بەڕێوەبەری بنکەی مافووری دەستکردی #هەریر#، زانیاری لەسەر دروستکردنی مافووری دەستکرد لە کارگەکەیان دەخاتەڕوو، دەشڵێت، خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمەکەمان زیادی کردووە، بەڵام لەم ساڵانەی ڕابردوو قەیرانی دارایی ڕێگربووە لەسەر پێشوەچوونی کارەکانمان.
پسپۆرێکی بواری ئابوورییش دەڵێت: هەبوون و کردنەوەی هەر کارگەیەک لە کوردستاندا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت، لەرووی بوژانەوەی ئابووری وڵات و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و چین و توێژەکانی دیکە بەگشتیی، بێگومان پێشکەوتنی هەر وڵاتێکیش لە هەبوونی ئابووری بەهێز سەرچاوە دەگرێت.
مەجید جەلال، بەڕێوەبەری بنکەی مافووری دەستکردی هەریر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بۆ یەکەمین جار لەساڵی 1979 بینایەی بنکەی مافووری هەریر دروستکراوە، بەڵام کاری تێدا نەکراوەو تا ساڵی 1997 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن کراوەتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوەو فەرمانگەیەکی حکوومییەو 65 کارمەند کاری تێدا کار دەکەن و بەردەوامن لەسەر دروستکردن و چنینی مافوورو بە نەخشاندنی جۆرەها نەخش و نیگار.
بەڕێوەبەری بنکەی مافووری هەریر، گووتیشی: دروستکردنی مافوورێکی سێ بەچوار، زیاتر لە حەوت مانگی پێویستە تا تەواو دەکرێت، بەڵام دروستکردنی تابلۆیەک یان پارچەیەکی بچووک ماوەیەکی کەمی پێویستە، هەروەها لەبەرنامەماندا هەبووە بۆ دروستکردنی مافۆری کۆمپیوتەری و بە چەند شێواز و ئامێری دیکە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگربووە، چونکە مافووری دەستکرد و ئەو فەڕشانەی لە کارگەکەمان دروست دەکرێن، پێویستیان بە سوف و کوتک و قولاب و هندێ پێداویستی تر هەیە.
مەجید جەلال، بەڕێوەبەری بنکەی مافووری هەریر، ئەوەش دەخاتەڕوو: پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی کارەکانمان فراوانتر بکەین و کاری دەستڕەنگینی زیاتر ئەنجام بدەین، تا بتوانین بە باشترین شێوە بەرهەمەکانی کارگەکەمان ساغ بکەینەوە، ئەو مافوور و بەرهەمانەش کە دروستی دەکەین، شوێنمان هەیە لە قەڵاتی هەولێر لەوی دەیانفرۆشینەوە، خواستی هاووڵاتیانیش لەسەر کڕینی ئەو جۆرە بەرهەمانە زۆرە.
عەبدولباقی عزەدەین، دەرچووی کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانکۆی سەلاحەدین، بە باسکوردی گووت: هەبوون و کردنەوەی هەر کارگەیەک لە کوردستاندا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت، لەرووی بوژانەوەی ئابووری وڵات و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و چین و توێژەکانی دیکە بەگشتیی، بێگومان پێشکەوتنی هەر وڵاتێکیش لە هەبوونی ئابووری بەهێز سەرچاوە دەگرێت و ئەرکە حکوومەت بایەخی زیاتر بەو بوارە بدات و هەوڵبدرێت جۆرەها کارگە بخرێنەکار.
ئەو ئابووری ناسە ئەوەشی خستەڕوو: کارگەی مافووری دەستکردی هەریر و سەرجەم کارگەکانی هاوشێوەی کە دامەزراون پێویستە بایەخی زیاتریان پێبدرێت و هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەو گرفتەکانیان بدرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک کە بەرهەمەکانی ئەو کارگانە لەداهاتوو هەم خەرجی کارەکانیان دابین بکەن، هەمیش سوود و قازانجی بۆ حکومەت هەبێت و خەڵکی زیاتر بتوانێت، هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت و لەم جۆرە کارگانە بتوانن کاربکەن.
وەک عەبدولباقی عزەدەین، باسیشی لێوەکرد، جگە لەمانەش دەتوانرێت لەو جۆرە کارگانەی مافووری دەستکردن نەخشی وا لەسەر مافۆر و تابلۆکان دروست بکرێت، وەک زیندووکردنەوەی مێژووی نەتەوەیەک بە نەخشاندنی وێنەی کەسایەتی و ڕووداوەکانی ڕابروو و شوێنە مێژوویەکان و چەندان دیمەنی ڕابردوو ئێستا کە بونیان هەبووە و هەیە، ئەوەش وادەکات کە خواستی زیاتر لەسەر فرۆشتن کڕین و بەدەستهێنانیان لەسەر دروست بێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]