ئەمڕۆ (16ی شوبات) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی# جێگری سکرتێری گشتی و بەئامادەبوونی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لە شاری #سلێمانی# بەڕێوەچوو.
کۆبونەوەکە، کە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، بارودۆخی سیاسی کوردستان و عێراق و پارێزگای #کەرکووک# و ناوچە کوردستانییە دابرێنراوەکان و ناوچەکە تاوتوێکرا و دواپێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆکان لەبارەی ڕێکەوتنی سیاسی لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پرسەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و کەرکووک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بەوردی هەڵسەنگێندرا و ڕاو بۆچوونی لەبارەوە گۆڕدرایەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سیاسەتی یەکێتی دووپات دەکاتەوە، کە پابەندە بە بنەماکانی ڕێکەوتنی سیاسی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کە لە ڕۆژی (5ی شوباتی 2019) ئیمزاکراوە کە بەستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دانانی پارێزگار و ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە هاوکاتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بێت.
بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختدەکاتەوە، ئامادەیە بۆ ڕێکەوتنێکی سیاسی گشتگیر کە پرسەکانی کوردستان و کەرکووک و عێراق وەک یەک پاکێچ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەسەر بکرێ، بەهاوکاری و هاوبەشی هێزە سیاسیەکانی کوردستان، لەپێناوی بەدیهێنانی یەکڕیزی لایەنەکانی کوردستان و شەراکەتی ڕاستەقینە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بێت.
لەم ڕوانگەیەوە هەر هەنگاوێک بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و پرۆسەی سیاسی ناکات، لەکاتێکدا، کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە و بەرژەوەندی گەلەکەمان ئەوەمان لێدەخوازێت هەموو لایەنەکان یەکڕیز و یەکدەنگ بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#16-02-2019#