ناونیشان: سەرنج و پێشنیار لە پێناو بەرەوپێشچوونی هونەر و ئەدەبی منداڵاندا
ناوی نووسەر: #عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی#
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیڵێم و بینووسم و دووبارەشی بکەمەوە بەکردارکردنی وتە و قسەکانە چونکە لەوانەیە قسەکردن و نووسین ئاسان بن بەڵام بەکردار کردنیان قورس و گران بێت. بۆیە لێرەدا چەند پێشنیارێک دەخەمەڕوو کە کردنیان بە کردار و کارکردن لەسەریان هونەر و ئەدەبیاتی منداڵان بەرەوپێش دەڕوات و هەنگاوەکان گورجتر دەبن و ئاسۆی سەرکەوتنیش گەشتر و ڕوونتر دیار دەبێت. کەپێش هەموو شتێک بودجەیەکی تایبەتی پێویستە تا کارەکان بەکردار و بەشێوەیەکی باش و خێرا و بەزوویی جێبەجێبکرێن:
1- بنیاتنانی(ئەنجومەنی یان یانەی یان گروپی ئەدەبیات و هونەری منداڵان) کە لە کۆمەڵێک نووسەر و شاعیر و هونەرمەندی تایبەت بە منداڵان پێکهاتبێت. کە هەوڵبدەن چالاکی بەردەوام ئەنجام بدەن بۆ منداڵان و نووسەران (چیرۆک و شیعر خوێندنەوە، ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و ئاهەنگی گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆیی و پیشانگەی منداڵان).
2- بوونی دامەزراوەی پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە منداڵان کە ئەویش لیژنەیەک کە پێکهاتبن لە کۆمەڵێک کەسی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەند بەڕێوەی ببەن، کەسانی شارەزای لەم بورانەدا لەخۆ گرتبێت (ئەدەبی شیعرو چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆیی و ڕۆمانی منداڵان........ شارەزا لە بوارەکانی دەرونناسی منداڵ و زانستی و کەلەپوور و مێژوو ژینگە و تەندروستی و هونەری دیزاین و وێنە.....بەشێوەیەکی سەردەمیانە)
3- دەرکردنی گۆڤارێکی وەرزی تایبەت بە ڕەخنە و خوێندنەوەی ئەو گۆڤار و پەرتووک و نامیلکانەی کە لێرەوە لەوێ بۆ منداڵان دەردەچن و دەرچوون، چونکە ئەگەر ئەوە هەبێت نووسەران و ڕەخنەگرانیش بەئاسانی دەتوانن بیخوێننەوە و سوودی لێوەربگرن، بەڵام ئەگەر بابەتێک ئەگەر زۆر گرنگیش بێت لە ئێستادا لە گۆڤارێکدا بڵاوببێتەوە بەئاسانی ناگاتە دەست ئەو کەسانەی کە باسمکردن چونکە تیراژەکەی کەمە و بابەتەکانیشی جۆراوجۆرن. نمونەش زۆرن...بابەت هەبووە گرنگ و بەسوود و پێویست بووە بۆ ئەو کەسانەی کە لەبواری منداڵاندا دەنووسن لەگۆڤارێکدا بڵاوبۆتەوە کە لەوانەیە دەست کەسانێک کەوتبن کە مەبەستیشیان ئەدەبی منداڵان نەبووبێت و بەتەلەفون یان بەنامە ئاگاداریان کردووم کە فڵان گۆڤار پەیدا بکەم و بیخوێنمەوە چونکە بابەتێکی باشی تیایە دەربارەی ئەدەبیاتی منداڵان.
4- دەرکردنی گۆڤارێکی (مانگانە یان وەرزی) سەرتاسەری بۆ هەموو منداڵانی کوردستان بەتیراژێکی زۆر تا بگاتە دەست منداڵانی دوورترین دێی کوردستان و سەرجەم منداڵانی کوردستان سودمەندبن لێی، تیایدا هەم تەمەن و ئاستەکان دیاری بکرێت، هەم نووسینی بە کرمانجی خواروو بە کرمانجی سەروو تێدا بێت، تاهەموو ئەو نووسەرانەی کە بۆ منداڵان کار دەکەن ئاگاداری نووسین و کاری یەکتر بن.
5- هەوڵبدرێت ئەو نامیلکە و پەرتووک و گۆڤارانەی کە لە ڕووی ئەدەبی و هونەریی و پەروەردەیی و زانستی و....تەواون و مەرجەکانی نووسینی منداڵیان تێدایە لەڕێی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەکانەوە بگەیەنرێتە پەرتووکخانەی قوتابخانەکان ئەگەر کرا بێبەرامبەر ئەگەر نەشگونجا بە نرخێکی کەم تا منداڵان خۆیان بیکڕن و نووسەرەکەش چەند نووسخەیەک پێشکەش بە پەرتوکخانەی قوتابخانەکە بکات کە بە نووسراوی فەرمی بێت. کە بەمەش پەرتووکخانەی قوتابخانەکان دەوڵەمەند دەبن.
6- لەوەزارەتی ڕۆشنبیری لەکاتی پێدانی ژمارەی سپاردن بەو پەرتووک و گۆڤارانەی کە بۆ منداڵان دەردەچن لیژنەیەکی تایبەت هاوشێوەی ئەوەی کە لەخاڵی دووەمدا باسمان کردووە پێداچوونەوەی بۆ بکەن، کە شارەزایانی سەرجەم بوارەکانی تێدابێت بیخوێننەوە بە وردی ئەوسا مۆڵەت و ژمارەی سپاردنی پێبدەن. چونکە منداڵ بنیاتنەروو بنچینەی دروستکردنی کۆمەڵگەیە و پێویستە گرنگییەکی زۆری پێبدرێت. هەروەها پێویستە زۆر ئاگاداری ئەو پەرتووکانەش بن کە لە ئێستادا وەک بازگانی لێهاتووە و لەزمانەکانی ترەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی کە زۆریان نەمەرجەکانی وەرگێڕانیان تێدایە و نە بۆ منداڵان دەگونجێن چونکە کەسێک کە تەنها شارەزای زمانە بیانییەکەبێت بەس نییە بۆ ئەوەی کە دەستبداتە وەرگێڕان، بەڵکو پێویستە شارەزای تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانیش بێت..زۆر جار وشەیەک یان وێنەیەک کاریگەرییەکی نەرێنی دەروونی لەسەر منداڵ دروست دەکات. بۆیە واباشە زۆر بە وریاییەوە و دوور لە هیچ بەرژەوەندییەک ئەو کارە ئەنجام بدرێت.. بۆ نمونە من ناوی وا دەبینم لەسەر ئەو پەرتووکانەی کە لێیان نووسراوە چیرۆکی پەروەردەیی بۆ منداڵان کە زۆریان پەروەردەیی نین، تائێستا لەهیچ گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان ناوەکەیم نەبینیوە.
7- ئەنجامدانی چالاکییەکی ساڵانە لەڕۆژی جیهانی پەرتووکی منداڵاندا کە دەکاتە دووی چوار کەتیایدا هەم پیشانگەی تایبەت بە پەرتووکی منداڵان و هونەری منداڵان سازبکرێت و هەم باشترین پەرتووک بۆ شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بەمنداڵان دیاری بکرێت و خەڵات بدرێت بە خاوەنەکەی خۆ ئەگەر پەرتووکێکی بۆچاپ بکرێت یان خەڵاتێکی ڕەمزی بێت وا دەکات کە لەبوارەکەدا داهێنانی باشتر و بەسوودتر بەرچاو بکەوێت و نووسەران هەوڵی زۆرتری بۆ بدەن.
8- ڕێزلێنان لەو کەسانەی کە دیارن لە بواری هونەر و ئەدەبیاتی منداڵاندا و ڕۆڵی خۆیان بینیوە. نەک وەک ئێستا کەس لێیان ناپرسێت تا تەمەنیان زۆر دەبێت و توانایان نامێنێت کە وەک جاران بنووسن و دەربکەون، بەبێدەنگی کۆچ دەکەن و ئەو ماوەیەی کە لەماڵەوەن و نەخۆشن وەک دڵخۆشیش سەردانیان ناکرێت تا هەست بەوە بکەن کە هەن و کارەکانیان جێگەی خۆی گرتووە بۆ منداڵان. نمونە زۆرە.
9- گرنگیدانە بە مێژوو کەلەپووری کورد لە نووسینەکانی تایبەت بە منداڵاندا یان لە گۆڤارەکاندا.
10- بۆ ئەوەی کە هونەر و ئەدەبیاتی منداڵانی زیاتر بەرەوپێش بڕوات واباشە ساڵانە نووسەران و شاعیرانی کورد ئەوانەی بۆ منداڵان کاردەکەن بەشداری ئەو چالاکییانە بکەن کە لە وڵاتانی دنیا سازدەکرێن و هەوڵبدرێت پەیوەندییان لەگەڵدا ببەسترێت کە زۆر جار دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە ساڵانێکە لە هەندەرانن و شارەزاییان هەیە لەدروستکردنی ئەو پەیوەندیانەدا و بەپێچەوانەشەوە بانگهێشتکردنی ئەوان بۆ کوردستان.
11- ئەنجامدانی دیدار و کۆڕبەندی ساڵانە و بانگهێشتکردنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و تایبەتمەندی بووارەکە، دوور لە بەرژەوەندی و ناسیاوی. هەروەها بابەتەکانی دیدارەکە یان کۆڕبەندەکە پێش ئەنجامدانی کارەکە بکرێتە پەرتووک و لە ڕۆژانی ئەنجامدانی کارەکاندا بەسەر ئامادەبوواندا دابەش بکرێت و ئەو گۆڤار و پەرتووکانەش کە نوێن و تایبەتن بە منداڵان و لەلایەن نووسەران و شاعیرانی بووارەکەوە نووسران، دابەش بکرێن تا چالاکییەکە بەشێوەیەکی زیندوو لە لای ئامادەبووان بمێنێتەوە.
12- سازکردنی کۆڕ و سیمیناری بەردەوام بۆ نووسەران و شاعیران و وەرگێڕکارانی بووارەکە، بۆ ئەوانەی کە دەمێکە دەنووسن و ئەوانەش کە تازە دەستدەکەن بەنووسین.
13- هەوڵبدرێت کە ئەو پەرتووکانەی کە تازە دەردەچن پێش ئەوەی بگەنە چاپخانە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت لەلایەن لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی ئەدەبیات و هونەری منداڵان.
14- ئەوانەی کە لەهەر بوارێکی ئەدەبیات و هونەری منداڵاندا داهێنان دەکەن ڕێزلێنانیان بۆ بکرێت و هیچ نەبێت پەرتووکێکی تایبەت بەمنداڵانیان بۆ چاپ بکرێت.
15- هەوڵبدرێت لەڕێگەی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەوە بەشێک لە فرۆشگەی قوتابخانەکان دابنرێت بۆ گۆڤار و پەرتووکی تایبەت بەمنداڵان کە من وەک خۆراکێکی پێویست دایدەنێم بۆ مێشکی منداڵ بەمەرجێک لیژنەیەکی شارەزا لە پەروەردە ڕەزامەندی لەسەر بدەن. [1]