ئەی وەتەن موژدەت دەمێ ڕۆژت تلووعی کردووە
مامریشت دێتە گوێم دەنگی خەریکی قووقووە
میللەتت پاکی خەریکی فکری باش و خوێندنە
وا نەزانی هەروەکوو ساڵانی پێشوو نوستووە
ئەو کەسەی تۆ دیوتە مردبوو... تەماشا ئێستەکە
دێتە بەر چاوم شوکور هوشیار و باش و زیندووە
دار و بەردی مەکتەبت ئەمڕۆ تەوافی پێ ئەوێ
بێرە سەیری چۆن بەجارێ وەحشەتی لابردووە
عیلمی عەسری تازە ڕۆحم بێ بە قوربانی شوکور
گشت خەرافات و هەموو جەهلی بەجارێ کوشتووە
نێر و مێ گەورە و بچوکی خاکی پاکت هاتە ڕیز
عیلمی دەس کەوت و لەژێر باری نەزانی دەرچووە
بۆ حوقووقی خزمەتی تۆ یەک بە یەک گەورە و بچوک
وا لە خەو هەستاوە پشتێنی بەجارێ بەستووە
میللەتی غەربی بە حکیمەت چوونە سەر قەسری هەوا
تازە کەی ڕۆژی دەف و زەرک و خرۆشی هووهووە
ڕادیۆ و تەلسز کە هاتن پیر هەموو کۆمەڵ ئەبوون
یەک بە یەکتریان ئەوت بیللاهی سیحر و جادووە
تا ئەوانیش تێ گەیشتن فەننی عیلم و حکیمەتە
بۆیە غەربی هاتن و ئەم خاکی ئێمەی گرتووە
تۆ کە وا کەوتیتە ئەم ئەحواڵە هەر شوکرانە کە
خەم مەخۆ بۆ سەربەخۆیی پێ ئەگا هێشتا زووە
هەر کەسێ حەوت ڕەنگە حاشا بێ لە ڕەنگ و هەیئەتی
پیاوی پڕقیمەت کەسێکە یەک ڕەوشت و یەک ڕووە
ڕەنگی موفتی پیرە هۆش و فکری گەنجی چۆتە سەر
گەرچی واعیز پێی ئەڵێ بێ فکر و شێت و بەدخووە [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#