نوسەر / ئازاد هاشم
ناوی تەواوی(ئازاد هاشم عەبدوڵڵا)یە، لە ساڵی 1966 لە گەڕەکی(خانەقا)ی ناو شاری هەولێر لە دایک بووە ..
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە .
لە ساڵی 1983 لە بەشی مێژووی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی موسڵ وەرگیراوە، بەڵام بە هۆی نەچوونی بۆ(جیش الشعبی) دوو ساڵ لە خوێندن فەسڵ کراوە، دواتر لە ساڵی 1988-1989 تەواوی کردووە و بۆتە مامۆستای دەرسی مێژوو و ئابووری لە قوتابخانە ناوەندی وئامادەییەکانی شاری هەولێر.
نووسەر و وەرگێر ئازاد هاشم، ئەو کاتەی قوتابی بووە لە پۆلی چوارەمی ئامادەیی لە رێگەی هەندێ لە برادەرانی بە نووسین و ئەدەبی ڕیالیزمی و چەپ(چەپڕەوی)ئاشنابووە بووە .
ئەو ڕۆمانی(دایک-الام) و ڕۆمانی(ژانی گەلی)ی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و قەڵای دمدم و حەمەدۆک و شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و ڕەفیق سابیر و شیعری شاعیرانی کلاسیکی وەکو(قانع و حاجی قادر و هێمن و هەژار)ی خوێندۆتەوە ..
هەستی کردووە کە توانای خۆی پەرەپێداوە، بۆیە لە ساڵی 1988 یەکەم نۆبەرەی نووسینەکانی خۆی بە دوو زنجیرە نووسین کە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس نازم دڵبەند، وەک بەرگرییەک لە نووسەر و رۆژنامەنووس و ڕۆماننووسی گەورەی کورد(حوسێن عارف) و لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاویکردۆتەوە ..
لە ساڵی 1993-1994 لە پاشکۆی ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) وەکو هەڵەچن و وەرگێر دەستبەکار بووە .
کۆمەڵێک بابەتی هەمەجۆری لەو ڕۆژنامەیە و و گۆڤارە کوردییەکان بڵاوکرۆتەوە لەوانە(خەبات، کوردستانی نوێ، گۆڤاری سینەما و شانۆ، مێرگ، کاروان) و چەندانی دیکە.
نووسەر ئازاد هاشم لە کۆتایی هەشتاکانی دەستی کردووە بە وەرگێڕانی کۆمەڵێک کورتە چیڕۆک و دواتر چەند شاکارێکی عەرەبیی و جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بە تێکڕایی ئەمانەی خوارەوەن:
- ڕۆژنامەفرۆش، کورتە چیڕۆک، لە نووسینی سەمیرە عەزام، لە عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی.
- هێرۆشیما، نووسینی فەرەج مەکسیم، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە.
- تەڕەپیاز، لە نووسینی نووسەری تورکی یەشار کەمال، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە.
- شانۆگەری تاوانبار، وەرگێڕان، لە نووسینی جەمال بەنوورە.
سەرەڕای ئەمانەی سەرەوە ئەم کتێبانەشی لە چاپیداون و بڵاویکردوونەتەوە:
- سەگێکی عێراقی، ڕۆمان، لە نووسینی عەبدولهادی سەعدون، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی.
- کەرێک لەسەر چیادا، ڕۆمان، وەرگێڕان، لە نووسینی عەبدولستار ناسر
- داری مرازان، ڕۆمان، وەرگێڕان لە زمانی عەرەبییەوە، لە نووسینی نووسەر عەبدولڕەحمان مونیف.
- چاڵ، ڕۆمان، لە نووسینی گۆکهان هورزوم، وەرگێڕان.
- ژنێک لە بەرلین، یاداشت، لە نووسینی مارتا هیلەرس، وەرگێڕان.
- کچە زیندانییەکەی تاران، یاداشت، لە نووسینی مارینا نیعمەت، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە.
- بیرەوەرییەکانی سیخوڕێکی سۆڤێتی، یاداشت، لە نووسینی ئەلکسەندەر فلکیسۆڤ و سێرجی کۆستین.
چەند کتێبێکی دیکەشی ئامادەیە بۆ لە چاپدان و بەردەوامە لە نووسین و وەرگێڕانی شاکارە جیهانییەکان، هەر سەرکەوتوو بێت بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی.
نوسینی : نجم الدین عزیزسمایل [1]