ناو: شکۆی
ناوی باوک: حەسەن
رۆژی لەدایکبوون: #17-06-1928#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی جاموشڤانای بچووکی هەرێمێ ئەبخارانی ئەرمەنستان
ساڵی کۆچی دوایی: 1976
$ژیاننامە$
شکۆیێ حەسەن ڕۆژی 17ی حوزەیرانی ساڵی 1928 لە گوندی جاموشڤانا بچووکی هەرێمی ئاخبارانی ئەرمەنستان لەدایکبووە. هەرێمی ئاخباران لەو سەردەمەدا 11 گوندی کوردی ئێزیدی نشینی لێ هەبووە و زۆربەی شاعیر و نووسەر و ئەکادیمیسیانە ناسراوەکانی کوردی سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەت خەڵکی ئەو هەرێمە بوون.
بنەماڵەی حەسەن، واتە باوباپیرانی شکۆ، لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی شاترۆخلیی سەر بە ناوچەی دیگۆری شاری قارسی باکوری کوردستان بوون و لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا و بۆ خۆڕزگارکردن لە هەڵمەتی بە کۆمەڵکوشتنی ئەرمەنی و ئێزیدییەکان، هەڵهاتوون و لە ئەرمەنستان گیرساونەتەوە.
کاتێک شکۆیێ حەسەن دەبێت بە 5 ساڵان، حەسەنێ میدۆی باوکی دەمرێت و مامێکی بە ناوی سۆفی دەیخاتە بن باڵی خۆی و پەروەردەی دەکات. لە تەمەنی 20 ساڵیدا، ساڵی 1948، لە کۆلێژی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی زانکۆی یەریڤان دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی 1953 زانکۆ تەواو دەکات. شکۆیێ حەسەن یەکەم شیعری خۆی لە ڕۆژنامەی زانکۆدا بڵاو دەکاتەوە. پاشان شیعرەکانی بەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی ڕیا تازەوە دەنیشنەوە و ڕادیۆی کوردیی یەریڤانیش ناوبەناو شیعرەکانی شاعیر بڵاو دەکاتەوە.
شکۆیێ حەسەن لە 1954 تا 1957 لە قوتابخانەی گوندێکی ئەرمەنی بە ناوی بانگار لە ئابخازیا وانەی زمانی ئەرمەنی دەڵێتەوە. پاشان دەگەڕێتەوە و لە ڕادیۆی کوردیی یەریڤان وەک سەرنووسەر دەست بە کار دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی خوولیای ڕاستەقینەی ئەو زمان دەبێت، ساڵی 1961 لە بەشی کوردۆلۆژیی ئەنستیتووی گەلانی ئافریکا و ئاسیای سەر بە زانکۆی لینینگراد دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی 1965 بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت.
لە ساڵانی 1960دا ڕۆژنامەی ڕیا تازە بایەخ بە هەواڵەکانی شۆڕشی ئەیلوول و هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان دەدات و کۆمەڵێک وتار بە سەردێری کوردستان دشەوتە بڵاو دەکاتەوە. هەر شکۆیێ حەسەن هەر لەو سەروبەندەدا شیعرێک بە هەمان سەردێر دەنووسێت:
کوردستان دشەوتە
شەرە، شەرە، لێ لێ جان
دشەوتە کوردستان
ل ناڤ مژا بارووتێ
دەنگێ شین و گری تێ...
شکۆیێ حەسەن لە ژیانی خۆیدا سێ دیوانی بە چاپ گەیاندووە: قالچیچەک 1961، تەمبورێ کوردان 1965 و مەرەمێ دلێ کورد 1970. پێ دەچێت شاعیر بەرگەی دژوارییەکانی ژیانی نەگرتبێت، بۆیە ساڵی 1976 بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بەداخەوە نەمتوانی زانیاریی زیاتر لە بارەی ساڵانی کۆتایی ژیانییەوە بە دەست بهێنم. لە دوای مردنی، دیوانی چوارەمی بە ناوی پەروەزا وەتەن چاپ و بڵاو کرایەوە. بەشێکیش لە شیعر و وتارەکانی دزراون و بوون بە موڵکی کەسانی ئاستنزم و نەناسراو. ساڵی 2008یش وەشانخانەی ئاڤێستا لە ئیستانبوڵ بەشێک لە شیعرەکانی شکۆیێ حەسەنی لە کتێبێکدا بە ناوی پایز و با کە لەلایەن تۆسنێ ڕەشیدەوە ئامادە کراوە، چاپ و بڵاو کردەوە.
شکۆیێ حەسەن ئەگەرچی لە ژیانیدا هیچ بەشێکی کوردستانی نەدیوە و لە ئەرمەنستان ژیاوە، بەڵام بە کوردی شیعری نووسیوە و بە ناوی دیوانەکانی و ناوەڕۆکی شیعرەکانیدا دەردەکەوێت لە ناخەوە و لە دوورەوە وەک مۆم بۆ نیشتمان سووتاوە. منیش وەک کاوە نەمر ئاوات دەخوازم دەست بە کۆکردنەوەی شیعر و وتارەکانی شکۆیێ حەسەن بکرێت و بە شێوەیەکی زانستی و ڕێکوپێک چاپ بکرێن و لە سەرانسەری پارچەکانی وڵاتدا بڵاو بکرێنەوە.
[1]