$ئێراقی ئیشارەت یان ئێراقی عیبارەت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لای مەزهەبی شیعە و بەشێکی زۆر لە فیرقەکانی ئەهلی تەسەوف وێژەیەکی بڵاو هەیە بەوەی مەناقیبی عیرفانی ئیشارەتیین نەوەک عیبارەتیی بن، بەو مانایەی کەسی ساڵێک زیاتر دەبێت بەشوێن مەڕجەع و ئیشاراتی شێخ و ئوستازەکەیەوە بێت وەک لە عیبارەتەکانی. جا پێهەڵخلیسکانی زۆربەیان لەوێدا دەبێت کە هەر لەو ئیشارەتەدا دەمێننەوە و چاویان ئەو ئامانجە نابینێت کە کەسی موشیر کەسێک ئیشارەت دەکات هێمای بۆ دەکات و دەکەونە پەرستنی ئیشارەتەکە نەک ئەو ئامانجەی ئیشارەتی بۆ کراوە
. مەنسووری حەللاج زۆر دەقیق ئەم باسە لە چوارینەیەکدا وێنا دەکات:
کام زوییە هەیە کە تۆی تیا نەبی//وا لەئاسمانا بەدووتا وێڵن
هەربەئاشکرا سەیری تۆ ئەکەن//بەڵام ناتبینن هەموویان کوێرن
وَأَيُّ الأَرضِ تَخلو مِنکَ حَتّى//تَعالَوا يَطلُبونَکَ في السَماءِ
تَرىاهُم يُنظُرونَ إِلَيکَ جَهراً//وَهُم لا يُبصِرونَ مِنَ العَماءِ
وەک ئەوەی کەسێک بە پەنجەی شایەتومانی دەیەوێت مانگ بە ئێمە نیشان بدات ئێمە لەبری تەماشکردنی مانگ و تێفکریین لێی لە پەنجەیدا دەمێنینەوەو ڕوومان بۆ مانگ وەرناچەرخێنین، ئیدی لەبری مانگ دەکەوینە هۆنینەوەی شیعر و شانامە بەسەر ئەو پەنجەیەدا. یەکەمین هەنگاوێک کە مورشیدی تەریقەت پێویستە بە ساڵێکەکەی بدات وەرچەرخاندنی ڕوویە لە پەنجەی خۆیەوە بۆ ئامانجەکە کە مانگە.
تەواوی ئەو ژیانەی کە ئەمڕۆ بە ئێمە گەیشتووە و ئێمەی بەتەواوی شەکەتکردووە ژیانێکی ئیشارەتیی بێ ئامانج و بێ ناوەرۆکە. لە دیندارییمان بۆ سیاسەت، لەدۆخی کۆمەڵایەتیمان بۆ دۆخە شڵەژاو و ناسەقامگیرییەکەی ئابووریی، لە حیزبایەتیی بۆ خێزانداری هەمووی تێکەڵەیەکە لە ئیشارەتێکی ناتەندرووستی کە نەک هەر حەزی لێیە لە پەنجەکەدا بمێنێتەوە، دەشیلێسێتەوە، لەکاتێکدا ژیانی ڕۆژانەو پێودانگەکانی لە سیاسەت و ئابووریی ودۆخی کۆمەڵایەتیی زیاتر کۆمەڵێک عیبارەتن نەوەک ئیشارەت.
تەماشای ئەو شۆیە هەزیل و ڕەزیلە بکە کە موقتەدا سەدر شەش مانگە دەستی داوەتێ و موقەدەراتی چل ملیۆن کەس بە شەرعیەتی کەمینەیەکی تەزویر و دراو و درۆوە پایەماڵ دەکات. خەڵکێکی بێ دەرەتان و بێ مووچە و خزمەتگوزاریی کۆمەمەڵێک کەسی لەخۆیان هەژارتر هەڵیبژاردوون بۆ ئەوەی شەڕی مافەکانیان بکەن، ئاو و کارەبا و ئەمنیەتی بێمەرجیانبەیاسا بۆ دابین بکەن، بەڵام ئەوان لەبری خۆ ئامادەکردن بۆ عیباراتی بەهێز و لۆجیکیی هەریەکە و بە جۆرێک لەئیشارەتی مەلاشێخەکەیاندا بەجێما و کڕنووشی بۆ دەبردوو پەیمانی بەندایەتی بۆ نوێ دەکردەوە و بەتەنیا ئیشارەتێکی ئەو هەموو ئەو ئیعتبارەی خەڵک پێیدابوون تڕیان هەڵداو دەستیان لەکار کێشایەوە، هەربەمەش نەوەستان خۆیان بەست و خوێنیان ڕژاند. گەر دەتەوێ بزانی بۆچی ئەوە ڕویدا و بەردەوام وەک سایکڵێکی سەرەتانی دووبارە دەبێتەوە پێویستە بزانیت لەم وڵاتەدا لەبری عیبارەت ئیشارەت کاردەکات، ئیشاراتی کێش؟ سەرکەشترین و بێ پەرواترین و کەم عەقڵترین جۆری سەرکردە و مەلاشێخ و مەرجەعع و سەرکردەکان.
سی ساڵەی سیاسەت لە کوردستان درێژکراوەی هەمان ئەو ئەزموونەی تەریقەتی نەقشبەنەندیی و قادرییە، سەرەتاییترین موقەویماتی حوکمداریی و دەوڵەتداریی نابیندرێت، دەزانن بۆ؟ چونکە هێشتا لە ئیشارەتەوە بۆ عیبارەت نەمانگواستوەتەوە. ئەو ئیشارەتەشی هەیە بۆ هیچ شتێکی گەورە و بەقیمەت نییە کە نیشانمانی بدات، بەڵکوو هەموو ئامانجەکە ئەو پەنجەیە کە سەرۆک و شێخ و سەرکردە بەرزی کردۆتەوە و بەردەوام ئاڕاستەی هیچی دەکات و ئێمەش لە هیچەوە بۆ هیچێکی قەبەتر دەداتەبەر و دوات لەژێر ناونیشانی ئیشارات و حیکمەت و فیراسەتی بەهێزی سەرۆکدا دەمانخاتە هەلەکەسەما و دۆخێکی پانیکی وەها کە نەتوانین ڕادەست نەبین، گەر وانییە بە چ میتۆدێکی دیکە دەبێت بتوانین لە گەندەڵیی سی ساڵی ڕابردوو، خیانەت، شەڕی براکوژیی، ئابووریی سەربەخۆ، شکستی ڕیفراندۆم، ڕادەست بوونەوە بە داعش، ڕادەست کردنی ئزیدییەکان بە داعش و دواتریش گەڕانەوە بۆ بەغدای تەڵاقدراو و بێ ئاویی و بێ کارەبایی و هەزاران شکستی دیکە تێبگەین؟
بەگشتی سیاسەت و بەڕێوەبردن زانست و هونەرن، سەر بە دونیابینی عیبارەتن نەوەک ئیشارەت، گەر هاتوو کرانە دەستکەلای دەستی دونیابینی ئیشارەت، ئەوسا نابێت چاوەڕێ بین لەم قۆڕە تۆز هەستێت. [1]