سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی 52 هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی #یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان# ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-09-2022، #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: بەبۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لە بەشێکی پەیامەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە: ئومێدەوارم یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، کە بە ڕاسپاردە و سەرپەرشتی ڕێبەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر دامەزرا، لە سەر هەمان بنەما و ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزرا بەردەوام بن لە ڕۆڵی گرنگ و کارایان لە داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی کولتووری لێبوردەیی و میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەوی. [1]