#پەیکار عوسمان#
حیزب هەموو کات لە شەڕی ڕاگەیاندنا نیە، هەر جارجارێک ئەکەوێتە ئەو دۆخەوە، کە ئەوەش ڕووئەدا، هەر بیست سی کادری ڕاگەیاندن ناچارن ئەو کارە بکەن، هەموو ئەوانەی تر کە تێوەئەگلێن لەڕاستیدا ناچارنین، کیشەی کۆیلایەتیش (ناچاریی)نیە، چونکە کۆیلایەتیی بڕێک ناچاریی لەگەڵ خۆیدا هەر ئەهێنێ، جا خۆ ئەگەر وانەبێت یەعنی شتەکە کۆیلایەتی نیە.. بەڵکو کێشەی کۆیلایەتی ئەو کۆیلانەیە کە (ناچارنین)!
ئاخر ئەمانە لێگەڕێن، مەساحەی کۆیلایەتی بچوکئەبێتەوەو ئەچێتەوە حەجمی ئاسایی خۆی، کە هەر بەقەت قەبارەی ناچارەکانە، ، بەڵام کاتێ ناناچارەکان تێوەئەگلێن، ئیتر کۆیلایەتی بەقەت نزیکەی هەموو کۆمەڵگای لێدێ و ئەبێ بەو وەحشە زەبەلاحەی کە ئازادی قووتئەدا!
یەعنی تۆ کە ڕووبەڕووی کۆیلایەتی ئەبیتەوە، تەنیا ڕووبەڕووی ناچارەکان نابیتەوە، بەڵکو ناناچارەکانیش بۆت دینە مەیدان، ئیتر دەرەقەت نایەیت.
تۆ دوای ئەوەی کە خۆتت ئازادکرد، ئیتر بۆیە شەڕی کۆیلایەتی ئەکەیت، بۆئەوەی (ناچارەکان) ئازادکەیت و لە دۆخی ناچاریی دەریانبهێنیت، بەڵام هەمیشە (ناناچارەکان) ئەمە تێکئەدەن و نایەڵن!
لەڕاستیدا بەربەستی گەورەی بەردەم ئازادی، ئاغاو کۆیلە ناچارەکانی چواردەوری نین، بەڵکو کۆیلە ناناچارەکانن، چونکە ئاغاکان لەمسەرەوە ڕێگای کۆیلایەتییان دامەزراندوە، بەڵام ئەوەی کە لەوسەرەوە ڕێگاکەی داخستووە کۆیلەی ناناچارە!
ئەگەر ئەوسەری ڕێگاکە کراوەبێ، کۆیلەی ناچار دەرفەت و هیوای ئەوەی هەیە کە لە ساتێکدا خۆی لە دۆخی ناچاریی نەجات بداو بداتە پاڵ ئازادیخوازان! بەڵام کاتێ کۆیلەی ناچار، لەنێوان ئاغاو کۆیلەی ناناچاردا قەتیس ئەبێ، ئیتر هیوایەکی ئازادبوونی نیەو تەنیا ئەتوانێ کەڵبەو نینۆکی ستەمکاربێ و هیچی تر!
کێشەی کۆیلەی ناناچار ئەوەیە کە هەمیشە لەوە زیاتر ئەکات کە لێ ی داواکراوە، لەکاتێکا کۆیلەی ناچار هەرئەونە ئەکات کە قەرارە بیکات!
ئەو ڕاگەیاندنکارەی کە ناچارە لە تەلەفزیۆنەوە، سێ ڕاپۆرتی توند لەسەر حیزبی بەرامبەر بکات، هەر سیان ئەکات، نایکا بە چوار، بەڵام ناناچارەکە لە فەیسبوکەوە نەزیفی پۆستی بەرئەبێ و پەنجا پۆست ئەکا لەسەر هەمان مەوزوع!
ئەو پیاوکوژەی حیزب ئەینێرێ فڵان بکوژێ، هەر ئەو ئەکوژێ، کەسی تر ناکوژێ، بەڵام کابرای ناناچار، زۆر پەمپی بدەی لەسەر شەڕە پەڕۆ، سێ چوارێک کەلەپاچە ئەکاو کەسیش پێ ی نەوتووە وابکە!
یەعنی لەڕاستیدا (کۆیلەی ناناچار) زۆر خەتەرترە لە (کۆیلەی ناچار)! ناچارەکە هەر دیلی چەک و پارەو شتانێکی دەرەوەی خۆیەتی، بەڵام ناناچارەکە دیلی ڕق و دەمارگیرییەو شتەکە تا قووڵایی ناوەوەی ڕۆشتووە!!
هەڵەی ئێمەش ئەوەبوو، کە دژی کۆیلایەتییەکەی پارتی یەکێتی، هاتین سەنگەری ڕقمان لێگرتن، بە نەتیجەش ئەوانمان بەهیزترکرد، چونکە ڕق کۆڵەکەی کۆیلایەتییە!!
لەو ڕقەبەرایەتییەدا، جگە لەوەی ڕقی پارتییەکان و یەکێتییەکانمان ئەستورترکردو ئەوانمان دەمارگیرتر کرد، لەولاوە دەمارگیرو ڕقاویی حیزبیی تریشمان دروستکرد، بەرهەمی ئەم هەموو ڕقەش هەر چووەوە گیرفانی کۆیلایەتی و هەریەکەو بووە کۆیلەی حیزبێک!
خۆ ئەو هەموو کۆیلە حیزبییە، هەر بەرهەمی ترس و مەسڵەحەت نین، ئەسڵەن ئەوانە کەمینەکەن، زۆرینەکە مەسەلەی ڕق و دەمارگیرییە! ئەو حەشامەتەی حیزب و ئایدۆلۆژیا بە (ڕق) کۆیکردۆتەوە، زۆر لەوە زیاترە کە بە چەک و پارە کۆیکردۆتەوە! ئەو هەموو ڕقەی شارچێتی و ناوچەگەری و خێڵگەری و قەومچێتی.. سوتفە نین، هەمووی پلانەو حیزب بە بەرنامە ئەیانڕێژێ، بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆیلە!
هیچ شتێک وەکو ڕق دیلمان ناکاو هیچ شتێکیش وەکو (ئازادبوون لە ڕق) ئازادی نیە!
ئازادیخواز ئەوەنیە کە ڕقەبەرایەتی سیاسی بکات، ئەوەیە کە شەڕ لەگەڵ ڕقی سیاسیدا بکات، بەمەش بەهێزترین کارتی کۆیلایەتی ئەسوتێنێ لەبەرژەوەندی ئازادی!
نەیارەکانمان بەوە لاوازنابن کە سەنگەری ڕقیان لێبگرین، بەوە لاوازئەبن کە لوغمی ڕقەکانیان پوچەڵبکەینەوە.
کێشەی ڕق، بەهێزیی هێزی کێشکردنەکەیەتی، جا ئەو کاتانەی لە ڕاگەیاندن و توڕی کۆمەڵایەتی، شەپۆلێکی ڕق هەڵئەستێ، ئەوە تێستی ئازادییە بۆ منو تۆ، چونکە ئەوە قولاپی کۆیلەکردنە بۆمان هەڵدراوە!
جا هەر جارێک کە ئەم شەپۆلە دێ، مەیەڵە بتباو مەیەڵە قولاپەکە بتگرێ، ئیتر بە مروری زەمەن ئەم جارانە کەڵەکە ئەبن و لەبری ئەوەی بچنە سەر حەجمی کۆیلایەتی و شەڕو دەمارگیری، ئەچنە سەر حەجمی ئازادی و ئاشتی و هۆشیاریی.
شتەکە قورسە چونکە تۆ ئێستا ڕاهاتوویت لەسەر ڕقبازیی، بەڵام هەر یەک دوو جاری زەحمەتەو دواتر ڕادێیت لەسەر پێچەوانەکەی!
یەعنی سەرەتا بڕێک شەڕ لەگەڵ خۆتدا بکە بۆ تەسلیمنەبوون بە ڕق و شەپۆلەکانی، دواتر لەسەر ئازادی ڕادێیت و کارەکە خۆی ئەڕوا.
تۆ لەسەر هەر ڕێگایەکبیت، لەسەر ڕێ ی ڕاستیت پێش ئەوەی بگەیتە دەمارگیریی، کە گەیشتیتە دەمارگیریی، ئیتر هەڵەیت لەسەر هەر ڕێگایەکبیت!
چونکە پێش دەمارگیریی، هەرچەنێک ڕاستییەکەی خۆتت پێ ڕاست بێت، هێشتا دەرگا دانەخراوە بۆ بینینی ڕاستی تر، بەڵام دوای دەمارگیری ئیتر تۆ ڕاستی تر نابینیت، خودی ڕاستیش فرەییە، بۆیە تۆ لێرەدا هەڵەیت!!
لەو شوێنەشدا کە دەمارگیرئەبێ و بواری فرەیی نامێنێت، ئیتر مەیدان چۆڵ ئەبێت بۆ ڕق، ڕقیش کوشندەیەو پێش ئەوان خۆت ئەکوژێ، چونکە ژیان هەر ڕەنگاوڕەنگی و توانای ئیستیعابکردنی ڕەنگەکانە، کە ئەو توانایەت نەما ئیتر لە ڕووی فیکرییەوە تۆ مردویت، مەرگەسات و مردنە جەستەییەکانی دواتریش بەرهەمی ئەو مردنە مەعنەوییەیە.
یەعنی مەسەلەی ڕق، مەسەلەی مردن و ژیانە، بۆیە پێویستە زۆر لەسەری بوەستین[1].