$کوردستان و کورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسیدا 02$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
$پێگەی کورد لە بانگەشەی عەباسییەکان بۆ دەسەڵات$
بانگەشەی عەباسییەکان بۆ دەسەڵات و گۆڕینی بانگەشەکەیان بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی بە ڕووکارێکی ئایینی، بۆ (ئیبراهیم کوڕی محەمەد) دەگەڕێتەوە. ئەو کەسایەتییەی بانگەشەکانی لە بازنەیەکی سنووردارەوە فراوان کرد و سنووری بەشێک لە خێڵ و هۆز و تیرە و بنەماڵەکانی نێو دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویی بڕی. بەوەش بانگەشەی گەیشتە زۆرینەی ناوچە و هەرێمەکانی خۆرهەڵاتی دەوڵەتەکە.
هۆیەکەش ئەوە بوو کە ناوبراو زیاتر متمانەی بە ناوچە و هەرێمەکانی خۆرهەڵات هەبوو، تا خۆراوا. ڕووداوەکەش کاردانەوەی بەرپرسانی دەوڵەتی لێ کەوتەوە و لەلایەن هێزەکانی ئاساییشی ئومەوییەوە دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی شاری (کووفە) کرا. بەوەش (ئیبراهیم کوڕی محەمەد) یەکەمین ئەندامی بنەماڵەی عەباسی بوو لەسەر بیرکردنەوە و ڕاکانی و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی و بانگەشەکردن بۆ بنەماڵەکەیان، خرایە زیندانەوە و سزا درا.
زیندانیکردنیشی دەنگی ناڕەزایی لایەنگرانی بەرز کردەوە، بەتایبەت ئەوانەی نەیاری بنەماڵە و دەوڵەتەکە بوون. ئەوەش سەرانی دەوڵەتەکەی ناچار کرد، بیر لە ئازادکردنی بکەنەوە. بەر لەوەیش ئازاد بێت، دەنگی ناڕەزایی و پشتیوانی بۆ بنەماڵەی عەباسی لەنێو چەندین خێڵ و هۆز و تیرە و بنەماڵەی عەرەبی، بڵاو بووەوە. تەنانەت گەیشتە کوردەکان و ئەو پێکهاتە ناعەرەبانەی بە (مەوالی) ناسرابوون و وەک هاووڵاتیی پلە دوو سەیر دەکران.
دیارە هەمووشیان چاوەڕوانی ئەوە بوون، فریادڕەسێک لەو دۆخە ڕزگاریان بکات و بە ئاسوودەییان بگەیەنێت، ئیتر گرنگ نەبوو، ئەو فریادڕەسە کێیە و چۆنە و چی دەوێت؟ گرنگ ئەوە بوو لە ستەم و چەوسانەوەی بنەماڵە و والی و خەلیفەکانی ئومەوی ڕزگاریان بکات و لە کێشە و شەڕی بێ ئەنجام دووریان بخاتەوە. لەنێو ئەو دۆخەشدا بنەماڵەی عەباسییەکان، تاکە بنەماڵە بوون، بە ناو و هێزێکی نوێوە بێنە مەیدان و دووچاری شکست نەبوون.
بەتایبەت، کە ئەوان بنەماڵەی مامی پەیامبەری ئیسلام بوون و بە بێدەنگی و دوور لە شەڕی چەکداری و بە بانگەوازی ئایینی لە دژی بنەماڵەی ئومەوییەکان و دەوڵەتەکەیان وەستان. هەر بۆیە لەپێناو ڕزگاربوون لەو دۆخە و نزیکایەتی و هاوسۆزیی ئەم بنەماڵەیەش بۆ پەیامبەری ئایینی ئیسلام (د.خ)، کوردە موسڵمانەکانی هان دا پشتیوانییان لێ بکەن.
ئەوانەیشی موسڵمان نەبوون هەر پشتیوانییان کرد، چونکە ئەوانیش لە دەست ئومەوییەکان کەمیان نەچەشتبوو. لەو کارەشدا بێ ئامانج نەبوون، بەڵکوو دەیانویست بەو پشتیوانی و هاوکاریکردنە لەلایەک لە ستەم و چەوساندنەوەی بەرپرس و خەلیفەکانی ئومەوی ڕزگاریان بێت، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەو (دوو) بنەماڵەیەوە بە شتێک بگەن.
لێرەوە کاتێک (ئیبراهیم کوڕی محەمەد) ئازاد کرا و دەستی بە بانگەشەکانی کرد، کەسایەتییەکی کورد بەن اوی (ئەبووموسلیمی خۆراسانی)ش لە زیندانی شاری (کووفە) ئازاد کرابوو و بانگەشەی بۆ سەرخستنی بنەماڵەی عەباسی ئەکرد. هەموو ئەوانەش وای لە کوردەکان کرد، وەک پێکهاتەکانی دیکەی دەوڵەتەکە و بەتایبەت ئەوانەی کەوتبوونە ویلایەت و ناوچە دوورەکان، لە مەڵبەند و پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی لە شاری (دیمەشق)، وەک ویلایەتەکانی خۆرهەڵانی ئێڕاق و خۆراسان و ئەودیوی ڕووبار، بچنە پاڵ بانگەشەکارانی بنەماڵەی عەباسی، کە لە بزووتنەوەیەکی سیاسدا کۆ بووبوونەوە.
ئەو هەوڵانەش کاتێک بە ئەنجام گەیشتن کە (ئیبراهیم کوڕی محەمەد) متمانە و پشتیوانیی هەرێمەکانی خۆراسان و ئەودیوی ڕووباری بەدەست هێنا. بەمەش بە هەوڵی لایەنگران و دڵسۆزانی بنەماڵەی عەباسی، کە هەر یەکەیان بەهۆیەک لە هۆیەکان پەیوەندییان بەو بنەماڵەیەوە کردبوو و پشتیوانییان بۆ دەربڕیبوون، بانگەشەی عەباسییەکان کەوتە نێوناوان و بەنێو کوردەکانی هەرێمی خۆراسان و هەرێمی چیا و ئازەربایجان و ئێڕاقدا بڵاو بووەوە.
ئەو ڕووداوانەش لەکاتێکدا بوون، کە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بەهۆی هاتنە سەر کاری چەند کەسایەتییەکی بێ ئەزموون و دوور لە ئایینی ئیسلام بەرەو لاوازی چووبوون، لەوانە (وەلیدی کوڕی یەزید/125-126ک/ 743-744ز) و (یەزیدی کوڕی وەلید/ 126ک/744ز)و (ئیبراهیمی کوڕی وەلید/ 126ک/744ز)، کە بە خەلیفە بەرباد و مەیخۆر و بەدەڕەوشتەکان ناسرابوون. لەکاتێکدا دەبوا خەلیفەی موسڵمانان، پابەندی تەواوی ئایینی ئیسلام و فەرموودەکانی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و بنەما شەرعییەکان بێت، نەوەک بەپێچەوانەوەی ئەرک و بنەما و یاساکانی ئیسلام ڕەفتار بکات.
هەر بۆیە کاتێک (مەروانی کوڕی محەمەد/ 126-132ک/744 -750ز) وەک دوایەمین خەلیفەی ئومەوی گەیشتە دەسەڵات، نە کاتی ئەوە ما پاساو بۆ خراپی و بەدکاریی خەلیفەکانی پێش خۆی بهێنێتەوە، نە توانای ئەوەشی ما بنەماڵەکەی لە مەترسیی لەناوچوون ڕزگار بکات. هەر بۆیە نەیتوانی بەر لە سەرکەوتنە یەک لە دوا یەکەکانی بانگەشە و بزووتنەوەی عەباسییەکان بگرێت و لێیان بدات، تا دواجار بە دەستی ئەوان، کۆتایی بە ژیانی خۆی و دەوڵەتەکەشی هات. [1]