دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
تا ئێستا نزیکەی تەنیا لە (30%)ی زەوییە مینڕێژکراوەکانی #پێنجوێن# لەمین پاککراونەتەوە و بەهۆی زۆری مینیشەوە، لەسەر ئاستی پارێزگای #سلێمانی#، پێنجوێن لەپلەی یەکەمدایە.
زانا ڕەحمان، قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەمیانی پێشوازیکردنمان لەسەرۆکی لیژنەی ڕادەستکردنەوەی زەوییە پاککراوەکان لەمین کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی مینی سلێمانین، چەند زەوییەکی لەمین پاککراویان لەگەڕەکی کانی گوێژ و کەلاوەکانی و کانی بەر ماڵانیان، بەڕووبەری (17) هەزار مەتر دووجا، دوای پاککردنەوەیان ڕادەستی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن کردەوە.
جەلال ئەمین، سەرپەرشتیاری بەشی هۆشیاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: بەو هۆیەی ڕێژەیەکی بەرچاو لەزەوییەکانی سنووری پێنجوێن، لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی (عێراق – ئێران) لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی هەردوو وڵاتەکەوە مینڕێژکراوە، بۆیە تا ئێستا تەنیا ڕێژەی (30%)ی زەوی ناوچەکە لەمین پاککراوەتەوە.
باسی لەوەشکرد: هێشتا مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن و دەوروبەری هەیە، بۆیە بەردەوامین لەوتنەوەی وانەی هۆشیاری بەخوێندکارانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن و هەڵمەتێکیشمان بۆ دەرخستنی مەترسییەکانی مین لەسنوورەکە دەستپێکردووە.
ئاشکراشیکرد: پێنجوێن ناوچەیەکی کارەساتبارە و هێشتا مینێکی زۆر لەسنوورەکەدا هەیە و بەشێکی زۆری زەوییەکانی ئەو ناوچەیە مینی تێدا ماوە و پاک نەکراوەتەوە، واتە هێشتا مەترسی ماوە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی مینی سلێمانی، کە وێنەیەکی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، لەکۆی نزیکەی (60) ملیۆن مەتر دووجا مین، تاکو ئێستا توانراوە نزیکەی (10) ملیۆن مەتر دووجا پاک بکرێتەوە و پێنجوێنیش پلەی یەکەمی هەیە لەبوونی مین لەسنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکە و ساردبوونی کەشوهەواوە، ساڵانە تەنیا دەتوانرێت چوار مانگ کار بکرێت بۆ پاککردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان.
قەزای پێنجوێن، نزیکەی 96 کیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان (ئێران و عێراق) هێشتا بەشێکی زۆری کێڵگە و شاخەکان و تەنانەت چەند کۆڵانێکی مین ڕێژکراوە و تائێستا لەزۆرێک لەکێڵگەکانی نزیک شارەکەدا ماون.[1]
#19-12-2018#