سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 02
#شەماڵ بارەوانی#
سیکۆلاریزم ئیش لەسەر ئاوەدانکردن و خۆشکردنی ژیانی ئەو دنیایەی مرۆڤەکان دەکات، نەک دنیایەکیتر و جیهانێکیتر. سیکۆلاریزم چەمکێکی سەربەو دنیایەو بەرهەمی بیری ئازادە. سیکۆلاریزم ئەرکی ڕێخکستنی ژیانی مرۆڤەکان و جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەتە. سیکۆلاریزم بە ئایینەکان دەڵێت ئێوە لەناو دەوڵەتێکی سیکۆلار و لەسایەی سیستەمێکی سیکۆلاریزمدا ئازادن، لە ئاتەشگا، کلێسا، مزگەوت و پەرستگاکانتان، خودا پەرستی خۆتان بکەن و نوێژ و سروتە ئایینیەکانتان جێ بەجێ بکەن، بەڵام ئازاد نین دەست لەسیاسەت و کار و باری دەوڵەت و ژیانی گشتی و تایبەتی مرۆڤەکانەوە وەربدەن.
سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتێکی مەزهەبی و ئایینی و ئایدیۆلۆژی نییە، دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئایینی و ڕەنگ و ڕەگەز و مەزهەب ڕۆنرابێت و جیاکاری لەنێوان مرۆڤەکاندا بکات و ئایین و مەزهەب و ڕەنگ و ڕەگەز بکات بە عەقیدەی فەرمی دەوڵەت و لەسەر مەسیحی بوون و ئێزدی بوون و زەردەشتی بوون، لەسەر ڕەنگی پێست و ڕەشپێستیدا جیاکاریت لەگەڵدا بکرێت و بەپلە دوو و نزم و کەم سەیربکرێیت. نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزمدا، هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسانن. دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تەنها مرۆڤ بوون پێوەرە. مرۆڤ کابەو سەنتەرە. لەدابەشکردنی ئەرک و مافەکان هەر مرۆڤ بوون ڕەچاو دەکرێت و لەبەر چاو دەگیرێت، لە دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا هەموو مرۆڤەکان بەجیاوازی ئایین، مەزهەب، ئیتن و نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەز، خۆیان تیدا دەبیننەوە.
دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتێکە شوێنی هەموو پێکهاتەکان و ئاڕاستەو ئایدیۆلۆژیاکانی تێدا دەبێتەوە، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی و جەنگی ئایینی و کوشتنی یەکتری لەسەر موسڵمان بوون و مەسیحی بوون، لەسەر زەردەشتی بوون و جولەکە بوون، لەسەر ئێزدی بوون و بوودی بوون و کاکەیی بوون، لەسەر شیعەبوون و سونە بوون، لەسەر عەلی و عومەر، ئەرتەدۆکس و کاتۆلیک، پرۆتستانت و فلان مەزهەب و فیسار ئەقیدە، لەسەر ترانس جیندەر و هۆموسێکشواڵ و لیسب بوون، بوونی نییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، لەسەر جیاوازی دین و دید و ئاڕاستە، بێ ڕێزیکردن بە مرۆڤەکان، قەدەغەیە و بەهیچ شێوەیەک بەکەم سەیرکردنی ئەویتر ڕێگە پێدراو نییە، بەکەم سەرنجدانی مرۆڤ، تاوانێکی گەورەیەو لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا کەس لێت ناپرسرێت بۆچ ئێزدی، یان، زەردەشتیت؟ بۆچ مەسیحی، یان، موسڵمان نیت؟
نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ئایین مەسەلەیەکی شەخسی و پرسێکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوداوەند، یان ئەو ئەقیدەو بیر و باوەڕەیە، کەسەکە باوەڕی پێیەتی. کەس بۆی نییە، بە ناوی ئاسمان و لەسەر ئایینی جیاواز و دیدی جیاواز لێ پێچینەوە لەمرۆڤەکان بکات و بەشمشێر ملی ئازادی خەڵک ببڕێتەوە و ژیان لەمرۆڤەکان بکات بە قوزەڵقورت و دۆزەخ.
لە دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، هەموان مافیان پارێزراوە. لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تۆ ئازادیت ئایینت هەبێت، یان، نا، تۆ ئازادیت و حەزدەکەیت ڕۆژی سەت ئایین بگۆڕە، بەیانی موسڵمان بە و نیوەڕۆژ ببە به مەسیحی، ئێوارە ئێزدی به و شەو ببە بە یارسان، یان، زەردەشتی، یان بێ ئایین، کەس بۆی نییە هەڕەشەت لێ بکات و پێت بڵێت مادام ئایینت گۆڕی، یان، وازت لەئایین هێناوەو لەئایینەکەی من ڕۆشتیتە دەرەوە دەتکوژم، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، لائیک بوون تاوان نییە، بەڵکو مافێکی سروشتی و سەرەتایی هەر کەسێکە، کە نایەوێت هیچ ئایینێکی هەبێت و خۆی بەئایین ببەستێتەوە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، بەرامبەر، مادام حەز و خولیاکەی، ئەقیدە و بیر و ڕاکەی، زیانی بۆتۆ نییە، کەواتە تۆ بۆت نییە، تەداخولی هەڵبژاردن و حەز و خولیاو ئازادیەکانی بەرامبەر بکەیت و ڕێگری لێ بکەیت، تۆ بۆت نییە خۆت بکەیت بە وتەبێژی ئاسمان و دەمڕاستی ئایین و شمشێری خوداوەند و بکەویتە وێزەی ئازادی خەڵک و ژیانی خەڵک لەقاڵب بدەیت و دەست لە ئازادی مرۆڤەکان وەربدەیت، نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، جگە لەئازادیەکانی تاک، هەڵبژاردن و حەز و خولیاکانی تاک، هیچ شتێکیتر پیرۆز نییە، هەموو شتێکیتر قابیلی قسە لەسەرکردن و ڕەخنە لێگرتنە، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ڕێگە بەهیچ کەس و ئایین و مەزهەبێک و ئایدیۆلۆژیایەک نادرێت، شەریعەت و دۆگ و ڕێساکانی خۆی تێکەڵ بە دەستووری دەوڵەت و یاساکانی وڵات بکات و، ئەقیدەو ئیدەلۆژیاو بیر و باوەڕی خۆی، بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، بەهیچ پاساوێک و لەژێر هیچ ناوێکدا، ئەوە قابلی قبوڵ نییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، کەس بۆی نییە شێوازێکی تایبەتی داهێنانی قژ و ستایلێکی پۆشاک پۆشین و ڕەنگێکی دیاریکراو، بەسەر ئەوانیتردا بکات بە ئەرک و ئایین و ئەخلاق، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ئەخلاق ئەوەیە: ڕێز لە ئازادی ئەوانیتر بگریت و بە هیچ بیانوو پاساوێک، نەچیتە ناو تایبەت مەندی مرۆڤەکانە..[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!