یاداشتنامەی قوتابییەک
وەرگێرانی کەوسەر تەها
دەزگای پەخش: فام
یادداشتنامەی قوتابییەک ڕۆمانێکی وێنەدارەو لەلایەن جێف کێنییەوە نووسراوە. ئەم ڕۆمانە دەفتەری ڕۆژانەی گرێک هێڤڵییە، کە ڕۆژانە دەربارەی قوتابخانەو سەرکێشییەکانی لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلەکانی و خێزانەکەی دەینووسێت.
بۆ یەکەم جار کاتێک لەساڵی 2004 لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوبوویەوە، ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد لەسەرانسەری جیهاندا، هەر ئەوەش بوو وای لە نووسەر کرد بۆ یەکەم جار لەساڵی 2007 بە چاپی بگەیەنێت. ئەوەبوو هەر ئەو ساڵە تەنها لە ئەمریکا 200 هەزار دانەی لێ فرۆشرا و ئێستاش بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراوە.
جێف کێنی، بلیمەتانە بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز هەڵساوە بە پێشکەشکردنی لۆژێکی ئاسایی کوڕانی قوتابخانەی ناوەندی کە بەرەو تەمەنی هەرزەکاری دەچن و ژیانیان پڕییەتی لەسەر کێشی.
ئەم کاراکتەرە سەیر و جێی پرسانە یارمەتی منداڵان دەدەن ڕەخنەگرانە بیربکەنەوە:
(کاتی فۆس) لە ویلایەتی تێنیسی دەڵێت: کچە نۆساڵانەکەم حەزی لەم کتێبەیە زۆر جار خۆی لەگەڵ گریگ بەراورد دەکات، بەڵام هەندێک جار ڕەخنە دەگرێت، بۆ نموونە دەڵێت : دایک و باوکی زۆر گرینگی بەو نادەن، یاخود دەڵێت هاوڕێکەی هەڵسوکەوتی جوان نییە
ئەم کتێبە هاندەرێکی باشە بۆ حەزی کتێب خوێندنەوە:
(ئەماندا پۆنزەر) لە ویلایەتی ڤێرجینیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: ئەم زنجیرە کتێبە ڕێگایەکی زۆر باشە و هاندەر بووە بۆ کوڕە 11 ساڵان و کوڕە 7 ساڵانەکەم، تا حەز بە کتێب خوێندنەوە بکەن دەشڵێت هەندێک جار کوڕەکەم ئەوەندە بەم کتێبە پێدەکەنی فرمێسک لە چاوی دەهات، دەهات لاپەڕەکەی نیشانی منیش دەدا
ڕێگە خۆشکەرە بۆ گفتوگۆی خێزانی:
(پیمێنتاڵ) دەڵێت : ئەگەر تۆ ئەم کتێبە لەگەڵ منداڵەکەت بخوێنیتەوە، ئەوا دەرفەتێکی باشت بۆ دەرەخسێنێت تا گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکەتدا بکەیت، بۆ نموونە پێی بڵێی: ئەگەر تۆ لە جێی ئەم کارەکتەرە بووایت چیت دەکرد؟! یاخود ئەمە کارێکی باش بوو یان نا... هتد