بەداخەوە، ئەمرۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەمان بەوەدابوو کە بەهۆی بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە تایبەت بوو بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ، ئەو خشتەی مووچەیەی کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە 15-3-2020 دابەش بکرێت، ناتوانرێت لەو ڕێکەوتە دابەشبکرێت و لە ڕۆژانی دواتر دابەش دەکرێت؛ چونکە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، نە پێشمەرگە ئازیزەکانمان دەتوانن هاتووچۆ بکەن نە بانکەکانیشمان دەتوانن دەوام بکەن؛ بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە لەلایەن هەندێک لایەن و بەرپرسی نابەرپرسەوە بۆ موزایەدەکردن، بەلاڕێدا براوە، بە جۆرێک کە دەیانەوێت تەندروستی و سەلامەتیی خەڵکیش بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکار بهێنن. لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو قەیرانە تەندروستییەی کە ژیانی مرۆڤایەتی خستووەتە مەترسییەوە، دەبوایە هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆخە بکەن، بۆیە داوا لە لیژنەی باڵای ڕوبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرنە بەر کە کار لەسەر کەمکردنەوەی ورەی خەڵک دەکەن و ئاسایشی دەروونی هاوڵاتییانی کوردستان دەخەنە مەترسیەوە.
لە کۆتاییدا وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەوە دوپاتدەکەینەوە کە ئەگەر ڕێکارەکانی ڕووبەڕوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبنە لەمپەر، ئەوا ئەو خشتەی مووچەیەی کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە 15-3-2020 دابەش بکرێت، لە ڕۆژانی دواتردا دابەشدەکرێت.
ئەحمەد عەبدوڵرەحمان
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری
#14-03-2020#