سوپاس
ئەنتوان چیخۆف
وەرگێڕانی #دلاوەر قەرەداغی#
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یولیا ڤاسیلی ئونا، پەرستاری منداڵەکانم بۆ ژووورەکەم بانگ کرد تا مانگانەکەی بدەمێ.
پێم گوت: دانیشە یولیا. دەزانم پارەت پێ نییە، بەڵام شەرم دەکەیت و قسە ناکەی. سەیرکە. ئێمە ڕێککەوتین مانگانەکەت سی ڕۆبڵ بێت. وایە؟
- نە و، چل ڕۆبڵ.
- نا، خۆم نووسیومە. من هەمیشە سی ڕۆبڵ دەدەمە پەرستاری منداڵەکانم، ئێستا ئاگاتان لە من بێ. تۆ دوو مانگ ئیشت بۆ کردووم.
- ڕێک دوو مانگ و پێنج ڕۆژ.
- نا، دوو مانگ. خۆم نووسیومە. دەکاتە شەست ڕۆبڵ. هەڵبەت دەبێ نۆ دانە یەکشەممەی لێ دەربکرێ. وەک دەزانیت یەکشەمموان لای کولیا نەدەبوویت و بۆ پیاسە دەچوویت بۆ دەرەوە. ئەوە جگە لە سێ ڕۆژی پشوو کە....
یولیا ڤاسیلی ئونا لە شەرمدا سوور هەڵگەڕابوو و خەریک بوو گەمەی بە لۆچی عەزییەکەی دەکرد، بەڵام دەنگی دەرنەدەهات.
- سێ ڕۆژی پشوو.... کەواتە سێ ڕۆژی پشوو دەکاتە دوازدە ڕۆبڵ، نۆ یەکشەممەشی لی دەردەکەین... کولیا چوار ڕۆژ نەخۆش بوو. ئەو ڕۆژانە تۆ ئاگات لێی نەبوو و تەنها ئاگات لە ڤانیا بوو. تەنها ڤانیا و سێ ڕۆژی تر خۆت ددانت دەئێشا و ژنەکەم ڕوخسەتی دایت دوای شێو لای منداڵەکان نەبیت. دوازدە و حەوت دەکاتە نۆزدە. لە شەستی دەرکە. مۆڵەتەکان، ئەها... نۆزدە ڕۆبڵ لە شەست دەر بکە، دەکاتە چلویەک ڕۆبڵ. وایە؟
چاوی چەپی یولیا سوورهەڵگەڕاو و پڕ لە فرمێسک بووبوو. چەناگەی دەلەرزی. کەللەییبووانە دەکۆکی. کەپووی هەڵبڕی و هیچی نەگوت.
-.... پاشان نزیکی ساڵی تازە، فنجان و ژێرفنجانێکت شکاند. دوو ڕۆبڵی لێ دەرکە. فنجانەکە لە دوو ڕۆبڵ زیاتری دەهێنا. میراتیی بوو، دەی قەینا با لەوە گەڕێین. دەبێ حیسابی هەموو شت بکەین و... بەڵام شتەکانی تر... هەروەها بەهۆی ناوریایی تۆوە، کولیا سەرکەوتە سەر درەختێک و چاکەتەکەی دڕا. دەی لێی دەر بکە... هەروەها ناوریایی تۆ بووە هۆی ئەوەی کارەکەری ماڵەکە بە پێڵاوەکانی ڤانیا وە هەڵبێت. دەبوو چاوت باش بکەیتەوە. خۆ تۆ مانگانەیەکی باش وەردەگری. کەواتە پێنج ڕۆبڵی تری لێ دەردەکەین... لە دەی مانگی یەکیشدا دە ڕۆبڵت لێ وەرگرتم....
یولیا تکاکارانە گوتی:
- وەرم نەگرتووە.
- لای خۆم نووسیومە. زۆر باشە... ڕەنگە تۆ.... بیستوحەوت ڕۆبڵ لە چلویەک دەرکە... دەمێنێتەوە چواردە.
چاوانی یولیا پڕ لە فرمێسک بوون و ڕوخسارە ئارەقەکردووەکەی ناسک دەینواند. بەو حاڵەوە گوتی:
- کەمم وەرگرتووە... سێ ڕۆبڵم لە هاوسەرەکەتان وەرگرتووە، زیاتر نا.
- بینیت؟ خۆ من ئەو سێ ڕۆبڵەم نەنووسیبوو. کەواتە با سێش لە چواردە دەرکەین. دەمێنێتەوە یازدە... فەرموو بیگرە: ئەمە سێ و سێ و سێ و یەک و یەک.
یازدە ڕۆبڵم پێ دا. بە دەست و پەنجەی لەرزۆکەوە وەری گرت، لە گیرفانی نا و بە ئەسپایی گوتی:
- سوپاس.
ڕاچڵەکیم. لە کاتێکدا کە کەللەیی بووبووم، بە درێژایی و پانی ژوورەکە کەوتمە هاتوچۆ و پرسیم:
- بۆچی گوتت سوپاس؟
- بۆ پارەکە.
- یانی تۆ ئاگادار نەبووی کە خەریک بووم فێڵم لێ دەکردیت و پارەکەم دەخواردیت؟ تاقە شتێک کە دەتتوانی بیڵێیت هەر ئەم سوپاس ە بوو؟
- لە جێگای تر ئەوەندەشیان پێ نەداوم.
- ئەوانە هیچیان نەداوە پێت! زۆر باشە. سەیر نییە. من خەریک بووم فێڵم لێ دەکردیت. فێڵێکی پیس. ئێستا من هەشتا ڕۆبڵت دەدەمێ. هەمووی لەو زەرفەدایە. ها بیگرە.... بەڵام ئایا دەکرێ کەسێک ئەوەندە نەزان بێت؟ بۆچی ناڕەزاییت دەرنەبڕی؟ بۆچی فززەت لێوە نەهات؟ چما دەکرێ کەسێک لەم دنیایەدا ئەوەندە لاواز بێ؟
کولیا زەردەخەنەیەکی تاڵی هاتێ کە مانای بەڵێ دەکرێی ی دەگەیاند.
داوای لێبوردنم بۆ ئەو گەمە دڵڕەقانەیە لێ کرد کە لەگەڵیدا کردبووم. هەشتا ڕۆبڵەکەم پێدا کە بۆی هەر زۆر ناچاوەڕوانکراو بوو. دیسان چەند جارێک بە ترسەوە گوتی:
- سوپاس. سوپاس.
پاشان لە ژوورەکە چووە دەرەوە. منیش مات و حەیران بووم لەوەی کە لە دنیایەکی ئاوهادا، بنیادەم چەند ئاسان دەتوانێ هەڵەوەڕ بێ.[1]