کارەساتی هەڵەبجە لە ڕۆمانی قوربانی ژمارە 256دا
#سەدیق سەعید ڕواندزی#
هەموو ڕووداوێک کە ڕوودەدات، پەیوەستە بە کات و شوێنێکی دیاریکراوەوە. کردەی ڕووداو دوای ڕوودانی دەبێتە مێژوو، بۆیە گەڕانەوەمان بۆ ڕووداوەکە، واتا گەڕانەوە بۆ مێژوو، کە تیایدا بە شێوەیەکی کرنۆلۆژییانە و بە دوای یەکترداهاتنی زنجیرەی ڕووداوەکان پێکدێنێت. بۆیە دەکرێ بڵێین هەموو ڕووداوێک هەڵگری دوو زەمەنی جیباوازە، زەمەنێک کە ڕووداوەکەی تیادا ڕوودەدات و دەمی ئێستای ڕووداوەکەیە، زەمەنێکیش کە دەگەڕێینەوە سەر ڕووداوەکە، دوای ساڵانێکی زۆر لە ڕوودانی ڕووداوەکە جا هەر ڕووداوێک بێت. یەکێک لە دیارترین خاسیەتەکانی گێڕانەوەی ڕووداوێک ئەوەیە، کە بگێڕەوەی ڕووداو، چەند توانای ئەوەی هەیە، ڕووداوەکە بگێڕێتەوە کۆنسێکتە مێژووییەکە و ئه و هەستە لای بۆ بگێڕەرەوە دروست بکات، کە ئه و لە نێو جەرگەی ڕووداوەکە دابووە، ئەگەر خۆشی تیادا بەشدار نەبووبێت. به و مانایەی دەگەڕێینەوە سەر ڕووداوێکی مێژوویی، ئیدی بچینەوە نێو ئه و ساتانە و زەمەن بوەستێت، نەک خودی ڕووداوەکە، بێتەوە نێو زەمەنی ئێستا کە زەمەنی گێڕانەوەی ڕووداوەکەیە.
ئەوەندەی وەک خوێنەرێک تێبینیم کردبێت، لە بەشێک لە گێڕانەوە ئەدەبی و بایۆگرافییەکان، ئه و دوو زەمەنە لەلایەن نووسەرانەوە هەستی پێ ناکرێت و لە یەکتری جیا ناکرێنەوە. به و مانایەی ڕووداوێک دەگێڕنەوە لە ڕابردوو ڕوویداوە، ئیدی لەبری ئەوەی بۆ زەمەنی ڕوودانی ڕووداوەکە بگەڕێنەوە، بەپێچەوانەوە ڕووداوەکە دێننە نێو زەمەنی ئێستاوە. بۆیە دەکەونە هەڵەی زەقەوە، کە خۆشیان هەستی پێ ناکەن. جارێکییان کتێبێکم لە بارەی کۆچڕەوەکە دەخوێندەوە، نووسەرەکەی نووسیبووی (باران لە پێنج ملیۆن مرۆڤی دەدا) ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئه و کات، ڕەنگە کەمتر لە دوو ملیۆنیش بووبێت. ئەم درک پێ نەکردنەی زەمەنی گێڕانەوە و زەمەنی ڕوودان، دواجار ئه و هەڵەیەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە کردەی گێڕانەوە، هەر تەنها گێڕانەوەی ڕووداوێک نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ زەمەن، شوێن، هەموو ئه و پێکهاتە سروشتی و مرۆیی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییانەی ژیانی ئەوکات. به و مانایەی بۆ گێڕەرەوە، لەپەراوێزی گێڕانەوەی ڕووداوەکە، زەمەنی ئێستا جێدیڵێت و دەچێتەوە نێو ڕابردوو، لەگەڵ فەزای ڕووداوەکە دەژی. له و ڕوانگەیەوە، ڕۆمانی (قوربانی ژمارە 256) یەکێکە له و ڕۆمانانەی خوێنەر لە میانەی خوێنەوەیدا، زەمەنی ئێستا کە ساتی خوێنەوەی ڕۆمانەکەیە، لەبیر دەکات و بێ ئەوەی هەستی پێ بکات دەگەڕێتەوە سی ودوو ساڵ لەمەوبەر کە ڕژێمی بەعس هەڵەبجەی کیمیاباران کرد. له و ڕۆمانەدا، کارەساتەکە گێڕانەوەیەکی مێژوویی و کرنۆلۆژیی نییە، وەک ئەوەی لە مێژوودا هەیە، بەڵکو هێنانەوەی ڕووداوەکەیە بۆ زەمەنی ئێستا، هەر بۆیە کە ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، ئه و کارەساتەمان دێتە بەرچاو وەک ئەوەی ئێستا ڕوویدابێت و خۆمان لە نێو جەرگەی کارەساتەکە بین. ئەم شێوازە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکە و بەستنەوەی زەمەنی فیزیکی ڕووداوەکە، بە زەمەنی دەروونی خوێنەرانەوە، فۆرمێکی هونەری جوانی بە ڕۆمانەکە داوە، کە تیایدا ئه و کارەساتە نابێتە ڕووداوێکی ڕابردووی بەشێک لە مێژووی خوێناوی ئێمە، بەڵکو وەک کردەیەکی تراژیدی بەردەوام دەبینرێت. ئەمەش جیاکردنەوەی ڕووداوێکی واقیعی و مێژووییە، لە بەرجەستەکردنەوەی هەمان ڕووداو، لە دەقێکی ئەدەبیدا. چونکە لە ئاستی واقیعدا ڕووداو دەبێتە ڕابردوو، بەڵام لە دووتوێی ڕۆماندا، ڕووداو بەردەوامی دەبێت و زەمەن و شوێنەکان دەبڕێت.
$کارەساتەکان لە ڕۆماندا بەسەر ناچن$
بۆیە کارەساتەکان لە نێو ڕۆماندا بەسەرناچن، بەڵکو دەمێننەوە، ئەویش لەپەراوێزی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەوە بە بەردەوامی و بۆ هەمیشە. ئەم ڕۆمانە، سەرگوزشتەی ژیانی منداڵێکی هەڵبجەییمان لەسەر زاری خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، کە منداڵی و شوێن و یادەوەریی و هەموو پەیوەندییەکی ڕۆحی و خێزانی، لە پەراوێزی ئه و کارەساتەوە لەدەستدەدات و بۆ هەتایە، لە دنیای منداڵی خۆی دادەبڕێت و دەبێتە قوربانییەکی زیندووی ئه و کارەساتە. ئاسۆ پاڵەوان و هاوکات گێڕەوەی سەرەکی ڕۆمانەکەشە، لە گەڕەکی قاوەچییانی هەڵەبجە دەژی و ڕزگاربووی ئەنفالە بەدناوەکانە. خۆی و زریانی دایکی و باپیرەیەک، لە ماڵێکدا خەمەکانی دوای ئەنفال کۆی کردوونەتەوە و ئەوەندەی پێ ناچێت، کارەساتێکی دیکەشیان بەسەر دادێت، ئەویش کیمیابارانی هەڵەبجەیە. ئاسۆ لەگەڵ ژێهات و سیوەر، دیاری، لە نێو دنیای منداڵی خۆیان دانە و نازانن لە چرکە ساتێکی کەمدا، لێک دادەبڕێن و قیامەت بە چاوی خۆیان دەبینن. لەپڕ فڕۆکەیەک، گازێک کە بۆنێکی وەک بۆنی سێوی هەیە، دەڕژێنێتە سەرشار و لە چرکە ساتێکدا، ژیانی هەموو مرۆڤەکان و سروشت و بوونەوەرەکانیش، ژێراو ژێر دەبێت و بۆ هەتا هەتایە، ژیان ناگەڕێتەوە پێش ڕوودانی ئه و کارەساتە، ئاسۆ، کە لە بنەڕەتدا کچە، بەڵام باپیرەی وەک کوڕێک دەیناسێنێت و بەم شێوەیەش جگە لە زریانی دایکی، کەس هەست به و دوالیزمییەی کەسێتی ئاسۆ ناکات. دایکی چەندین جار، هانا وەبەر باپیرەی دەبات، تا ئاسۆ وەک کچ بژی و ڕەفتار بکات، بەڵام ئه و ڕەتی دەکاتەوە و سووردەبێت لەسەر ئەوەی ئاسۆ پیاوانە بژی. بە بڕوای من، نهێنی ئه و بەپیاو ناساندنەی ئاسۆ لەلایەن باپیرەیەوە لەوەدایە ئاسۆ و دایکی ڕزگاربووی کارەساتی ئەنفالن، کە سەدان هەزار پیاوی کوردی تێدا لە نێو برا، هێشتنەوەی ئاسۆ له و ناسنامە پیاوبوونەیەدا سیمبولێکە بۆ هێشتنەوەی هێز و خۆڕاگریی، ورە و ئازایەتی پیاوی کورد لە دیدی باپیرەیدا. بۆیە باپیرەی تا دەشمرێت، ئاسۆ وەک منداڵێکی کوڕ دەبینێت. ئاسۆ و دایکی لە پاڵ قوربانی ئەنفال، قوربانی دەستی عومەری شەهلای خۆفرۆشیشن. ئه و عومەرەی هێمای جەلادیی و خۆفرۆشیی و نەبوونی هیچ جۆرە هەست و سۆزێکی مرۆییانەیە و تەنێ لەپێناوی بەرژەوەندی خۆی، ئامادەیە هەموو شتێک بکات هەر وەک خۆشی لە ڕۆمانەکەدا دەڵێت (مرۆڤ دەبێ تەنها بیر لەپارە بکاتەوە، پارە و هیچی دیکە نا، هیچ شتێک لە پارە گرنگتر نییە. لا 282) بەم شێوەیەش، زریانی دایکی ئاسۆ، وەک کەنیزەیەک لە خزمەتی خۆی دەبینێت.
$روویەکی دیکەی مرۆڤی کورد$
ئەم کارەکتەرە، ڕووێکی ناشیرین، هاوکات بێ بەهای هەموو ئه و خۆفرۆشانە نیشان دەدات، کە لە سەرووبەندی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا، لە سەنگەری دوژمن دابوون و بەدیار کوشتنی هاوشوناس و هاوخوێنەکانیان پێدەکەنین. بۆیە بەرجەستەکردنی ئه و کارەکتەرە، به و شێوازە نامرۆیی و دڵڕەقییە، ناڕاستەوخۆ نیشاندانی ڕووێکی دیکەی مرۆڤی کوردە، کە چۆن جاشێتی و بەرژەوەندیی و خۆفرۆشی، دایماڵیبوون لە هەموو بەهایەکی جوانی مرۆییانە. لێرەوەش عومەری شەهلا، وەک تارمایەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن، هاوتەریب لەگەڵ ئاسۆ و زریانی دایکی دەمێنێتەوە، کە گوزارشت لە نامرۆییبوون دڕندەیی خۆی دەکات. حەسەنی سمێڵ قیت، کارەکتەرێکی دیکەی ڕۆمانەکەیە و خاوەنی چایخانەیەکە لە نێو شاردا. ڕۆماننووس لە وێناکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و مۆزیکایی (هاوئاوێتە بوون) هەڵەبجەییەکاندا، ڕەچاوی ئه و تایتمەندییە هەمەجۆرەی لە ژیان و سروشت و پێکەوەژیانی هەڵەبجەییەکان لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە کردووە. بۆیە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکشی (هەواسی لانەواز، هەیاس، حەسەنی سمێڵ قیت، نەشمیل و شوان، دلبەر، دایە خەجی) و گەلێکی دیکەش ڕەنگدانەوەی ئه و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەیە کە لە شاری هەڵەبجەدا هەیە. ڕۆماننووس له و ڕۆمانەدا، لە ڕووی زەمەنییەوە ساتەکانی پێش ڕوودانی کارەساتەکە، بە چەند ڕۆژێک وێنا دەکات و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەش له و ساتەوە دەست پێ دەکەن، کە بۆ چەند ڕۆژێک هەڵەبجە، لەژێر چڕنۆکی بەعسدا ئازاد دەکرێت و خەڵکەکەی هەناسەی ئازادی هەڵدەمژن، بەڵام ئەم ئازادییە، چەند ڕۆژێکی کەم بەردەوام دەبێت و ئیدی شارەکە دەکەوێتە بەرشاڵاوی کیمیاباران و ڕەوتی ژیان له و شارەدا وێران دەبێت. ئاسۆ، هەر ئەوەندە دەزانێت لەگەڵ ئاپۆرای خەڵکەکە بەره و سنوور ڕه و بکات و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن، لە نێوان چرکەساتەکانی مردن و ژیاندا، هەڵەبجە بەره و گوندی شێخ ڕەش له و دیو سنوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات جێبێڵێت. بەڵام نەهامەتییەکانی ئاسۆ، لێرەشدا کۆتاییان نایەت. له و کۆچەدا، دایکی ئاسۆ و دایەخەجێش، کە یەکێکی دیکەیە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە و لەگەڵ ئاسۆ و دایکی بەناچاری لە ترسی تارمایی مەرگ هەڵاتوون و وەک داپیرەیەک وایە بۆی، هەردووکییان دەمرن. بەمەش ئاسۆ، تەنها و بێ لانە دەمێنێتەوە، هەواسی لانەواوز، کە هەر وادەزانێت ئاسۆ کوڕێژگەیە، دەبێتە چاودێر و سەرپەرشتیاریی و بەردەوام خۆی و خەمەکانی دەلاوێنێتەوە. بەڵام ئەویش دەڕوات و ئاسۆ جارێکی دیکە تەنها و بێکەس، لە نێو چادرێکی چادرگەی ئاوارەکاندا، لە نزیک گۆڕستانی گوندەکە دەمێنێتەوە و ڕۆژێک بەڕێکەوت پێ دەگوترێت کە دەبردرێتە بنکەی چاودێری بێلانەکان، بەڵام ئەو، چونکە هەر بەخەیاڵی گەڕانەوە بۆ دار و پەردووی هەڵەبجە دەژی، بۆیە نزا لەسەر مەرقەدی شێخی سەڵان دەکات، کە نەیبەنە ئه و شوێنە. نزاکەی گیر دەبێت، بەڵام بەداخەوە بەهاتنەوەی عومەری شەهلا و دۆزینەوەی لە چادرگەکەدا.
$تارمایی جەللاد$
تا ئێوارەیەکیان عومەری شەهلا، خۆی دەکات بەچادرگەی ئاسۆ و جارێکی دیکە، تارمایی ڕاستەقینەی ئه و جەللادە دەگەڕێتەوە، کە لە شاری هەڵەبجە، وەک سێبەر بەدوایانەوه بوو. بەهۆی ئه و ترس و فۆبیایەی عومەری شەهلاش لە ڕابردوودا، کە لە ناخ و دەروونی ئاسۆ جێی هێشتووە، ناتوانێت هیچ بکات. بۆیە عومەری شەهلا، دەستە جلێکی کچانەی بۆ دەکرێت و دەیباتە تاران و دواتریش وەک منداڵێکی کارکەری سەر شەقام، دەیکاتە فرۆشیاری گۆڕەویی لەبەردەم مزگەوتێک بە مەبەستی سیخوڕیکردن. واتا عومەری شەهلا دەیەوێت ئاسۆ لەسەر هەمان نەزمی ژیانی ئەو، کە پارە لای هەموو شتێکە، بژی و لەپێناوی پارەدا هەموو کارێک بکات. ئاسۆ لە نێو ئه و ژیانە دەمێنێتەوە، تا دواجار ماریا بەهانایەوە دێت و جەنگی ئێران و عیراقیش کۆتایی دێت، بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی بۆ هەتا هەتایەش خەونی منداڵی و ژیانی ئاسۆش کۆتاییان دێت و ڕوو لەهەر شوێنێک دەکات، تارمایی مەرگ و سێبەری کارەساتی هەڵەبجە و عومەری شەهلای بەخەیاڵ بەسەرەوەیە. بە ونبوونی عومەری شەهلاش، کۆتایی بە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دێت. ڕۆماننووس بەشێوەیەک وەسفی عومەری شەهلا دەکات، کە خوێنەر وێنەیەکی قێزەوەن و ناشیرینی ئه و کارەکتەرە، لە هزر و ڕوانینی خۆی دروست دەکات و بێ ئەوەی بینیبێتی، ڕقی لێ دەبێتەوە و هەستی هاوسۆزی بۆ ئاسۆ و دایکی کە قوربانی دەستی ئه و خۆفرۆشەن لادروست دەبێت، ئەم ڕۆمانە، کارەساتی هەڵەبجەی لە فۆرمێکی ئەدەبی جواندا بەرجەستە کردۆتەوە و جارێکی دیکە ئه و تراژیدیایەمان دێنێتەوە بەرچاو، لە ڕێگەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەوە. ڕۆمانەکە، هەڵەبجەییەکان و مرۆڤی کوردیش، وەک قوربانی دەستی ڕژێمێکی فاشی و دڕندە پیشان دەدات، کە چۆن قەدەغەترین چەکی کیمیایی لە سەر تاقیکرایەوە. ئاسۆ، گوزارشت لە هەموو ئه و منداڵە هەڵەبجەییانە دەکات، کە بوونە قوربانی و تاکو ئێستاش، لە نێو ئه و یادەوەرییە تاڵ و تراژیدیەدا دەژین. بێگومان ئێمە بۆ ئەوەی کارەساتەکانمان لە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا بە نەمری بهێڵێنەوە، دەبێ لە یادەوەریی و لە ژیانماندا، هەمیشە بەردەوام بن و نەبنە مێژوو. ئەدەب بەگشتی و ڕۆمانیش بەتایبەتی، ڕێگەیەکە بۆ هێشتنەوەی کارەساتەکان و بەرز ڕاگرتنیان، بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ زەمەن و سەردەمەکاندا، کارەساتەکان هەمیشە لە یادەوەریمان بمێننەوە و نەچنە پەراوێزی مێژوو. دواجار دەستخۆشانە لە (رێباز مستەفا) ی وەرگێڕی ڕۆمانەکە دەکەم، وەک کارەکانی دیکەی، ئه و ڕۆمانەشی بەزمانێکی کوردییانەی یەکجار جوان و پەتی وەرگێڕاوە و خوێنەر کە دەیخوێنێتەوە، زمانی کوردی لاشیرین دەبێت و ئاشنای چەندین وشە و دەربڕینی پەتی کوردانە دەبێت و هاوکات شانازیش بەزمانەکەیەوە دەکات. [1]