ناونیشانی بابەت: ڕەخنە و ئەدەبی منداڵان بەشی دووەم
ناوی نووسەر: #عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی#
پێویستە ئەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن بەتایبەتی کەسانی گەورە، گرنگی زۆر بدەن بە هونەر و تەکنیکی نووسین و ڕەچاوی ڕێزمان و زمانەوانی بکەن و بەها گرنگەکان فەرامۆش نەکەن، هەوڵبدەن خەیاڵ لە نووسینەکاندا بەکاربێنن و نووسینەکانیش بۆ منداڵی ئەم سەردەمە بن، باسی تەکنەلۆژیا و ئەو ئامێر و تەکنیکە تازانە بکەن کە منداڵی ئێستا بەکاریان دێنن، بەڵام وەکو پێویست سوود و زیانەکانی نازانن و تێکەڵیان کردووە. نووسین بۆ منداڵ واتا ئێمەی گەورە دەبینەوە بە منداڵ و ئەو بەهرەیەی هەمانە لە نووسیندا وەک گەورە لە دیدی منداڵەوە دەبێت بیان نووسین، هەڵبژاردنی بابەت، ناونیشانی بابەت، وشەکان، ئەو وێنە خەیاڵییانەی بە وشە درووستیان دەکەین، مۆسیقای ناوەوەی شیعرەکە، ئەمانە هەموویان کەرەستەی بنیاتنانن و نابێت هەرگیز فەرامۆش بکرێن، نابێت بە کارێکی ئاسان و سوک تەماشا بکرێن، چونکە بیرمان نەچێت بۆ کەسانێک دەنووسرێن جیهانێکی تایبەت و جوانیان هەیە و سبەینێ دەبنە سەرکردە و پزیشک و مامۆستا و ئەندازیار و پارێزەر و نووسەر و کەسانی سوودمەند کە خزمەت بە خۆیان و نیشتمانەکەیان دەکەن. ئەو وشە و وێنە و بابەتانەی ئاڕاستەیان دەکرێت لایان تۆمار دەبێت و بیرچوونەوەیان کارێکی ئاسان نییە.
$ڕۆیشت پەڕتووکێکی هێنا$
زۆر جار وشەیەک یان وێنەیەک بۆ چیرۆک یان شیعرەکان درووست کراون ئەگەر نەشیاو بن کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵ درووست دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی نەتوانن بەئارامی تەنانەت بشخەون یان یاری بکەن. جارێکیان لەیەکێک لە پەڕتووکخانەکانی ناو شاری سلێمانی لەگەڵ خاوەنەکەی باسی بەرهەمی تایبەت بە منداڵان و تایبەتمەندییەکانم بۆ کرد، لە کاتی وتووێژکردنماندا هەستا و ڕۆیشت پەڕتووکێکی هێنا و وتی زۆر ڕاستە مامۆستا ئەوەی کە تۆ دەیڵێیت من بە کردار بینیومە لێرەدا بابۆت باس بکەم. وتی ئەم پەڕتووکە چەند ساڵێک پێش ئێستا کوڕەکەم بردی بیخوێنێتەوە ئەو کاتە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی بوو، ئێستا پۆلی 12ی ئامادەییە لەم ڕۆژانەدا وتی بابە کاتی خۆی ئەم پەڕتووکەم خوێندەوە تا ماوەیەک نە دەمتوانی وەکو پێویست بخەوم چونکە وێنەیەکی تێدا بوو ترسێکی زۆری خستبووە دڵمەوە، نەشمدەوێرا لای کەستان باسی بکەم، وردە وردە دانم بەخۆمدا گرت تا لەبیرم چووەوە، ئێستاش کە ئەو پەڕتووکە دەبینم تەزوویەک بە گیانمدا دێت. وێنەیەک ئەو ترسە درووست بکات، ئەی دەبێت وشەیەک، دێڕێک، شیعرێک، چیرۆکێک دەبێت چی لە منداڵ بکات لەڕووی دەروونییەوە ئەگەر شیاو نەبێت، یان ترس و دوودڵی لای منداڵ درووست بکات. بۆیە دەبێت بەوریاییەوە بنووسرێت و ئەو وێناناش کە بۆ چیرۆک و شیعرەکان درووست دەکرێت لە پەڕتووک و گۆڤارەکاندا شیاو بن.
$پەپولەی زەردەخەنە$
ئەگەر سەرنج بدەین لەو پەڕتووکانەی کە بەتایبەتی نووسەرەکانیان بۆ منداڵانیان نووسیوە و لێیان نووسیوە بۆ منداڵان هەندێک ناونیشانی شیعر و چیرۆک دەبینین منداڵ هەر لە ناونیشانەکەیەوە ترس و دوودڵی باڵی بەسەردا دەکێشێت. کە خۆی دەبێت ناونیشانەکان بە جۆرێک بن سەرنجڕاکێش بن و منداڵ لەگەڵ بینین و خوێندنەوەی پەپولەی زەردەخەنە بەسەر لێوەکانییەوە بنیشێتەوە و بە پەرۆشەوە بکەوێتە خوێندنەوەی تەواوی چیرۆک یان شیعرەکە. ئێمە ئەو نمونانە باس دەکەین تەنیا مەبەستمان خستنەڕووی ئەو ڕاستییانەیە کە پێوستە بوترێن و ئاگاداریان بین. ئاشکرایە نووسین بەرپرسیارێتییە بەگشتی و بۆ منداڵان بەتایبەتی، چونکە نووسین تەنیا وشە ڕیزکردن نییە، بە کێش و سەروا بۆ شیعر و نووسینی چیرۆک، بەو ئاسانییەش نییە کە زۆر کەس باسی دەکەن، چونکە نووسەری بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەبێت لە چەند لایەنێکەوە ئاگاداری ئەو نووسینە بێت کە بۆ منداڵی دەنووسێت و دەیخاتە پەڕتووکخانەی منداڵانەوە، وەک لایەنی تەکنیک و شێوازی شیعر یان چیرۆک، لایەنی زمانەوانی و گرنگیدان بە فەرهەنگی منداڵان، لایەنی دەروونی زۆر گرنگە و ئەگەر بەوریاییەوە ئاگاداری نەبین کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ درووست دەکات، لایەنی زانیاری درووست کە زۆرجار دەبینین پێدانی زانیاری نادرووست منداڵ دەخاتە دووڕیانێکەوە کە نەزانێ چی بکات، چێژ بەخشین و ئاسودەکردنی منداڵ و کۆتاییەکی خۆشی بەخش و پانتاییەکی باشی خەیاڵ، کە ئەمانەی باسمان کردن. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی نووسین بۆ منداڵانن. لێرەدا چەند نموونەیەک باس دەکەم کە پێویستە بەو شێوەیە بۆ منداڵان بنووسرێت چونکە بەڕوونی تایبەتمەندییەکانی لەخۆ گرتووە و منداڵ حەز بەخوێندنەوەیان دەکات. وەک شیعر ئەم چەند شیعرە جوان و ناسکە دەخەمەڕو هەر لە ناونیشانەکەیەوە تا کۆتایی بەرگێکی ڕەنگاڵەیی ناسکی چیرۆک ئامێز و مۆسیقی پۆشیوە و بە ئاشکرا لە جیهانێکی تایبەتی خەیاڵدا بە وشەکانی یاری لەگەڵ هەستی منداڵاندا دەکات.
$زێوەری شاعیر لەم شیعرەدا کە زۆر دەمێکە نووسراوە بە ناوی (تۆپتۆپێن) دەڵێت:$
ئەی تۆپەکە! فتبۆڵەکە!
من دێم، لەدەستم ڕامەکە
تۆ، تۆپی یاریکردنی
وەک کولەکەی ڕۆحی منی
وەختێ کە چوویتە ئاسمان
بانگ کە لەگەڵ من یەک زوبان
خۆشبێت وەتەن، خۆشبێت وەتەن
بەرز بێت وەتەن، بە عیلم و فەن
$گۆرانیش لەم شیعرەدا بەناوی (بەرخۆلە)دا دەڵێت:$
ئەی بەرخۆلەکە
نەرمونۆڵەکە
سپی و خرپنی
وەک کولووی لۆکە
$بێکەس لەم شیعرەدا بەناوی (یاری کە ڕاکە پێکەنە)دا دەڵێت:$
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
جلی بێکاری داکەنە
دەماری سستی هەڵکەنە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
$مامۆستا ع.ع شەونم لەم شیعرەدا بە ناوی (خل خل) دەڵێت:$
خل خل ڕۆڵەی بچکۆلانە
دێیت و ئەچی وەک دیلانە
بۆ شکان و بۆ دەسکاری
وریا و زیتی دانی ماری
لای تۆ جیهان ﮪەر یاری یە
دنیا، دنیای لاساری یە
شت هەڵ ئەگری، دائەنەوی
گورج هەڵ ئەسی، تەپ ئەکەوی
سووڕانەوەت تا ئێوارە
وەکو گەشتی شارە و شارە
کاکەی فەلاح لە شیعرێکدا بەناوی (چۆلەکە) دەڵێت:
چۆلەکەی سەر گوێسوانە
چەن بچکۆلە و چەن جوانە
چەن دڵگیر و ئێسک سووک
پووش هەڵدەگرێ بە دەنووک
$یان لەتیف هەڵمەت لەم شیعردا بە ناوی (پرسیار)دەڵێت:
شالا لە ﮪەوری پرسی:$
هەورەکە بۆ کوێ دەچی؟
وتی: بەرەو ئەو دوندە
ئاو دەبەم بۆ ئەو گوندە
شالا گووتی:هاوڕێکەم
منیش تکات لێدەکەم
بەم خاکەشدا ببارێ
ئاو بدە هەموو دارێ
ﮪەر لەو ڕۆژەوە باران
بوو بە هاوڕێی منداڵان
$کاک ئەمین محەمەد لە شیعرێکدا بە ناوی (ماڵی باران) دەڵێت:$
ئێوەش وەرن مناڵان
دەچین بۆ ماڵی باران
بەفر و باران و تەرزە
ماڵیان لە شوێنی بەرزە
$کاک ئاکۆ محەمە سابیر لە شیعرێکدا بە ناوی(میوان) دەڵێت:$
پشە جوانەکەی کۆڵان
وەرە بۆ ماڵی خۆمان
ئەوە میاو میاوی چیتە
دەزانم زۆر برسیتە
دایکم چێشتی لێناوە
بەشی تۆشم داناوە
ئای چەند نەشمیلە و جوانی
بچوکترین میوانی
$مامۆستا دیار هەڵەبجەیی لە شیعری (هەنار) دا بۆ منداڵان دەڵێت:$
هەناری ترش و شیرین
لێو بەخەندە و پێکەنین
هاوڕێی سێو و پرتەقاڵ
خۆشەویستی لای منداڵ
$کاک ساڵح بێچار لەم شیعرەدا بەناوی (شلیک)دەڵێت:$
میوەیەکە یەکجار خۆش
حەزمان لێیە من و تۆش
زۆر بەتام و ئاودارە
میوەی وەرزی بەﮪارە
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون دڵنیام شیعری تریشمان هەیە کە وەکو ئەمانە بن.
سەرچاوە:
1- دیوانی بێکەس...محەمەدی مەلا کەریم...ساڵی 1980.
2- پەپوولەکان..کۆی شیعری منداڵان و ئۆپەرێتەکانی کاکەی فەلاح..ئامادەکردن و کۆکردنەوەی: ڕووناک کاکەی فەلاح..
3- دیوانی زێوەر..ساڵی 2009. کۆکردنەوەی مەحمود زێوەر.
4- دیوانی گۆران.
5- ماڵی باران..ئەمین محەمەد شیعر بۆ منداڵان..ساڵی 2010.
6- دنیای مۆسیقا...کۆمەڵێک گۆرانی و مۆزیکی منداڵان...سالار عەبدوڵڵا...ساڵی 2008. 7
7- دیوانی منداڵان...لەتیف هەڵمەت...شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان..2013.
8- گۆڤاری پەپولە ژمارە 295 ساڵی 2022.
9- ئەدەبی منداڵانی کورد..لێکۆڵینەوە...مێژووی سەرهەڵدان...نووسینی:حەمەکەریم هەورامی..ساڵی 2005.
[1]