو پەروانە بۆ ڕووی ئەو بەڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم؟
دەڵێن یار خاکی بەرپێی سوورمەیە بۆ چاومی دێنم
بە کوێرایی ڕەقیبی لامەزەب، ئەی وا نەکەم چ بکەم؟
بەشەرتێ بێتە لام شەرتە سەرم دانێم لەپێناوی
ئەگەر بۆ گاوگەردوون، ڕۆح و سەر ژێرپا نەکەم چ بکەم؟
لە دوری وی گەدام و دێتە لام وەک شا دەبینم خۆم
لە چون و هاتنی، خۆم وەک گەدا، وەک شا نەکەم چ بکەم؟
ئەگەر با بۆنی تۆ بێنێ (ئیمامی) وا دەڵێ گیانە
کە من ڕۆح و سەرم قوربانی ڕێگەی با نەکەم چ بکەم؟
عەزیزی میسری دڵ
دەڵێن گیراوە ئەوڕۆکە عەزیزی میسری دڵ، چ بکەم؟
لە پاش ئەو من لەگەڵ دڵ، شێت و پێتی وا بەکوڵ چ بکەم؟
ئەوە جوان و جحێڵ و پاک و خاوێن، بۆ چی گیراوە؟
منی پیری پەشیمان و گونەهکار و خەجەڵ چ بکەم؟
نەماوە باغ و ڕاغ و ڕەونەقی سەحرا، خودا مەرگێ
گوڵووکات چوو لەبەر ئەو، من لە دەشتی پڕ چقڵ چ بکەم؟
لە باغێکدا کە گوڵ ڕۆیی بە تاراجی خەزان، جا من
وەکوو بولبول نەسووڕێم دار بە دار و چڵ بە چڵ چ بکەم؟
گرانە دەردی دووری، بەم لەشە چۆن هەڵگرم یاری
زەعیف و پیر و بێ هێز و قوەت، بێ شان و مل چ بکەم؟
(ئیمامی) هێندی خەم خوارد، عادەتی پێ گرتووە یاڕەب!
دەسوڕێ بێ وچان، گێژە و لە دەردی چەرخ و خول چ بکەم؟
دەردی کورد
دەردی کوردم گرتووە، چ بکەم ئەمن؟!
تەیری بەختم مردووە، چ بکەم ئەمن؟!
یەکنەبوون و ڕێکنەبوون و لێکپسان
ژەهری دووریم چێشتووە، چ بکەم ئەمن؟!
باری یەکجار زۆر گرانی قەومەکەم
ئەمنی یەکجار خستووە، چ بکەم ئەمن؟!
ڕیسی چەند ساڵەم، تەشیڕێسی زەمان
پێچەوانەی ڕستووە، چ بکەم ئەمن؟!
یەکنەبوونی دوو برای ئازا و نەبەز
ڕێی نەجاتی بەستووە، چ بکەم ئەمن؟!
وا نەیاری بەدمەسەب بۆ ئەو دووە
سەد پلانی ڕشتووە، چ بکەم ئەمن؟!
هۆنەری چەند ساڵەیی پیر، بەختەکەی
هاتووە و لێی نووستووە، چ بکەم ئەمن؟!
1979
قاقڵاوا
#سەید کامیل ئیمامی# [1]