دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانیانی ئازیزی کەرکووک کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگەکانی پاراستنی خاک و نیشتمان
ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانکاری 16 ئۆکتۆبەر و داگیرکاری سەربازی عێراق بۆ شاری کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، کە حکومەتی عێراق دوور لە هەموو بنەما یاسایی و دەستووری و بەها مرۆڤایەتیەکان، دەرهەق بە دانیشتووانی ئەم ناوچانە ئەنجامیدا.
هاونیشتمانیانی ئازیز؛ بەپێی دەستور و یاسا خاوەندارێتی ئیداری و یاسایی و ئەمنی و سەربازیی کەرکووک و ئەم ناوچانە دەبێت بە هاوبەشی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بەڕێوەببردرێت، بەڵام مەخابن لە ماوەی 3 ساڵی دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، نەک حکومەتی ناوەندی تاک لایەنانە حوکمداری ئەم ناوچانەی کردووە، بەڵکو لە پەنای دەسەڵاتدارێتی تاک لایەنانەی سەربازی حکومەتی عێراقی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، تاوانکاری تەعریب و ڕاگواستن و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شووناسی کورد دەدرێت.
هەر بۆیە کۆتایهێنان بە پرۆسەی حکومی تاک لایەنانەی حکومەتی ناوەندی لە کەرکووک و ئەم ناوچانە زەورەتێکی حەتمیە و لەم ڕووەشەوە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە هەنگاوەکانیان بەردەوامە و هیوایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی هەیە، هەروەها دەبێت ڕۆڵی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق زیاتر بکرێت، کە کار بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک سەرجەم ناوچاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانیانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەم و سەری ڕێز و نەوازشی بۆ شەهیدانی پاراستنی کەرکووک و کوردستان دادەنوێنین.
نووسینگەی
د. نەجمەدین کەریم[1]