$دوای دەوڵەت؛ قەیرانی حوکمڕانی و شوناس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا$
نووسینی: #ڕابەر تەڵعەت#
دوای کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی، عەرەب بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی لاواز و بەسەر دوو مۆدێلی حوکمڕانیدا دابەش بوون؛ دەوڵەتی مۆنارکی- بنەماڵەیی و نەریتیی لە نموونەی سعودیە، ئوردن و کوێت و دەوڵەتی عیلمانی-سەربازیی تاکڕەو لە نموونەی، ئێڕاق و سووریا و میسر. هەردوو مۆدێلەکەش بەدەست دواکەوتوویی سیاسی، ئابووری و کلتورییەوە دەناڵێنن. هەژاریی و نابەرابەریی و نەبوونی کرانەوە و ئازادیش، دیارترین سیمای کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو دەوڵەتانەبووە.
هەڵوەشانەوە و لاوازبوونی دەسەڵاتە سەربازیی و دیکتاتۆرەکانی عەرەب لە 2011 بەدواوە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی “بەهاری عەرەبی” ەوە، بووە مایەی درووستبوونی بۆشایی سیاسی، ئیداری و ئەمنی لەو وڵاتانەدا، بووە دەرفەتێکی زێڕین بۆ دوو دەوڵەتی گەورەی موسڵمانی غەیرە عەرەب وەک ئێران و تورکیا، بۆ دەستگرتن بەسەر جیهانی عەرەبی و پاشماوەی سیستەمە سەربازییەکانی عەرەب. تورک لە خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیدا و ئێران لە تەماعی فراوانکردنی هەژموونی خۆی لەناو شیعەی عەرەبیدا.
سعودیە؛ وەک خاوەن و سەرکردەی ڕەوتی سوننە و نەیاری سەرسەختی مەزهەبیی ئێران و شیعە، کەوتە پشتگیریکردنی سوننەکان لە هەر شوێنێک بن، بەتایبەتیش سوننە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا. پشتگیریی سعودیە بۆ گروپە سونییەکان، ڕێگە خۆشکەربوو بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ڕەوتە جیهادییەکان، وەک جەبهەتولنووسرە و ئەوانیتر، تا پەیدابوونی داعش. ئەو گروپە جیهادییانە لەرێگای کردەوە تیرۆریستییەکانیان و هەرەشەکانیان بۆ سەر ناوچەکە، بایەخ و ڕووبەروبوونەوەی سەربازیی و ئەمنی هاوپەیمانەکانیان بەلای خۆیان ڕاکێشا، ئاڕاستەی شەڕ لە لێدان و لاوازکردنی ئەسەدەوە گۆڕا بۆ لێدان و شەڕی ئەو گروپانە. ئەمەش دەرفەتی گەوەرەی بەخشییە ئێران بۆ گەشەکردن و فراوانکردنی زیاتری هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا. لەرووی ستراتیژییەوە بە زیانی سوننە و سعودیە تەواو بوو.
پڕۆسەی سیاسی و ئیداری وڵاتانی “بەهاری عەرەبی” سەرەتا بە هاتنەسەر کار و بەهێزبوونی ڕەوتی ئیسلامی دەستیپێکرد، پاشان ڕووی کردە بەهێزبوونی ئیسلامی جیهادیی و سەرەنجام شەڕی ناوخۆیی و بەهێزبوونی ئاکتۆرە نادەوڵەتییەکانی لە نموونەی داعش. ئەمە وایکرد ناوچەکە ببێت بە مەیدانی جەنگ و ئاژاوەیەکی گەورە. جەنگی ناوخۆیی سەر هەڵبدات. زلهێزەکان وەک (ئەمریکا، ڕوسیا و فەرەنسا) لەلایەک و هێزە هەرێمییەکان وەک (ئێران، تورکیا و سعودیە) لەلایەکی ترەوە دەست وەربدەنە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانەوە و قەڵەمڕە و هەژموونی خۆیان فراوان بکەن. ئەمڕۆ شەڕ لە لیبیا، یەمەن، سووریا، لوبنان، ئێڕاق هەیە، لە هەمووشیاندا ئامادەیی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان هەیە.
وڵاتانی ئەوروپاش لە 2011 بەدواوە، کەوتنە بەر شاڵاوێکی فراوان و بێشوماری کۆچبەرانی موسڵمان، بەتایبەت کۆچبەری سوری و ئێڕاقی، ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە ماڵ و حاڵیان لەدەستدا بوو. ئەم شاڵاوی کۆچە کە ئەوروپا خۆی بۆ ئامادە نەکردبوو، یەکەم؛ لەرووی سیاسییەوە کێشەی بۆ یەکێتییەکە درووست کرد، کە نەیادەتوانی بگەنە ڕێککەوتن و نەیاندەزانی بە چ سیاسەتێک مامەڵەلەگەڵ ئەم لیشاوە بکەن. دووەم؛ تورکیا وەک دەروازەوانی یەکێتی ئەوروپا، کۆچبەرانی بەکاردەهێنا بۆ درووستکردنی فشار لەسەر یەکێتی ئەوروپا و بەدەست هێنانی دەسکەوتی ماددی وسیاسی و بازرگانی. سێهەم؛ وڵاتانی ئەوروپا و کۆمەڵگا ئەوروپییەکان دوچاری پێکدادان و شۆکی کلتوری بوونەوە و خەڵکەکەی ترسی لەدەستدانی کلتور و ژیانی ڕۆژاواییانەی خۆیان لێ نیشت. ئەمە وەک مەترسی سەیر کرا، ئیسلام و پەنابەرانی موسڵمان و ڕۆژهەڵاتی و عەرەبیش وەک سەرچاوەی یەکەمی ئەو مەترسییە کە یارمەتیدەر بوو بۆ بەهێزبوونی هێزە ڕاستڕەوە دژە ئیسلام و کۆچبەرەکان لە هەموو ئەوروپادا و ترس لە بێگانە و کۆچبەر، ئیسلامۆفۆبیا و ترس لە کۆچبەر بە ئێستاشەوە بەهێزترین گوتار و دیسکۆرسی سیاسی ڕۆژاوایە.
ئەنجام؛ وڵاتانی عەرەبی جگە لە تونس، سەرکەوتوو نەبوون لە گواستنەوەی دیموکراسیدا، نە لە پێش بەهاری عەرەبیدا و نە لەدوای ئەویش. سیکۆلاریزم ڕۆژ بەرۆژ لە پاشەکشەیە، دەوڵەتە سەربازییەکان، کۆمارییەکان ڕووە و لاوازی و هەڵوەشانەوە دەچن و لە شەڕی ناوخۆیدان، ئاکتەری نادەوڵەتی و دژە ڕۆژاوایی و سیکۆلاریزم، بەزۆریش لایەنگری ئێران وەک حزبوڵا لە لوبنان و حزبە شیعییەکانی ئێڕاق، کاریگەریی و ڕۆڵی بەهیزیان هەیە لە سیاسەت و حوکمڕانیدا.
دەوڵەتە مۆنارکییەکان لە نموونەی سعودیە؛ لە سیاسەتی پشتگیری سوننە و بەهێزکردنی ڕەوتی سوننە بەرانبەر بە ئێران شکستیان هێنا و کورتبین بوون، ئۆپۆزسیۆنی سوننی لە دژی ڕژێمە عەرەبییەکاندا، بەتایبەت لە سووریا، بوو بە جیهادیی توندڕەو، لەلایەکەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لێی دەدەن، لەلایەکی تریشەوە تورکیا بەکاریان دەهینێت. بەهەردوو باریشدا گۆرەپانەکە بۆ ئێران چۆڵتر دەکەن تا هەژموونی خۆی تێدا فراوان بکات.
شەڕی جیهادییەکان و توندڕەویی ئیسلامی لە قۆناغی کۆتاییدایە. ئێران تا ئیستا سەرکەوتوو بووە لە فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا. تورکیای ئەردۆگان ڕۆژبەرۆژ لە سیکۆلاریزمی ئەتاتورک و خۆراوا دوور دەکەوێتەوە، پشتگیری گروپە جیهادییە توندرەوەکان دەکات و ئامادەیی سەربازیی و سیاسی زیاتری لە ناوچەکەدا هەیە و ڕووە و ئۆراسیا و قەفقاس و تەنانەت بەڵکانیش هەنگاو دەنێ. ململانێی عەرەب-ئیسرائیل پێ دەنێتە قۆناغێکی تازەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ عەرەب بەرەو قبوڵکردنی ئیسرائیل هەنگاو دەنێن و پەیوەندی لەگەڵ دەبەستن.
گواستنەوەی دیموکراسی و هانتنەکایەوەی دیموکراسی لیبراڵ لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبی و ئیسلامیدا هێشتا ئەگەرێکی دوورە و نایەتەدی. گوتاری ئیسلامی سیاسی و ئەزموونی حوکمڕانی ئیسلامییەکان ڕوو لە شتکستە و وڵاتەکانیان دووچاری برسێتی و بێکاری و شەڕی ناوخۆیی کردۆتەوە. بەرژەوەندی هێزەکان، بارودۆخی جیۆپۆلەتیک و دابەشبوونی ناوچەکە بەسەر قەڵەمڕەویی و هەژموونی هێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، وادەکات ئەم ناوچەیە تا ماوەیەکی نادیار ئارامی و حوکمڕانی باش بەخۆیەوە نەبینێ و شاڵاوی کۆچی موسڵمانانی هەڵاتووی شەڕ و ستەمی ڕۆژهەڵاتیش بەرەو ڕۆژاوا بەردەوام دەبێت. [1]