سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 10
#شەماڵ بارەوانی#
لە بەشی پێشوودا ئاماژەمان بۆ ئەوەکرد، کە هێندەی لە ناو سیستەمێکی دیموکراسی ڕاستەقینە و بە واتای وشە سیکۆلاریزمدا، مرۆڤ بوون و ژیان و کەرامەت و ئازادی هەیە و دەبێت، سەدا هیچ لە ناو دەوڵەتێکی سیوکراتیدا بوونی نییە و نابێت.
ئەو ئیسلامگەرایانە کە خۆشیان چاک دەزانن هێندەی لە ناو سیستەمێکی دیموکراسی ڕاستەقینە و سیکولاردا، جێگایان دەبێتەوە و ماف و ئازادیەکانیان دەستەبەرە و ڕێگەیان پێدەدرێت بەدڵی خۆیان شەو ڕۆژ، ئازادانە کاربکەن و چالاکی بنوێنن و قسە به عەلمانیەت و دیموکراسی بڵێن و دەم لەئازادی و ژیانی تایبەتی خەڵکی وەربدەن و هەڕەشە لە بیرمەندان و ئازادی خوازان و پێکەوە ژیان و ئاسایشی وڵات و ئاییندەی کۆمەڵ بکەن، سەدا یەکیش لەو سیستەمە دینی و دەوڵەتە سیوکراتی و حکومەتە ئیسلامیەی ئەمان بانگەشەی گەڕانەوەی بۆ دەکەن و دەیانەوێ دووبارە بەهەمان کۆپی بێتەوە، جێگایان نابێتەوە.
ئەو ئیسلامگەرایانەی وەکوبەڕێز ڕۆشنگەر و بیرمەند(مەلا بەختیار) وتەنی تائێستایش هەیەتی پێی وایە ئۆروپا لەسەردەمی جاهلیەتە، کەچی هەموو هێزە ئیسلامگەراکان(90٪)کە لێیان ئەقەومێت کەسیان ناچن بۆ وڵاتە ئیسلامیەکان، هەڵدێن بۆ ئۆروپا، لەوێ ئەبن بەپەناهەندەو لەسایەی ژیانی ئەوپەڕی ئازادی و سەربەستی ئەوێوە موسڵمانی عەیارە بیست و چوارمان بۆ پەروەردە دەکەن. لەوێ ئازدن کتێبەکانی (سەید قوتب)و (حەسەن بەنا)و مورشیدەکانیان چاپ و بڵاو بکەنەوە..ئەوانەی کە لێره زۆرترین جنێومان دەدەنێ، جنێو بەفکرو فەلسەفەو مێژوومان ئەدەن، ئەوانەی خۆیان لەپەنای مەکەو مەدینەدا ناژین. بەڵکو وڵاتانی ئۆروپایان هەڵبژاردووە بۆژیان..ئەمانە لەنەرویج وسویدو بریتانیاوئەمریکا وئەڵمانیاو فەرەنسادەژین.)٭
سیکۆلارێزم پێمان دەڵێت:
تەنها عەلمانیەت داری جادوویی و تاقە هێزی ڕزگارکەر و گرەنتی و چارەسەرە بۆ شێوازی حوکومڕانی و سیستەمی فەرمان ڕەوایەتی و دابین کردنی ژیانێکی شەڕافەت مەندانە و خۆشگوزەران و شایستە، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و مرۆڤەکان بێ جیاوازی.
بۆیە دەوڵەتێکی سیکولاریست و دیموکراسی، پێویست و زەرورە، چونکوو تاک تەنها لە ناوسیستەمێکی عەلمانیدا، سیستەمێک ڕەنگدانەوە و بەرجەستەکەری حەزە تەندروست و ئازادیە سرۆشتی و مافەڕەواکانی هەموو تاکەکان بێت، مرۆڤ دەتوانێت بە بێ ترس و دوور لە فۆبیا و دڵەڕاوکێ، دوور لە تۆقاندن و حوکمی شمشێر و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و کوشتن، ژیان بکات و بەوپەڕی ئازادی بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و فیکری خۆی تەرح بکات و خۆی بخاتە ڕوو و گوزارشت لە ئازادیەکانی خۆی بکات، بێ ئەوەی کەس دەست لە ژیان و هەڵبژاردن و ئازادیەکانی وەردبدات، دەوڵەتێکی سیکۆلاریست تاقە زامنی پاراستنی ئازادیەکانی تاکە، دەوڵەتێکە هیچ کەسێک و بە هیچ پاسا و بیانووەک ناتوانێت و ببڕای ببڕ مافی ئەوەی نییە دید و بۆچوون و مەزهەب و ئایین و ئایدیۆلۆژیای خۆی زاڵبکات و بە سەر ئەوانیتریدا بسەپێنێت و ناچاری خەڵکی بکات بە چاوی ئەو ببینن و بە ئەقڵی ئەو بیربکەنەوە و بە گوێچکەکانی ئەو ببیستن و بە پێیەکانی ئەو ڕێبکەن و بە پێی دۆگمەکانی ئەو بژین و عەقیدە؟و دۆکترینی ئەو هەڵبژێرن و بە پێی پێوەرەکانی ئەو هەناسە بدەن!،
سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت:
چەنده پێویستمان بە تێگەیشتنێکیتر و خوێندنەوەیەکیتری تازە و سەردەمی و هیومانیستانە و شارشتانیانە و ئەقڵانیانە و زانستیانەی بوون و دیاردە و کۆنسێپتەکانە، چەندە پێویستمان بە دووبارە داڕشتنەوەی چەمکەکان و هەموارکردنەوەی ماناکان و پێداچونەوەی پیرۆزیەکانە. چەندە پێویستمان بە چەکی زانست و فلتەری مرۆڤ بوون و هێزی مەعریفە و پرۆژەی ئەقڵانیەت و چرای ڕۆشنگەری و دەوڵەتێکی سیکولەر و پەروەردەیەکی مۆدێڕن و کۆمەڵێکی مەدەنی و، ئایینی خۆشەویستی و ڕێبازی مرۆڤایەتی و چەمکی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانە.
چەندە پێویستمان بە لە گۆڕنانی ڕوانینی تاکڕەهەندانە و ئەقڵیەتی تۆتالیتارانە و تەنها خۆ بە حەقزان و تێکشکاندنی بتەکانە.
بۆ ئەوەی لە سیکۆلاریزم و زەرورەتبوونی سیکۆلاریزم و حەقیقەتی سیکولاریزم تێبگەین و سیکۆلاریزم بکەین بە نەریت و سیستەم و یاسا،
وەکو چۆن ئۆروپا لە گەڵ ئینجیل و تەورات کردیان، ئێمەیش چەندە پێویستمان بە میتۆدێکی زانستی و ڕەخنەیی و خوێندنەوەیەکی مێژوویی و سۆسیۆلۆجی و ئەنترۆپۆلۆجی و هێرمنیوتیکایەکی ئازادانە و ئینسانی و ئەقڵانی و ئەخلاقی کەلەپوور و فقهی ئایینی و مێژووی ئایین و تێکستە ئایینیەکانە.[1]
.......
-مەلابەختیار(دیموکراسی و دوژمنانی)، پ233-234.
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!