ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەنیا داهاتی مانگی 12 یەک ترلیۆن و 126 ملیار دینارە، پارەی پێویست لە بەردەستە و داهات زیادی کردووە، بەڵام حکومەت بە پاساوی جیاجیا مووچە دوادەخات و دابەشی ناکات.
#عومەر گوڵپی#، ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت: دۆسیەی نەوت قورسترین و نا شەفافترین دۆسیەیە لە هەرێم. جگە لە چوار بۆ پێنج کەس، کەسی تر نازانێت داهات و خەرجی و گرێبەستی نەوت چییە؟
وتیشی: داهاتی مانگی 12ی هەرێمی کوردستان، یەک ترلیۆن و 126 ملیار دینارە، بە هەردوو داهاتی نەوتی و ناوخۆوە. لەو بڕەش کە مووچە و خەرجییە گشتییەکانی پێبکرێت 126 ملیار دیناری زیادەش دەمێنێتەوە، ئیتر حکومەت بە چ هۆکارێک دابەشکردنی مووچە دوادەخات.
عومەر گوڵپی وتیشی: تا پێش کۆتایی هاتنی تەمەنی یاسایی پەڕڵەمانی کوردستان پرسیارم دەکرد لە حکومەت ڕسوماتی ساڵانی ڕابردوو چەند بووە هیچ زانیارییەکی نەدەدا تەنیا یەک وەزارەت ڕاستگۆیانە داهاتی بۆ ناردوم بۆ ساڵی 2020 بە تەنیا ئەو وەزارەتە لە یەک ساڵدا 100 ملیار دینار داهاتی هەبووە، وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و ئەوانی تر نادیار بووە، بۆیە بەپێی ئەو زانیارییە هەمە ڕەنگانەی کۆمکردونەتەوە گەیشتومەتە ئەو دەرەنجامەی کە داهاتی ڕسومات مانگانە 200 ملیار دینارە و هەندێک مانگ زیاترە بە تایبەت ئەم سێ مانگەی ڕابردوو. [1]