پەرێز لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
دوای دروێنەی گەنم و جۆ و کۆکردنەوەی مەڵۆ و سوارە و کیشە و قرشە و گواستنەوەی بۆ سەر بێدەر و خەرمان و چۆخین، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قەسەری بەرداس نەکەوتوو، دەوویتە لەوەڕی مەڕوماڵات پێی دەوترێت: پەرێز، بەر لەوەی ئاژەڵ پەرێزەکە بخوات لەبەر ئەوەی پڕییەتی لە وشوو-هێشووی وەریووی گەنم و جۆ، پێی دەوترێت: گەرمە پەرێز، جوتیاری کورد، لە بەر بەپیتی و بەکەڵکی پەرێز، ناوی لە کیژەکانی ناوە: پەرێز، ئه و سەپان و پاڵانەی کە چوست و چالاک و ئازا و شارەزا بوون لە داس وەشاندن و گرتنی قەزناغ و سوارە تێکچڕژان و بەستانەوەی مەڵۆیان، کەمترین گوڵە گەنم و جۆ لە دەستیان پەڕیوە و پڕژاوە و هیچ داوەرێکیان نەبووە به و سەپانانە ووتراوە: پەرێزیان پاکژە یان بێ داوەرن، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بۆ ڕابردوو پاکی هەر مرۆڤێک کە گەندەڵی و خراپەکاری نەکردبێت دەوترێت: پەڕێزی پاکژە، پێچەوانەش وتراوە: #پەرێزی پاکژ نی یە#، هەندێجاریش وتراوە: سپیکردنەوەی پەرێز، ئەگەر کەسێک ڕابردووی پڕ گیروگرفت و بەرزی و نزمی و خراپەکاری و گەندەڵکاری و خوێن ڕشتن بێت، خۆی باس لە خۆی بکات بەتەوسەوە پێی دەوترێت: ئەمە سپیکردنەوەی پەرێزە، هەروەها وتراوە: ئەگەر مەڕمان نەدیبێ لە هەوێزێ، قشپلمان دیووە لە پەرێزێ، هەوێز شوێنی حەوانە و پشوو دانی ڕانە، لەبەر ئەوەی زۆر تێرە و کاتی پشووە زۆرترین پاشەڕۆی پشقڵل و قشپل دەکات و هەوێز ڕەش دەچێتەوە، ئەوە ئەگەر لە دانگە لەوەڕی باشی بوو بێت وەک: گەرمە پەرێز بەنمونە، لەناو پەرێزیش لەبەر تێر و پڕی بەهەمان شێوە سل و قشپلی خۆی دەکات، هەندێجار کەسانێک دەیانەوێت خۆ لە خەت بدەن و هەندێ ڕاستی بشارنەوە کوردیش به و پەڕی متمانەوە دەڵێت: ئەگەر مەڕمان نەدیبێ لە هەوێزێ، قشپلمان دیووە لە پەرێزێ، واتە قسە لە ئێمە مەشارەوە دەزانین چ گوزەراوە و دەگوزەرێ، بە خۆپارێزی و تێکەڵی کەسی تر نەبوون و خۆدوور گرتن و دوورکەوتنەوە، توخن نەکەوتنی باس و خواسیش وتراوە: دوورە پەرێز وەستان، لە کوردیپێدیاشدا ئەم ئیدیۆمانە شیکراونەتەوە: #زەرفی عەلاگە دەباتە پەرێزێ#، پەرێزی پاکژ نیە، #چاوی ڕەش کرد بۆ هەوێزێ، تۆشمان دیوە لە پەرێزێ#، #پەرێزە و بێ ڕێزە#.[1]