دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆک کۆماری عیراق لیژنەیەکی بەپەلەو هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵیەکانی سنورەکانی (پەڵکانە و سەرگەڕان و دوبز)پێکهێنرا، ئەمڕۆ لیژنەکە بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کەلەلایەن قیادەی قواتی عەمەلیاتی سەڵاحەدینەو دەرچوو بوو بۆ ڕێگریکردن لە دورینەوەی بەروبومی بەرهەمی جوتیارە کوردەکانی ئەو سنورە.
هاوکات بڕیاردرا دەبێ چاوەڕێ بکرێت تاوەکو لیژنەی باڵاکە بڕیارەکانی لەئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت، لەخاڵێکی تردا بڕیاردرا هەر ناڕەزاییەک لەسەر خاوەندارێتی و کێشەی زەوی زارەکان دەبێ پەنا بۆ دادگا برێت و لەڕێ دادگاوە کێشەکان یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە لەمڕۆ بەدواوە جوتیارە کورەکان دەتوانن بەروبومەکانیان بدورنەوە.
لێرەوە دەمانەوێ بەهەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری #کەرکووک# ڕابگەیەنین دڵنیان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# کاتێک لەڕۆژگارێکی سەختدا هەرەسی بەهەرەسهێناو میللەتەکەی بەجێ نەهێشت، دڵنیابن ئێستاش نەک بەجێتان ناهێڵین، بەڵکو لەپێناو مافەڕەواکانتان چۆن لەڕابردوو ڕوبەڕوی گەورەترین زەبروزەنگی ڕژێمی بەعس بوینەوە بۆ ئێستاو ئایندەش پشتیوان و داکۆکیاری سەرسەخت و نوێنەری ڕاستەقینە ماف و داخوازیەکانتان دەبین.
لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی بێ پایانی بەڕێز دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆماری عیراق و تەواوی هەڤاڵانمان لەئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بکەین هەر لەسەرەتای دروستبونی کێشەکەوە زۆر بەپەلە هاتنە سەرخەت و تەواوی هەوڵەکانیان خستەکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو گەڕاندنەوەی مافی جوتیارانی سنورەکە.
مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووک
#22-05-2019#