لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی تورکیا دەست کردووە بە خاپوورکردن و تێکدانی یەکجاریی شوێنەوارەکانی شاری #حەسەن کێف# لە پارێزگای باتمانی باکووری کوردستان.
ئەم شارە کە خاوەن مێژوویەکی دوانزە هەزار ساڵەیە و زۆربەی سەردەمە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیەی لەخۆ بینیوە و دەتوانین بڵێین یەکێکە لە کۆنترین شارە کوردییەکانی کوردستانی گەورە کە لە هەر سەردەمێکدا شوێنەوارێک تێیدا بە جێ ماوەتەوە.
حکوومەتی تورکیا هۆکاری تێکدان و ڕووخانی ئەم شوێنەوارانەی بۆ درووستکردنی #بەنداوی ئیلی سو# گەڕاندووەتەوە کە ئەم بەنداوەش بەشێکە لە گەورە پڕۆژەی گاپ کە زۆربەی بەشەکانی ئەم پڕۆژەیە لە شارەکانی باکووری کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
بەپێی ئەو بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییانەی، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە حەسەن کێف بە مێژووییەکی 10 هەزار ساڵەوە، یەکێکە لەو شارانەی، کە بەدرێژایی مێژوو ژیان تێیدا بەردەوام بووە و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی نەیتوانیوە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە شارەکەیان دەربکا.
ئەم شارە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین، بەشێک بووە لە شارستانیی #خورییەکان#، کە ئەوانیش بە باپیرە گەورەی کورد دادەنرێن.
لە ساڵەکانی 1800-1750پێش زایین، لە دەقە بزمارییەکانی ماری بە (ییلانسورا) ناوی هاتووە، کە شارێکی گەورە لەنزیک ڕووبارێکی گەورە بووە، کە مەبەستی لە ڕووباری دیجلەیە.
لە سەردەمی #میتانییەکان#، واتا 1500ساڵ پێش لەدایکبوونی عیسای مەسیح، ئەم شارە یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی ئەو سەردەمە و نزیک بووە لە پایتەختی میتانییەکان، کە شاری (واشکونی) بووە.
لەپاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئاشوورییەکان لە ساڵی612ی پێش زایین لەلایەن پاشای ماد (کیکسار- کەیخۆسرەو) کۆتایی پێ دێت، ئەم شارە گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت، نموونەی ئەم گرنگی پێدانە لە درووستکردنی چەندین ئەشکەوتی گەورە و گرنگ لەناو دڵی چیاکانی حەسەن کێف دیارە کە ئێستاش هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و سیمای شارەکەیان جوانتر کردووە.
لەپاش ڕووخانی میدییەکان، ئەم شارە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانەکان و دەبێتە بەشێک لە جیوگرافیی دەسەڵاتداری ڕۆمانەکان و لە سەرچاوەکان بە (کیفا) ناوی دەهێنن، لەم سەردەمە شارەکە پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، وەک درووستکردنی چەندین پرد لەسەر ڕووباری دیجلە، کە پاشماوەکانی هەتا ئێستا ماونەتەوە.
لە ساڵی 363 زایینی، بەهۆی شەڕی (سامرا) و کوژرانی (جولیان) ی پاشای ڕۆمانییەکان، ئەم شارە کەوتە ژێر دەستی ساسانییەکان کە ئەویش بەپێی داوای پاشای ساسانی (شاپووری دووەم) بوو بۆ وازهێنانەوەی ڕۆمانییەکان لە هەندێ لەو ناوچانەی، کە لەژێر دەستیاندا بوون.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]