#دەستەی گشتی گەشت و گوزار#ی هەرێمی کوردستان پلانی ساڵانی داهاتووی ئامادەیە و دەیەوێت ساڵ دوای ساڵ بە ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان سەرمایەی زیاتر بهێنێتە هەرێم.
بەپێی داتاکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم، ساڵی 2019 زیاتر لە 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020 پلانە سەرەکییەکەی دەستەی گەشتوگوزار زیادکردنی ئەو ژمارەیەیە بۆ 4 ملیۆن گەشتیار، ڕسوماتی گەشتیاریش لە 3 ملیار و 940 ملیۆن دینارەوە بۆ 4 ملیار و 500 ملیۆن دینار بەرز بکاتەوە، کار لەسەر ئەوەش کراوە کە پرۆژەکانی گەشتیاری کە 30 پرۆژەن زیاد بکرێت بۆ 56 پرۆژە و پرۆژەکانی ماستەرپلانیش لە 3 پرۆژەوە بۆ 7 پرۆژە زیادبێت.=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:50%;float:rigth;=KTML_Quote_Icon=📌=KTML_Quote_Content=ساڵی 2019 زیاتر لە 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020 پلانە سەرەکییەکەی دەستەی گەشتوگوزار زیادکردنی ئەو ژمارەیەیە بۆ 4 ملیۆن گەشتیار=KTML_Quote_End=
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، ڕاگەیاند: پلانی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاری تا ساڵی 2025 ئامادەکراوە، بەڵام ئێمە ئێستا کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانی ئەمساڵی گەشتیاری دەکەین و پێشبینی هاتنی چوار ملیۆن گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین.
راشیگەیاند: لە ساڵی ڕابوردوودا پلانی گەشتوگوزار لەسەدا 78%ی جێبەجێکراوە و سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، دەمانەوێ بۆ ئەمساڵیش بە هەمان شێوە پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشدا: ڕەوشی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان، چونکە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە عێراق و ناوچەکە کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاری بیانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، سەرەڕای ئەوەش، گەشتیارانی عێراقی هەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی سەقامگیر دەزانن بۆ گەشتکردن بۆیە بەردەوام ڕووی تێدەکەن.
دوای تێپەڕکردنی قەیرانی دارایی ئەو هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانتانەی داشیانخستبوو دەستیان بە کار کردەوە ئەمەش بەهۆی زۆریی ژمارەی گەشتیاران و هاتنیان بۆ هەرێمی کورستان.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان، لە هەرێمی کوردستان 856 هۆتێل و مۆتێل هەن، سەرجەمی ئەو هۆتێل و مۆتێلانە توانایان هەیە لە شەوێکدا 74 هەزار و 992 کەس تیایدا بخەون.
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی #هەولێر#ی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: هاوشێوەی دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانی ئەمساڵمان ئامادەکردووە بەڵام پلانی ئێمە وابەستەیە بە جێبەجێکردنی پلانەکانی دەستەی گەشتوگوزار.
راشیگەیاند:ئێمە بە نووسراوی ڕەسمی داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە بۆ ئەوەی پلانی ئێمەش سەرکەوتوو بێت پێویستە هاوکارمان بن و داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ بکرێن.
شوکر عەزیز، باسی داواکارییەکانیان دەکات و دەڵێت: ئێمە داوامان لە حکومەت کردووە کە باجی سەر هۆتێلەکان نەمێنێت یان کەمبکرێتەوە، داواشمان کردووە کە گاز بۆ هۆتێلەکان دابین بکرێت.
سەمیر ئەحمەد، خاوەنی دوو هۆتێلە لە هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: ساڵانی قەیرانی دارایی ئێمە زەرەرێکی زۆرمان کرد، بەڵام ئێستا کە گەشتیار دێت بازاڕمان کراوەتەوە بەڵام حکومەت هاوکاریمان ناکات گازمان پێنادەن پارەیەکی زۆری کارەبا و خزمەتگوزاری و تەنانەت باجێکی زۆریشمان لێوەردەگرن.
دەشڵێت: ئێستا گەشتیار ڕاستە زۆر دێن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی هۆتێل و کێبڕکێ بەشێک هۆتێل هەن ئامادەن بە 5 هەزار دینار ژوور بە گەشتیار بدەن ئەوانە کارەکەی ئێمەیان تێکداوە، بۆیە پێویستە حکومەت چاودێری هەبێت و بەپێی ڕەچاوکردنی کاری ئێمە و گیرفانی گەشتیار نرخ بۆ هۆتێل و مۆتێل دابنرێت.[1]