دوای زیاتر لە سەدەیەک لە شۆڕشەکەی #شێخ مەحمودی حەفید# یەکەم مەلیکی کوردستان، بەریتانیا بەفەرمی داوای لێبوردن لە کورد و بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید دەکات، نەوەیەکی شێخ مەحمودیش لەڕێگەی شارپرێسەوە زانیاریی زیاتر ئاشکرادەکات.
شێخ مستەفا حەفید لەلێدوانێکی تایبەتدا بەشارپرێسی وت: زۆرشت هەن کە لە مێژوودا ڕوویانداوە شاراوەن و دیووە ڕاستیەکەیان دیار نییە، یان بەئەنقەست شاردراونەتەوە، یان مێژوونوسان غەدریان کردووە، بۆ نمونە مێژونوسێک نەهاتووە بەڕاستی دژایەتی بەریتانیا باسبکات دژی کورد و شۆڕشەکەی یەکەم مەلیکی کوردستان.
ئاشکراشیکرد، بۆ سەلماندنی ئه و ڕاستیە کە بەریتانیا دژایەتی کوردی کردووە و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ کورد پێ نەبووە جگە لە دژایەتیکردن، ماوەیەک لەمەوبەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە سەردانێکیدا بۆ دیوەخانی شێخ لەشاری #سلێمانی#، باسی له و ڕۆژگارانە کرد کە کورد خەباتی دەکردوو ئەوانیش نەک هیچیان بۆ کورد نەکرد، بەڵکو دژایەتیشیان کرد.
نەوەکەی شێخ مەحمود باسی لەسەردانەی باڵیۆزی بەریتانیا کرد بۆ دیوەخانەکەی شێخ و وتی: باڵیۆز بەئاشکرا ڕایگەیاند، ئێمە ئەوکات و له و سەردەمەدا هچیمان بۆ کورد پێنەبووە و هیچمان بۆ کورد نەکرد جگە لەدژایەتیکردن، بۆیە بەفەرمی وەکو شانشینی بەریتانیا داوای لێبوردن لەگەلی کورد و بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید یەکەم مەلیکی کوردستان دەکەین.
وەکو شێخ مستەفا باسیکرد، هەر لەماوەی ڕابردووش وەکو باڵیۆزخانەی بەریتانیا داوای چەند وێنەیەکی مێژویی و دەگمەنی شێخ مەحمودیان کردوو ئێستا ئه و وێنانە لەباڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی بەریتانیا لە عێرا ق و هەرێم هەڵواسراون.
شێخ مستەفای حەفید باسی لە فێستیڤاڵێک کرد بۆ یادی یەکەم مەلیکی کوردستان و وتی: لەئێستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی و بنەماڵەی شێخ مەحمود، مانگی 10ی ئەمساڵ لەدەربەندی #بازیان#، گەورەترین فێستیڤاڵ بۆ یادی شێخ مەحمود دەکرێت بەئامادەبونی سەرجەم باڵیۆزانی وڵاتانی دونیا کە لە عێراقن لەگەڵ کونسوڵخانەکانیان لەهەرێمی کوردستان.
ئەوەشی وت، بۆ ئه و مەراسیمە سەرجەم بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمیش بانگهێشتکراون، چاوەڕوان دەکرێت ئه و فێستیڤاڵە بەبەشداریی نزیکەی 100 هەزار لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەبچێت.
لەنێوان ساڵانی 1919و 1922 شێخ مەحمودی حەفید حکومەتێکی کوردیی پێکهێناو دوو شۆڕشی دژی حوکمی بەریتانیا بەرپاکرد، دوو ساڵی پێچوو تا دەسەڵاتی بەریتانی توانیی ڕاپەڕینەکان سەرکوتبکا
وەکو شێخ مستەفا ئاماژەی پێدا، ڕەتکردنەوەی بەریتانیەکان بۆ حوکمی سەربەخۆی کورد لەوەوە سەرچاوەیگرت، کە ئەگەربێت و حوکمی سەربەخۆی کورد لە ناوچەکەدا سەربگرێت، وادەکات عەرەبەکانی تر لە هەردوو ناوچەی #بەغدا#و بەسرە داوای سەربەخۆیی بکەن و بەمەش کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەریتانیەکان بەسەر میسۆپۆتامیادا لەناودەچێت.
لەساڵی 1922 دوای دورخستنەوەی شێخ مەحمود بۆ هیندستان، جارێکی تر بەریتانیا شێخ مەحمودیان گێڕایەوە سەر دەسەڵات، بەو هیوایەی شێخ مەحمود کوردەکان ڕێکبخاتەوەو دژایەتی تورکەکان بکات کە داوای #موسڵ #و #کەرکووک#یان دەکرد، ئەوە بوو شێخ مەحمود حکومەتی کوردستانی ڕاگەیاند و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ناساند، دواتر ڕەزامەندی دەربڕی بەئۆتۆنۆمییەکی سنوردار لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی تازەپێکهێنراودا.
لەساڵی 1930 و دوای ڕاگەیاندنی وەرگیرانی عێراق لە(عوسبەتول ئومەم)، شێخ مەحمود سێیەم ڕاپەڕینی دەستپێکرد کە بەهێزە زەمینی و ئاسمانییە بەریتانییەکان سەرکوتکرا. [1]