مریەمی ئیبراهیم پور: حەزم دەکرد خەڵکی سلێمانی بومایه
ئا: ئازاد بایز
خانمە هونەرمەندی فارس، مریەمی ئیبراهیم پور کاتێک پێش 22 ساڵ هاتە شاری سلێمانی، نەیدەتوانی بەکوردی قسە بکات، بەڵام خۆشەویستیی ئه و شارەی لەدڵدا چەسپیوە بەرادەیەک کە دەڵێت ئەگەر بەدەستی من بوایە سلێمانیم دەکرد بەپایتەختی ڕۆشنبیریی هەمو جیهان.
مریەمی ئیبراهیم پور سەرەتای ئاشنایی و خولیای هونەری بۆ ئاوێنە گیڕایەوه و باسی لەوە کرد کاتێک تەمەنی چوار ساڵ بوە، باوکی کۆچکردوی تارو سەنتوری ژەندوه و له و کاتەوە خولیای هونەریی بۆ دروست بوە.
سەرەتای دەستپێکی هونەریی ئه و خانمە هونەرمەندەش دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی 11 ساڵی کە لەتیپی هەڵپەڕکێی میللیدا بەشداری کردوە، ئەو، لەخێزانێکی هونەرییدا گەورەبوه و هەر له و تەمەنەشدا باوکی پیانۆیەکی بەدیاریی بۆ کڕیوە، تا ئێستاش وەک یادگارییەکی جوان لەلای خۆم هێشتومەتەوە.
مریەمی ئیبراهیم پور کە خێزانی ئەرسەلان کامکاره و زۆربەی کارە هونەرییەکانی لەگەڵ ئه و گروپە مۆسیقییەی ڕۆژهەڵاتدایە، لەدوای ساڵی 2000 ەوە لەلایەن هاوڵاتیانی باشوری کوردستانەوە ناسرا، ئەویش دوای کلیپکردنی گۆرانیی بولبولی باڵشکاو.
له و بارەیەوە دەڵێت من لەساڵی 1993ەوە ئه و گۆرانیەم تۆمارکردوه، بەڵام دوای 7 ساڵ کلیپی بۆ کرا، ئه و کاتە هاتمە شاری سلێمانی خۆشەویست و خاکی تیڤی کاری کیلپەکەیان بۆ کردم.
هەروەها دەڵێت ئه و کاتە زمانی کوردیشم نەدەزانی، هەر بۆیە ئەرسەلان کامکاری هاوسەرم شیعرەکەی بۆ هێنام و هۆشەنگ کامکار مۆزیکەکەی دابەشکرد و پاش پرۆڤەیەکی زۆر ئینجا بەرهەم هات.
مریەمی ئیبراهیم پور باس لەسەختی کاری هونەریی دەکات لەئێرانداو ئاشکرای دەکات کە ئەگەر لەناو بنەماڵەی کامکاران نەبوایە هەرگیز نەیدەتوانی گۆرانی بڵێت.
لەبارەی سەردانەکەی شاری سلێمانییشەوە پێش 22 ساڵ، ئه و خانمە هونەرمەندە سەرسامیی خۆی بۆ ئه و شارە دەردەبڕێت و دەڵێت گەورەترین چانسی ژیانم ئەوەبو لەساڵی 2000 هاتمە سلێمانی و دو گۆرانیم کلیپ کرد. بەبێ زیادەڕۆیی بەراستی شاری سلێمانی شاری هونەرو فەرهەنگ و کلتورە، باوەڕبکەن ئەگەر بەدەستی من بوایە ئه و شارەم دەکرد بەپایتەختی ڕۆشنبیریی هەمو جیهان.
هەروەها دەڵێت من کە هاتمە باشوری کوردستان، سلێمانی و هەولێرو دهۆک گەڕام. بەڵام هیچ شارێکیان لەڕوانگەی هونەرەوە ناگاتە سلێمانی. سەرسامی سلێمانیم کە خانمە گۆرانیبێژەکانیان بەئازادانه و ئازایانە لەسەر تەختی شانۆ گۆرانی دەڵێن. بەراستی منیش حەزم دەکرد خەڵکی سلێمانی بومایه و بەئازادی گۆرانیم بوتایە، ئەگەر وابوایە ئێستا ناوێکی تر دەبوم.
مریەمی ئیبراهیم پور سەرسامی خۆی بۆ هونەرمەندی کۆچکردو مەرزیەی فەریقی دەردەبڕێت کە لەسەر شانۆ گۆرانی وتوە، بەڵام ئازارو تانه و تەشەرەی لەئێمە دەدرێت لێرە، به و خانمانەی سلێمانیش بکرایە ئەوانیش نەیاندەتوانی به و شێوەیە گۆرانی بڵێن.
لەبارەی کاری هونەریی نوێوە، ئه و خانمە هونەرمەندە ئاشکرای کرد کە کاری نوێی ئەلبومێکی 8 تراکیە، کە چواریان تۆمارکراوه و دوان لەشیعرەکانی هی عەبدوڵا گۆرانە.
مریەمی ئیبراهیم پور ئاماژە بەوەش دەکات کە ئه و عاشقی هۆرەی هەورامانە، هەروەها سەرسامە بەگۆرانییەکانی ئەیوب عەلی، من هەرچەندە فارسیشم بەڵام کاتێک گوێ لەگۆرانییەکانی ناسڕی ڕەزازی دەگرم، هەستێکی زۆر تایبەتم دەبێت.
هەروەها ئاشکرای دەکات کە عەبدوڵا پەشێوی شاعیر تەلەفۆنی کردوه و پێی وتوە مریەم خان، فەیروز چەندە هونەرمەندێکی بەرزە بۆ لوبنان، تۆش ئەوەندە بەرزو خۆشەویستی بۆ کورد.
لەبەرامبەر ئه و وتانەدا، مریەم ئیبراهیم پور دەڵێت ئیتر چۆن ڕۆحی خۆم بەقوبانی کورد نەکەم؟
لەکۆتاییشدا ئه و خانمە هونەرمەندە ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی من فارسم و کوردی زۆر بەباشی نازانم. تەمەنا دەکەم پەیامەکەم باش گەیاندبێ بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنەی خۆشەویست کە لەسلێمانی ئازیز دەردەچێت.[1]