ئەمڕۆ (29/5/2019) ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی لەشاری #سلێمانی# کۆبوەوە.
کۆبونەوەکە، کە بەدەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، تێدا د.بەرهەم ئەحمەد ساڵەح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی لەرێگای سیستمی (ڤیدیۆ کۆنفرانس) بەشداربوو، تەوەرەکانی پێکهاتبوون لە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەدۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی (44) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (43) ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوو، ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەختی کردەوە، کە یەکێتی وەک هێزی بەرپرسیار لە چارەنوسی گەلی کوردستان و ڕاپەراندنی ئەرکە نیشتمانیی و دیموکراسیەکان و یەکریزی گەلی کوردستان و تەبایی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان بە سەنگی مەحەک بۆ هێنانەدی مافە دیموکراسی و دەستورییەکانی گەلی کوردستان دەزانێت.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان و دواپێشهاتەکان، کۆبونەوەکە پشتیوانی خۆی بۆ ڕاگەیەنراوەکەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی دەربڕی، کە بەرجەستەکردنی کردارەکی بڕیاری کۆبونەوەکانی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی کوردستان لە هەرێم و بەغداو #کەرکووک# لەپێناوی پابەندبوون بە ناوەرۆکی ڕێکەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بەمەبەستی جێبەجێ کردنیان.
کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئیداری ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان (کەرکووک، #خانەقین#، دووز، شەنگال، مەخمور)ی هەڵسەنگاند، هەماهەنگی و تەبایی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی بەپێویستیەکی قۆناغەکە زانی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و ڕووبەرووبونەوەی مەترسیەکانی تیرۆرو ڕێگەگرتن لە هەوڵەکان بۆ سەرلەنوێ شێواندنی واقعیی دیمۆگرافی ناوچەکە.
لەدوا تەوەری کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەهەستیارییەوە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و توندبوونەوەی ناکۆکیەکانی تاوتوێ کرد و جەختیکردەوە، بژاردەی گفتوگۆ باشترین ڕێگاچارەیە و ناوچەکە لەشەڕی وێرانکەر دووردەخاتەوە، هەروەک سیاسەتی هاوسەنگی دامەزراوە دەستوری و فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان و یەکهەڵوێستی لایەنەکانی کوردستان لەروانگەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانەوە بەگرنگزانی.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#29-05-2019#