ناوی کتێب: چوارمێخە کێشانەوەی مەسیح... نیکۆس کازانتزاکیس
وەرگێڕانی : دلاوەر قەرەداغی
لە کاتێکدا یاناکۆس بەو جۆرە لەگەڵ خۆیدا دەدوا و بەڕێگەوە بوو، باوە گریگۆریس بە جبە ڕەنگ گوڵ گەزنەییەکەیەوە، پشتوێنی مەخمەلی ڕەش و سەرو پێوپل ڕووت، بێتاو و هەوسار پچڕاو لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەهات و دەچوو، وەک سەگی ئاوی هەناسەی دەدا و تووڕە و تۆسن لە نێو پەنجەکانیدا گەمەی بە دەنکی تەسبیحە کەهرەباییە ڕەشەکەی، کە دیاری ئوسقوف بوو، دەکرد.
ماریۆری کچی، بە دابی هەموو ڕۆژ، تەواو شەرمنانە هات و سینی بەرچاییەکەی باوکی هێنا. بەرچاییەکە بریتی بوو لە قاوە، پسکیت و پارچەیەک پەنیر، کە باوکی هەموو بەیانییەک وەک پێش بەرچایی دەیخوارد. قەشە سەعاتێ دواتر دوو هێلکەی کوڵاو و پەرداخێکی گەورە لەو بادە کۆنەی حەز لێ بوو، کە بە تایبەتی لەبەر کتکاڵە ئازیزەکەی لە ئەمبارەکەیدا داینابوو، مەبەستی ئەو لە کتکاڵە ئازیزەکەی، ورگی بوو. ئیدی پاشان دەکەوتە پەرستنی خودا.
ماریۆری دوای ئەوەی سینییەکەی لەسەر سەکۆیەکی بەردین لەژێر کەپری مێوەکەدا دانا، کەوتە ئاودانی درەخت و گوڵ و گیا و ڕێحان و گوڵەشەمەدانییەکانی باخچەکە. وی ڕەنگی پەڕیو و دیار بوو کەم نوستووە. شیناییەک دەوری چاوە ڕەش و بایامییەکەی دابوو، لێوانی وشک و هەڵایساو بوو. دایکی لە تافی جحێڵییدا بە نەخۆشییەکی کوشندە کە وردە وردە سییەکانی بنیادەم دەخوا، مردبوو، ماریۆری ئەو نەخۆشییەی لەوەوە بۆ مابۆوە. هەر کاتێ باوکی تەماشای دەکرد، هەناسەیەکی هەڵدەکێشا و بەخۆی دەگوت:وا چاکترە هەرچی زووە شوو بکا تا نەوەیەکم بۆ بخاتەوە. ئیدی دوای ئەوە هەرچی خودا دەخوازێ با ڕوو بدا! میکیلیس گەنجێکی دلێر و بەخۆیە و نەوەی خانەوادەیەکی خانەدان و خواپێداوە و هێز و سەروەت و سامان بۆ منداڵەکەی جێدێڵێ.