لەگەڵ ئەوەی لەماوەی ساڵانی ڕابردودا خۆرئاوای کوردستان ژینگەیەکی نالەبارو مەترسیداربوە بۆ کارکردنی ڕۆژنامەنوسان بەتایبەتی ڕۆژنامەنوسە کوردەکان، لە پێناو ڕوماڵ کردن وگەیاندنی ڕاستیەکان قوربانی زۆریان داوە و ڕوبەرووی چەندین توندوتیژی وپێشێلکاری بونەتەوە، وەک سەرباز لەبەرەی جەنگدا بوون لەگەڵ #داعش# و هێزەکانی تر. بەداخەوە بەرواری 10 ئایاری 2020 بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ڕۆژنامەنوسی بۆ ماوەی 2 مانگ بۆ ڕۆژنامەنوس '#ڤیڤیان فەتاح#' پەیامنێری تۆڕی میدیای ڕوداو دەردەچێت لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەربە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەباکوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێمە لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان هەروەکو چۆن لەماوەی ڕابردودا بەردەوام بەدواداچونمان بۆ ئەو پێشێلکاریانە کردوە کە ڕوبەڕووی ڕۆژنامەنوسە کوردەکان بوەتەوە لەو ناوچەیەداو لە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردومان پاشکۆی تایبەتمان بە قوربنایەکانی ڕۆژنامەنوسە کوردەکان دەرکردوە. ئێستاش داوا لە ئیدارەی باکوری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین بەم بڕیارەیدا بچێتەوە و هەڵوەشاندنی بۆ بکات، چونکە پێچەوانەی بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین و پێک هێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیەوهەرچی زوترە مافی کارکردن بۆ ڕۆژنامەنوسی ناوبراو بگێڕدرێتەوە.
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنوسی و مافی ڕۆژنامەنوسان
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان
#12-05-2020#