د. کاظم حبيب
ئەگەر سەیری هەڵوێست و تێڕوانینی حزب و هێزە سیاسییەکانی ئێراق بکەین سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد، جیاوازییەکی زۆری تێدا بەدی دەکەین. هەندێک لەو حزبانە پێیانوایە هەر مافێک کە گەلی کورد وەری گرتبێت یان بە خەباتی سەرسەختی خۆی بەدەستی هێنابێت، ئەوا منەتێکە یان خێرێکە کە حکومەتی فیدرال یان پێشتریش حکومەتی ناوەندیی ئێراق بە کوردی دابێت، هەندێکی دیکەش لەو حزب و هێزانە بە ئۆتۆنۆمی ڕازی بوون لەژێر کاریگەریییی چەند فاکتەرێکی فشارئامێز یان هەڕەشەدار کە دەبووە هۆی ڕووخان یان لەناوچوون، بەڵام زۆری نەخایاند، ناوەرۆکی بنەڕەتیی ئۆتۆنۆمییەکەی بەلایەکی دیکەدا برد کاتێ کە ئامادەباشیی سەربازیی ئەنجامداو دواجار لە 1974-1975 شەڕی بەسەر گەلی کورددا سەپاند، دواتریش تاڵاوی جینۆساییدی ساڵانی 1987 و 1988مان چەشت کە بەهۆیەوە 182000 مرۆڤی کورد بوونە قوربانی ئەو تاوانە، هەندێکی دیکەش لەو هێز و حزبە سیاسییانە دانیان بە ئەمری واقیعدا نا، کاتێ کورد لە 1991 - 1992و لەسەردەمی حوکمی بەعس فیدراڵییەتی کوردستانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق ڕاگەیاند، ئەو فیدراڵییەتەی لەڕێی پەڕڵەمانی کوردستانەوە لە دەستووری هەرێمی کوردستان چەسپا، دواتریش لە دەستووری ساڵی 2005ی ئێراق بڕیار لەسەر ئەم فیدراڵییەتە درا، بەڵام ئەو هێزو حزبانەی کە پێشتر باوەڕیان بە ئەمری واقیع هێنابوو، دەبینین دوای ڕووخانی دکتاتۆریەتی بەعس لە 2003 ئیدی بڕوایان بە مافی گەلی کورد نەما لە دیاریکردنی مافی چارەنووس، بەڵکوو ئەم مافەیان بە بەرزترین ئاست لەقەڵەم دا کە نابێ گەلی کورد لەمە زیاتر داوابکات، بەڵکوو بە بڕوای تەواوی خۆیانەوە کار دەکەن و بەپیلانی پێشوەختە بە مەبەستی لاوازکردن بەهەر شێوەیەک بێت بۆ ئەوەی کورد نەگاتە ئەو ئاستە بەرزە، لێرەدا دەمارگیرانی نەتەوەپەرستیی عەرەب و تایفەگەرانی عەرەبی سوننەو شیعە یەکیان گرتەوە تاکو سیاسەتی دژایەتی کردنی کورد پیادە بکەن سەرباری ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوانیاندا هەبوو.
بەڵام هەندێ هێزو حزبی سیاسی هەن هەر لە سەرەتاوە دانیان نابوو بە پرەنسیبی مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی مافی نەتەوەو گەلاندا کە لە ئێراق دەژیین، دیارە بەپێی هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتیش مافی چارەنووسین لەلایەن خودی گەلەوە پیادە دەکرێت کە خۆی داوای پیادەکردنی دەکات و پێویستی بە ڕەزامەندیی گەلانی دیکە ناکات، لەلایەکی دیکەوە مافی ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی یان کۆنفدرالی لەنێو دەوڵەتێکی دیاریکراودا بەو گەلە دەدات یان تەنانەت ئەگەر داوای جیابوونەوە لە دەوڵەتی ئێراق بکەن و دەوڵەتێکی سەربەخۆی نیشتمانی بۆخۆیان دابمەزرێنن.
حزبە نەتەوەییە عەرەبییەکان بە هەموو ناوە سیاسییەکانیانەوە (نەتەوەیی، ناسری، بەعسی) هەر لەسەرەتاوە ڕەتیانکردەوە کە دان بنێن بە ئازادیی پیادەکردنی ئەو مافە، بەڵام هەندێکیان ناچاربوون کەمترین ئاست پەسندبکەن کە بریتی بوو لە خۆبەڕێوەبردن کە عەبدولڕەحمان بەزاز لە ساڵی 1966و لە سەردەمی حوکمڕانیی عەبدولڕەحمان عارف و یەکێتیی عەرەبی سۆشیالیست خستییە ڕوو، یان ئۆتۆنۆمی کە #حزبی بەعس# و سەدام حسێن لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970دا هەوڵی چەسپاندنی دا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لەباری برد دواتر بە کردەنی لە شەڕێکدا و لە هەوڵێکی شکستخواردوودا بۆ تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانیی سەرکردەی شۆڕش زیاتر هەوڵی دا مەرامی گڵاوی خۆی بەدی بێنێت، دواتریش لە میانی مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی خیانەتکاریی جەزائیر لە ساڵی 1975دا.
هەموو حزبە سیاسییە ئیسلامییەکان بەبێ جیاوازی، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە دان نانێن بە ئازادیی مافی چارەنووسین کە لەگەڵ شارستانیی سەدەی بیست و یەک ناگونجێت، ئەوان پێیانوایە کە هەموو موسڵمانان یەک نەتەوەی ئیسلامی پێکدێنن و لەلایەن والییەک یان خەلیفەیەک یان سوڵتانێک یان هەر ناوێکی دیکەوە حوکمڕانی بکرێت.
حزبی شیوعیی ئێراقی و هەندێ هێزو کەسایەتیی چەپی دیکەی ئێراق لە ڕابردوودا تاکە هێزبوون کە هەر لەسەرەتاوە دانیان نا بە مافی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ کورد، ئەو هێزانە لەئێستاشدا هەر لەسەر ئەم هەڵوێستەن، لەکاتێکدا کە حزبی شیوعیی ئێراقی لە ساڵی 1935 و لە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کفاح الشعب) دا داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە، بەڵام باسی لە دیاریکردنی مافی چارەنووس نەکردووە، مەگەر لە ساڵی 1953دا دواتر لە دووەم کۆنفرانسی حزبدا لە 1956 بە فراوانی باسی لێوەکردووە، مامۆستا عەزیز شەریف ئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتیی جیهانی و دۆستی دێرینی کورد لە نامیلکەیەکدا بە ناوی (المسألة الکردیة في العراق) کە لە ساڵی 1950 بڵاوی کردەوە، بەم شێوەیە دەنووسێت:
( (ئازادیی دیاریکردنی چارەنووس، ئازادیی گەل دەگرێتەوە کە ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرێت کە خۆی پێی قایلە جا چ جیابوونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت یان فیدراڵییەت هەڵبژێرێت، لەبەر ئەوە ئازادیی دیاریکردنی چارەنووس مەرجێکی بنەڕەتییە تاکو فیدراڵییەت ئارەزوومەندانە بێت) ) . لێرەدا عەزیز شەریف مکوڕە کە سازشکردن لەسەر ئازادیی هەڵبژاردن لەنێوان فیدراڵییەت و سەربەخۆیی ڕەت دەکاتەوە.
ئەمانە هەڵوێستی جیاوازن کە هێز و حزبە سیاسییەکانی غەیرە کورد دەیگرنەبەر، بەڵام حزبە کوردییەکان لە ڕووی پرەنسیبەوە هەموویان جەخت دەکەنەوە لەوەی کە مافیان هەیە چارەنووسیان دیاربکەن.
گەلی کورد خەباتێکی سەختی بەردەوامی کردووە لەوەتەی لکاندنی ولایەتی موسڵ بە دەوڵەتی پاشانشینی ئێراقیەوە لە ساڵی 1926 ئەو کاتە هەرێمی باشووری کوردستانیشی پێوە لکێنرا، کە ئەمڕۆ بە هەرێمی کوردستانی ئێراق ناودەبرێت، هەروەها چەندین هەرێمی دیکەی کوردستانی هەن بە تورکیاو ئێران و سووریاوە لکێنراون، کە بە هەموویان کوردستانی گەورە پێکدێنن و نەتەوەی کوردیش لەو هەرێمانەدا لەگەڵ نەتەوەگەلی دیکەدا دەژیین، مەبەستمان لەو پێشەکییە چڕە بۆ ئەوەیە کە چەند دەرئەنجامێکی بنەڕەتی بخەینەڕوو کە پەیوەستن بە ئازادیی مافی گەلی کورد بە دیاریکردنی چارەنووس کە پێویستە بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرابێت:
1. پرەنسیبی مافی چارەنووسینی هەر میللەتێک مافێکی چەسپاو و ڕەهایە لەگەڵ یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی مافی مرۆڤ و نەتەوەکان یەکدەگرێتەوە، ناشکرێ گومانمان لێی هەبێت یان بەهەر بیانوویەک بێت پشتگوێ بخرێت یان لاواز بکرێت کە ئەمە مافی گەلی کوردیش لە ئێراق دەگرێتەوە.
2. پیادەکردنی ئەم مافە بە شێوەیەکی پراکتیکانە دەکەوێتە ژێرباری هەلومەرجی گەلی کورد و ئامادەباشیی پێداویستییەکانی پیادەکردنی هەر شێوەیەک لە شێوەکانی هەر لە فیدراڵییەتی ئارەزوومەندانە تا دەگاتە خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی و کۆنفدرالییەت لە کۆتاییشدا جیابوونەوەی تەواوو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
3. پیادەکردنی ئەم مافە پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی نەتەوەکانی دیکە نییە کە لە ئێراقدا لەگەڵ گەلی کورد دەژیین، بەڵکوو ئەوە تەنیا مافی خودی کوردە.
4. کاتێ سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی و ژیان و دامەزراوەگەلی دەستووری و یەکسانیی بەکردەوە و شەراکەتی ڕاستەقینە بۆ گەلانی دانیشتووی ئێراق دابین دەکرێت، ئەوکاتە بە واقیعی پراکتیکانە ئارەزووی جیابوونەوە دەرناکەوێت، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە، کاتێ دیکتاتۆریەت دێتەئاراوەو و یەکسانی و شەراکەتی ڕاستەقینە لە وڵاتدا نامێنێت و دەسەڵات و ئەرکەکان بزر دەبن.
5. لەو چوارچێوەیەدا سەرکردەکانی کورد پێویستیان بەوە نابێت کە ناوبەناو حەزی جودابوونەوە ڕابگەیەنن، کاتێ ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی فیدرال و هەرێمی کوردستان زیاتر ئاڵۆز دەبن، چونکە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی یان دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی سەربەخۆ مافێکی چەسپاوە لە مافەکانی گەلی کورد، بەکارهێنانی ئەو مافەش تەنیا بۆخۆی دەگەڕێتەوە نەک بۆ کەس و لایەنی دیکە، بۆیە پێویستە کورد هەلومەرج و پێداویستییەکانی ڕاگەیاندنی ئاشکرا بکات، چونکە دووبارە قسەکردن لەسەر سەربەخۆبوون یان دەوڵەتی نیشتمانیی سەربەخۆ بەبێ پیادەکردنی ئەم مافە بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانی ڕاگەیاندنی، هەستی متمانە لاوازدەکات و گومان دەخاتە سەر پیادەکردنی ئەو مافە.
6. شتێکی نامۆ نییە کە ناکۆکی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدرال و هەرێمی کوردستان سەرهەڵبدات لە بەر نەبوونی یاساگەلێک کە پێوەندییەکانیان ڕێک بخات لەلایەک، هەروەها نەبوونی بێلایەنی و سەربەخۆیی لەنێوان دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی جێبەجێکاری لە ئێراق لەلایەکی دیکەوە، هاوکات لاوازیی توند و دواکەوتنی هزری و سیاسیی زۆربەی ئەندامانی پەڕڵەمانی ئێراق و دەستەوەستان بوونیان لەهەمبەر پیادەکردنی ئەرکەکانی ئەنجوومەنەکە بەهۆی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و تەگەرەخستنە بەر بەدیهێنانی ئەرکەکانی ئەو ئەنجوومەنە، پێچەوانەکەشی ڕاستە، دواتر سەرکردەی سیاسی پێویستی بە قسەکردن نییە دەربارەی جیابوونەوە، چونکە دەکرێ گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕووبدات کە چارەسەری ئەم کێشانە بێنێتەئاراوە بە شێوەیەک کە هەردوولا پێی ڕازی بن.
7. دووبارە قسەکردن لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی سەربەخۆ دەبێتە مایەی سوودلێوەرگرتنی لەلایەن هەندێ هێزی نێگەتیڤ و خراپەکاری نێو حکومەتی فیدرال، کە دەیانەوێت بارگرانیی هەڵەکان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەمەش هەستی عەرەب دژی کورد دەورووژێنن، لەکاتێکدا کە سەدام حسێن نەیتوانی ئەم مەرامە نەگریسە بێنێتەدی بۆ تێکدانی تەبایی نێوان هەردوو گەلی عەرەب و کورد لە ئێراقدا، بۆیە زۆرجار سەرۆکی حکومەتی فیدرال هەوڵدەدات لایەنی کوردی بورووژێنێت تاکو بە لێدوانەکانی چەند هێزێک دژی کورد تەیار بکات.
8. دۆستایەتیی ڕاستەقینەو هۆشیارانەی گەلی کورد وا دەخوازێت کە چەند سەرنجێک دەربارەی سیاسەتی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و ڕوون و ئاشکرا بخرێنە ڕوو، کە من پێم وایە، لەم لایەنەوە پێویست بە چاوخشاندنەوە و وردبینی دەکات کە ئەمەش دەرفەت بە دەمارگیرانی عەرەبی نێو حکومەتی فیدرال یان هێزی دیکەی نەیاری کورد نادات، کە لە ڕوانگەی نەتەوەپەرستی و تایفییەوە دوژمنایەتیی عەرەب بەرانبەر بە کورد بوروژێنن.[1]