زمانمان ناسنامەمانە
جەژنی زمانی کوردی پیرۆز بێت
سەدان ساڵە گەلی کورد لەپێناو مانەوە و بوونی خۆی، خەبات و تێکۆشانێکی بێ هاوتا دەکات. لەم پرۆسەیەی تێکۆشاندا سەنگەری پاراستنی زمان هەموو سات و کاتێک سەرمەشقی ئەرکەکانی بووە. داگیرکەران بە ئامانجی لەناوبردن و پەراوێزخستنی کوردان لە بژاڤتنی زمانەکەی دەستیان پێکردووە و بە پلانگەلی لەناوبردن و ئاسیمیلەکردن وەکو ماکینەیەکی کاریگەر و دژواریان بەکارهێناوە. لە سایەی سەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و قوربانیان و پێشڕەوانی، دایکە پەروەردەکار و دڵسۆزانی زمان و چاندی کوردی ئەو هەوڵانەی داگیرکەر و دوژماننیان خستە ژێر گڵەوە. زمانی شیرینی کوردی لەناو شەرت و مەرجگەلێکیی سەخت و دژواردا بەرخۆدان و خۆڕاگریەکی مەزنی کرد و بە درێژایی ئەو مێژووە توانی لە سەرپێی خۆی بوەستێ و نەکەوێ.
بە بزاڤ و خەبات و تێکۆشانی پاراستنی زمانی خۆی، گەلی کورد لە سەرەتادا بوونی خۆی پاراست و تا ئەمڕۆ بە زیندوویی لە ناو مێژوودا مایەوە.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ه بە گیانی بەرخۆدان و بەردەوامیدانی خەبات و بەزیندووهێشتنەوەی زمانی پیرۆزی زکماکی یەوە جەژنی زمانی کوردی لە گەلی کورد پیرۆز دەکەین.
گرنگە ئەوە لەبیرنەکەین کە مەترسیی ئاسیمیلاسۆن بە تایبەتی لە باکور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە، هەروەها ڕاستیشە کە ترسی کوشتن و شێواندنی زمان بە تێکۆشان و قوربانیانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی دواکەوتووە، بەڵام بە هۆی هەبوونی زمانی کوردی و نەکەوتنە ناو بواری ستاتۆیەکی فەرمیدا و لەلایەن زاگۆنی دەوڵەتانی تورکیا، ئێران و سوریاوە قەبوڵ نەکراوە. بۆیە لەم بەشانەی کوردستاندا زمانی کوردی لە بەردەم هەڕەشە و فشار و مەترسی دایە. بۆ ئەمە پێویستە گەلەکەمان بە هەستیاری و بەرپرسیارییەوە یەکبگرن و لەپێناو پاراستنیی هەمئاهەنگبن. ئەو کات داگیرکەران ڕێبدەن یان نا، پێویست و ئەرکێکی لە پێشینەیە کە خەڵکی لە ناو ماڵەکانیان لە کوچەو کۆڵانەکان، لە گفتوگۆکانیاندا ڕۆژانە و لە هەموو بوارەکانی ژیان دا زمانی کوردی بەکاربێنن.
بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەناو سیستەمی پەروەردە و خوێندنی دەوڵەتانی تورکیا، ئێران و سوریادا فەرمیەت وەربگرێ، لە ڕۆژانی جەژنی زمانی کوردی لە (14، 15 و 17 ی گوڵان) دا داواکاریەکانی بە پەروەردە و خوێندنی کوردی لە ژێر دروشمی (زمانمان بوون و ناسنامەمانە) بەرزبکرێتەوە.
لە قەوارەی باشوری کوردستان دا زمانی کوردی بە فەرمی جێگیر بووە. هەروەها لە یاسای بنەڕەتی دەوڵەتی عێراقیشدا لە تەنیشت زمانی عەرەبی زمانی کوردی وەکو زمانی دووەنی دەوڵەت قەبوڵ کراوە. زمانی کوردی لە دایەنگاکانەوە تا زانکۆکان دەخوێندرێت و دەنووسرێت. لە سەر تەواوی سازیەکانی دەوڵەت و لە گفتوگۆیە فەرمیەکاندا زمانی کوردی هەیە و قەبوڵ دەکرێ. لەسەر ناسنامە، پاسەپۆرت و زۆربەی بەڵگەکانی دەوڵەت بە کوردی و عەرەبی دەنووسرێت و نووسراوە. سەرەڕای کەموکوڕیەکانیش ئەمە جێگای دڵخۆشی و پێزانینە.
جەژنی زمانی کوردی لە ساڵی 2006 لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە هەموو ساڵێک ڕۆژانی 14، 15 و 16 ی گوڵان وەک ڕۆژی زمانی کوردی دیاریکراو لەلایەن هەموو سازی و دەزگا و ڕێکخستنە کوردستانیەکان و گەلی کورد پەسەند کرا.
لەلایەک ئەو ئابلۆقەیەی سەر بەکارهێنانی زمانی کوردیەوە بەردەوامی هەیە و لەلایەکی ترەوە کورد خۆیشی گرنگیی پێویست بە زمانی خۆی نادا. دەرفەتەکانی بەکارهێنان و بەرەوپێشبردنی زمانەکەیان بەرتەسک دەکەنەوە. بە زمانێکی کراوەوە، ئاسیمەلیسیۆنی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە مێتۆد و تەکنیکی نوێ و سەردەمیانە بەکاردەهێنن و هەروەها دژە ئاسیمیلەسیۆنی ناوخۆیییش بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەوامە.
هەڵسوکەوتی دەوڵەتانی داگیرکەر ئاشکەرایە و تێیدەگەین، چونکە دەردەکەیان ئەوەیە کە چەند لەتوانایان و لە دەستیان بێ مەیدان و دەرفەتگەلی بە کارهێنانی زمانی کوردی ئابڵۆقە دەدەن و ڕێگا لە بەردەم سڕینەوەی زمانی کوردی دا خۆشدەکەن. ئەمە ئیش و کار و ستراتیژیەت و ئامانجی ئەوانە.
باشە کورد بۆچی خۆی لە بەرامبەر زمانی خۆیدا خەمساردە و بەردەوامی بە وە دەدا؟
پێویستە ئێمە ڕێنەدەین کە کرداری بشاڤتن – سڕینەوەی زمانی کوردی سەربگرێ، لەم بوارەدا گەرەکە کورد هەمووی یەک دەنگ و یەک دڵ و یەک هەڵوێست بن.
#15-05-2020#