ئینسان بە ئازادی ئینسانە، ئازادیش لە هۆشیارییەوە دێت، هۆشیارییش لە بیرکردنەوەوە.
بیرکەرەوەکان ئەهلی دڵن، ئەوانەن کە خۆیان لە خۆیاندا ئەدۆزنەوە.
بیرنەکەرەوەکان ئەوانەن کە خۆیان لە فکرێک یان لە هەر شتێکی دەرەوەی خۆیاندا ئەدۆزنەوە!
خۆدۆزینەوەی دووەمیش، لەڕاستیدا خۆونکردنە، چونکە خۆ تەنیا لە خۆدا ئەدۆزرێتەوە، لە شوێن و شتی تردا نیە.
کە باسی دڵ و فکر ئەکەم، مەبەستم ئەوەنیە دڵ دژو بەرامبەری فکربێت، نەخێر دڵ شتێکە لە سەرووی فکرەوە!
ئەوە فکرەکان خۆیانن دژو بەرامبەری یەکن، دڵ کێشەی لەگەڵ هیچیان نیە!
فەرقەکە هەر ئەوەیە: ئەهلی دڵ خۆشەویستی ئەخەنە سەرو هەموو شتێکەوە، بۆیە کێشەیان لەگەڵ شتەکانا نیە، تەنیا کێشەیان لەگەڵ ڕقی ناو شتەکاندا هەیە!
بەڵام ئەهلی فکر، فکری خۆیان ئەخەنە سەرو هەموو شتێکەوە، بۆیە ڕق و کێشەیان لەگەڵ شتەکانی تردا بۆ دروست ئەبێت.
کە ئەڵێم دڵ، مەبەستم ئەو شتەی ناو سنگت نیە، مەبەستم (ئازادی و هۆشیاری و بیرکردنەوە) هەرسێکیەتی پێکەوە!
مەبەستم سەرخستنی خۆشەوستییە بەسەر هەموو دابەشبوون و جیاکارییەکاندا!
مەبەستم (تێگەیشتنە لە خۆت و وازهێنانە لەو) کە ئەوە یەک پاکێجەو تۆ تا بەر خۆت نەکەویت، بەرکەوتنەکانت لەگەڵ ئەو کۆتایی نایەن!
چارەسەریش ئەوەنیە، کە لە ئینسانێکی بێ فکرەوە ببین بە ئینسانێکی ئایدۆلۆژیست، چونکە جەهل بێ فکریی نیە، بێ دڵییە!
ئینسانی ئایدۆلۆژیست، هیچ فەزڵێکی نیە بەسەر ئینسانی نائایدۆلۆژیدا، لە غیابی دڵدا هەردوکیان کەرەستەی بەکارهێنانن، ئەسڵەن یەکەمیان خراپتریش بەکارئەهێنرێ و بەکارئەبرێ!
ئەگەر فەزڵ و فەزیلەتێک هەبێت، پەیوەندی بە دڵەوە هەیە نەک بە فکرەوە، ئەوەیە کە دڵدارەکان هەیانە بەسەر بێ دڵەکاندا.
چونکە ئەمانە ئیتر ئەهلی ڕوکەشسازی نین و تێگیرانیش هەر لەسەر ڕوکەشسازییە!
چونکە ئەمانە ئیتر ئەهلی بەکارهێنان نین و شەڕەکانیش هەر ئەوانە ئەیکەن کە بەکارئەهێنرێن!
چونکە ئەمانە بە تێپەڕاندنی خۆدەرخستن ئەگەنە خۆیان، گەیشتن بە خۆش گەیشتنە بە ئاشتی!
گەیشتن بە ئاشتی، ئەو ساتەیە کە واز لە (ئازادکردن و هۆشیارکردنەوەو هیدایەتدانی) ئەوانیتر ئەهێنیت، چونکە لەڕاستیدا ئەمانە شەڕن تۆ بەوانیتری ئەفرۆشیت!
گەیشتن بە ئاشتی هەر ئەوەیە کە تۆ ئەو شتانە لەناو خۆتدا ڕوویداوە، ئیتر (تێئەگەیت) شتەکە خۆییەو ئەویش هەر لەناو خۆیدا ڕووئەداو تۆ ناتوانی هیچی بۆبکەیت، ئیتر (لێیئەگەڕێیت)!
هۆشیاریش هەر ئەو تێگەیشتنەو ئازادیش هەر ئەو لێگەڕانەیە.
ئازادی ئەوەیە ئەوانیتریش (خۆ)بن نەک (خۆت)بن.
تۆ کە کێشەت لەگەڵ خۆبوونی ئەواندا هەبوو، دواتر کێشەت لەگەڵ بوونیشیاندا ئەبێ و شتەکە ئەچێتەوە سەر ئیرهاب.
تۆ کە کێشەت لەگەڵ خۆبوونی ئەواندا نەبوو، ئیتر کێشەت لەگەڵ بوونیشیاندا نیەو شتەکە ئەچێتەوە سەر پێکەوەژیان.
فەرقی (خۆو خۆبوون) لەگەڵ (من و ئەنانیەت) ئەوەیە کە لە خۆبووندا (ئەو) سەنتەرە، ئەوەیە کە تۆ کێشەت لەگەڵ خۆبوونی ئەودانیە، چونکە پێشتر خۆی خۆتت ناسیوەو ئەزانی خۆ چییە!
بەڵام لە ئەنانیەتدا (من) سەنتەرم، ئەم منەش دنیایەک وێنەو خۆدەرخستن و زاهیرسازیی گەرەکە، لەمەشدا پێش هەرشتێ خۆت ونئەبیت!
خۆبوون سەرکەوتنی خۆیە بەسەر مندا، لە مندا تۆ لە شەڕدای لەگەڵ خۆت و ئەوان، لە خۆدا تۆ لە ئاشتیدایت لەگەڵ خۆت و ئەوان.
یەعنی بۆ پێکەوەژیان، یاری ئەوان مەبە، هەر یاری خۆتبە کافییە، چونکە یاربوون لەوێوە دەستپێئەکات[1].