موو لە ئیدیۆمدا
موو: شتێکی لوس و باریکە لە خوری ڕەقترە لە جەستەی گیانداران و مرۆڤیش دەڕوێ، هەندێ ئاژەڵ جوان و پۆشتە دەکات، سوود و کەڵکی تایبەتی خۆی هەیە، بەگوێرەی گیانلەبەر و ئەندامەکانی لەشیان، بەریەکەوتنی زۆری لەگەڵ مرۆڤ و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی دا هەیە بۆیە چەند جار لەناو ئیدیۆمی کوردەوارییدا شوێنی گرتووە، وەک: مووی کونە لووتە، ئه و مووە لەناو لوتی مرۆڤدایە، پارێزگاری لە ئه و کونیلەیە دەکات وەکو پارزنگ وایە بۆ چوونە ژوورەوەی تۆز وخۆڵ و سییەکان دەپارێزێت، ئەمەش بووە بە ئیدیۆم و بەکەسێکی بێزارکەر و جاڕس کە بویتە مایەی نیگەرانی و ڕێگری بۆ کەسێک یان کارێک.
مووی ناو ماست: ئەمجۆرە مووەش هەر لەناو مەستدا هەیە چونکە ئەوە شیری ڕانە بزن و مەڕە، مووی بزنەکانی هەر تێ دەکەوێت، ئه و کەیبانووەی خاوێنە، ئەوا ماستەکەی پاکە و هیچ موویەکی تێدا نییە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم بۆ کارێکی گوماناوی دەوترێت: ئه و ماستە موویەکی تێدایە.
موو، ئەگەر ڕابکێشرێت لەبەر لاوازی زوو دەپسێت، بۆیە دەبێت بە نەرم و نیانی مامەڵە بکەیت ئەگەر بتەوێت لە پسان دووری بخەیتەوە، بۆ تووک نەرمی و نەرم و نیانی بەرامبەر هەر کەسێک لە ئیدیۆمی کوردەواریدا دەوترێت: موو ناپسێنێ، وەک شاعیر فەرمویەتی:
ئەمن دەمگۆ لە دونیادا تا بمێنم
لە ئەستەم کەس گوڵم سەردانەوێنم
کەچی ئێستا لەداوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم
هەر بۆ ڕەزامەندی و ڕازی بوون بەکارێک و فەرمان جێ بەجێ کردن دەوترێت: فڵانە کەس ملی لەداوە موویەک باریکترە.
ئه و گۆشتانەی کە موویان پێوەیە ئەگەر بێ مووبن جوانتر و پاکتر دێنە بەرچاو و بۆ خواردن لەبارتر دەبن، بۆ نمونە: پاککردنەوەی سەروپێ-پاچە، بەڵام ئەوەش ماندووبوون و ئەزیەتی ویستووە تاوەکو لە موو پاککراوەتەوە، ئەوەش کراوە بە ئیدیۆم و بەکەسێکی تەمبەڵ دەوترێت کە داوای شتێکی باش بکات و هیچیش خۆی پێوە ماندوو نەکات بەتەوسەوە دەوترێت: کاکم داوی شتی بێ موو دەکات.
باریکی موو وایکردووە بە هەموو شوێنێکەوە بچێت، ئه و خاسیەتەی لە ئیدیۆمی کوردەواریدا بەکارهێنراوە بۆ دۆستایەتی و ئاشنایەتی و هاوڕێیەتیەکی برایانە و تەبایانە و پڕ خۆشەویستی بێ بەرژەوەندی وتراوە ئه و دووانە: موو بە بەینیانەوە ناچێت.
بۆ بێ نرخی و هیچ و پووچی شتێکیش دەوترێت: ئەوە چییە؟ داوە مووە، شاعیری گەورەی کورد #حاجی قادری کۆیی#-یش فەرمویەتی:
داوە موویەکی بە دونیا و بە (مافیها) نەدەی
(حاجی) گەر ئەحبابەکی جانی بەجانیت کەوتە دەست
لەبواری ژمێرە و بیرکاریشدا موو بووە بە ئیدیۆم و بۆ زۆری و بۆری شتێک دەوترێت: هێندەی مووی سەرە، بۆ سووک سەیرکردنی کەسێک کە خۆی زۆر بە شت بزانیت و لە بنەڕەتیشدا تیابەستە نەبوو بێت، ئەوەی بیناسێت بە توانجەوە پێی دەڵێت: دەزانین چەند موو بە کونی قونتەوەیە، هەروەها بۆ ئه و کوڕانەی زۆر حەزیان لە ژنهێنانە پێیان دەوترێت: داوە موویەک بەسەرییەوە بێت دەیەوێت.
موو گوزارشتی پێکراوە بۆ خۆناسین و پیری مرۆڤ، هەندێ مرۆڤ نازانن کەوا پیربوون کار و ڕەفتار و قسەی مناڵانە و خوڕتانە دەکەن، بۆ بەرپەرچدانەوەیان و بەبیرهێنانەوەیان وتراوە: سەری سپییە داوی ڕەشی تێدا نەماوە، مووی قونیشی سپی بووە.
هەروا مووی دەکات، واتە: زۆر پەرۆشه یان زۆری پێ خۆشە، یان چەقۆیەکی تیژه، بە هەڵسوکەتی تووند وتیژانەی پیاو بەرامبەر ژنەکەی دەوترێت: پیاوێکی موو گرژە، یان بە هەڵسوکەوتێکی نەرم و نیانی پیاو بەرامبەر بە ژن دەوترێت:پیاوێکی موو نەرمە.[1]