#فەرید ئەسەسەرد#
لە دیداری مانگی ڕابوردووی نێوان ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ڕۆژنامەنووسانی تورک لە ئێستانبول، مەسەلەی بەکارهێنانی دەستەواژەی هەرێمی کوردستان وروژێنرا. ئەگەرچی ئێستا تورک لەچاو جاران زۆر بەڕووی بەکارهێنانی دەستەواژەکەدا کراونەتەوە بەڵام دیارە هێشتا ئاسەواری سڵکردنەوە لەبەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە هەر ماوە.
تورکیا لەم مەسەلەیەدا ئەزموونی ئێڕاق دوبارە دەکاتەوە، مێژووی سیاسیی ئێڕاق بەدرێژایی 53 ساڵ مێژووی سڵکردنەوەیە لە بەکارهێنانی وشەی کوردستان. لەکاتێکدا ئێڕاق هیچ کێشەیەکی لە بەکارهێنانی وشەی کورددا نەبووە، لەو ماوەیەدا لەهیچ دیکۆمێنتێکی فەڕمیدا وشەی کوردستانی بەکار نەهێناوە.
وەک چۆن هەموو شتێک پەرە دەسەنێ، ئەم مەسەلەیەش پەرەی سەندووە. دەستوری ساڵی 1925 نە ناوی کوردی تێدا هاتووە نە ناوی کوردستان، بەڵام دەبێ ئەوەش بووترێ کە دەستورەکە ناوی عەرەبیشی تێدا نەهاتووە. ساڵی 1958 وشەی (کورد) بۆ یەکەم جار لەمێژوی ئێڕاقدا چوە ناو دەستورەوە و لێرە بەدواوە ئەم وشەیە چەترێکی یاساییی چنگ کەوت. ساڵی 1963 #حزبی بەعس# ئامادەییی دەربڕی کە پارێزگایەک بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە لەتێکهەڵکێش کردنی هەردوو لیوای سلێمانی و هەولێر و لیوای پێشنیارکراوی دهۆک پێک بێنێ. ئەمە بەم واتایە دێ کە تا ئەو کاتە بەعس ئامادە نەبوو وشەی کوردستان بەکار بهێنێ. پاش ئەم پڕۆژەیە بەسێ ساڵ، سەرەک وەزیران عەبدولڕەحمان بەززاز سەرەڕای نیاز پاکیی و هەوڵی ڕاستگۆو بێوچانی بۆ بەئاشتییانە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، پڕۆژەیەکی پێشنیار کرد ناوەرۆکەکەی خۆدزینەوە بوو لەپێکهێنانی نیشتمانێکی نەتەوەیی لەئێڕاقدا بۆ کورد و بەکردەوەش هەوڵدان بوو بۆ خۆلادان لەبەکارهێنانی وشەی کوردستان.
سڵکردنەوە لەبەکارهێنانی وشەی کوردستان شتێکی شاراوە نەبووە، تەنانەت ئێس جەی ئیدمۆندس، کە نزیکەی 30 ساڵی تەمەنی لەئێڕاق بەسەر بردووەو لەساڵانی 1922- 1925 ڕاوێژکاری سیاسی و پشکنەری کارگێڕی بوو لە سلێمانی و کەرکووک و ماوەیەکیش باڵیۆزی بریتانیا بوو لەئێڕاقداو شارەزاییی تەواوی لەزمانی کوردی و کاروباری کورد هەبوو، لەوتارێکی ساڵی 1969یدا لەکۆمەڵەی شاهانەی ئاسیای ناوەڕاست پێشنیاری کردبوو ناوی سەلاحەددین لەبری ناوی کوردستان بۆ هەرێمی کوردنشینی ئێڕاق بەکار بهێنرێ و وای دانابوو کەئەمە چارەسەری سڵکردنەوەی بەغدا لەوشەی کوردستان دەکا، چونکە سەلاحەددین هەم لەلای کورد ڕێزو خۆشەویستیی هەیە هەم لەلای بەغدا. بەڵام ئیدمۆندس لەوە نەگەیشتبوو کەبەغدا بەوەی کەناوی سەلاحەددینی بەجاشەکان بەخشیوە و هێزێکی بەناوی سوارەی سەلاحەددینەوە لێ پێک هێناون، هیچ ڕێزێکی بۆ سەلاحەددینی تێکشێنەری خاچپەرستەکان و ڕزگارکەری قودس نەهێشتۆتەوە.
بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970 بەسەلماندنی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد، هەلومەرجێکی گونجاوی بۆ ڕەوینەوەی ترس لەبەکارهێنانی وشەی کوردستان پێک هێنا. چوار ساڵی ئاشتی ڕێ خۆشکەر بون بۆ بەفەڕمیکردنی وشەی کوردستان لەئێڕاقدا. ساڵی 1974 سەرەڕای کرچ و کاڵیی ئۆتۆنۆمییەکەی بەغدا، وشەی کوردستان پاش 53 ساڵ لەدامەزراندنی دەوڵەتی ئێڕاق چەترێکی یاسایی و دەستوریی بەدەست هێنا.
ئێرانییەکان بەبەراورد لەگەڵ ئێڕاقییەکان و تورکەکان لەمێژە واقعییانەتر سەیری مەسەلەکەیان کردووە و لەسەردەمی شاوە پارێزگایەکی وڵاتەکەیان ناو ناوە کوردستان و هەستیشیان بەوە نەکردووە کەئەم ناوە ناوێکی ترسناکە و پێویستە لەناو ببرێ.
ئێستا وشەی کوردستان لە ئێران و ئێڕاقدا هیچ مۆرکێکی ترسێنەری پێوە نەماوە. نۆرە هاتۆتە سەر ئەوانی تر کەپێویستە واقیعییانە سەیری گۆڕانکارییەکانی سەردەم بکەن.[1]